پێویستە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە حزبەکەی خوازیاری ئەمەیە کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاری کراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەبووبەکر هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ فراکسیۆنی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند؛ ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌نجام نه‌دانی کۆبوونه‌وه‌کان په‌رله‌مان بێ پاساوه‌، له‌ناو ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌دا له‌ ماوه‌ی 36 رۆژدا په‌رله‌مانی کوردستان ته‌نها یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجام داوه‌ ئه‌گه‌ر کۆبوونه‌وه‌کانی په‌رله‌مان ده‌ستپێبکاته‌وه‌ ئه‌و هه‌موو یاداشتانه‌ی که‌ به‌ ئیمزای په‌رله‌مانتاران پێشکه‌ش به‌ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان کراوه‌ له‌سه‌ر کۆی کێشه‌کانی هاووڵاتییان، پێویسته‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ گفتوگۆ بکات و حکوومه‌تیش ئاماده‌ بێت بێته‌ نێو په‌رله‌مان.

ناوبراو راشیگه‌یاند؛ من خۆم ئاگادارم حکوومه‌ت ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی نییه‌ بێته‌ نێو په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌، هه‌روه‌ها وتی: لۆجیکی زۆرینه ‌و که‌مینه‌ به‌راستی له‌وڵاتێکدا پیاده‌ ناکرێت که‌ سه‌ره‌تاکانی دیموکراسی تێدا سه‌قامگیر نه‌بووبێت، که‌ کاتێک هه‌ڵبژاردنی خاوێن نه‌کرێت و کاتێک تۆ بڕوات به‌ پره‌نسیپی بردنه‌وه‌ دۆڕاندن نه‌بێت کاتێک هه‌ڵبژاردنێک بێ ساخته‌کاری ئه‌نجامنه‌درێت، وتیشی: سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان پێشتر له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌نووسیدا پێناسه‌ی ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی کرد که‌ چ زۆرینه‌یه‌که‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان وتیشی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌کاتی خۆیدا بکرێت، به‌ڵام پێویسته‌ یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بکرێته‌وه‌، به‌وه‌ش کوردستان بکرێته‌ چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پارێزگایه‌ک ته‌حه‌کوم به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ نه‌کات، هه‌روه‌ها چه‌ند رێوشوێنێکی تر هه‌یه‌ ده‌بێت بگیرێته‌ به‌ر ئه‌ویش که‌ خۆی له‌ پاککردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و دانانی تۆمارێکی ده‌نگده‌ران به‌ سه‌ربه‌خۆیی بۆ پێکهاته‌کان ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی که‌س ده‌ست وه‌رنه‌داته‌ کاروباری پێکهاته‌کان، پێکهاته‌کان خۆیان نوێنه‌رانی خۆیان هه‌ڵبژێرن، نه‌ک له‌ یه‌که‌ سه‌ربازییه‌کانه‌وه‌ خه‌ڵکیان بۆ ده‌ربچێنرێت.

 ئەبووبەکر هه‌ڵه‌دنی وتیشی: پێمان وایه‌ زمانی ته‌سعید و هه‌ڕه‌شه ‌کردن به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خزمه‌ت به‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستان ناکات و میزاجی هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستان و دۆخی ده‌رونی هاووڵاتییان له‌و ئاسته‌دا نییه‌ به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت، که‌ خۆمان ده‌زانین هاووڵاتییان به‌ ده‌ست ده‌یان قه‌یرانی وه‌ک بێ موچه‌یی و بێ خزمه‌تگوزراییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، ئێمه‌ ئێستا له‌ مانگێکی پیرۆزداین ناکرێت بۆنه‌و مانگه‌کان له‌ خه‌ڵک تێکبده‌ین، به‌ڵکوو ئێستا له‌ هه‌موو کاتێکی تر زیاتر پێویستمان به‌ سازان و رێککه‌وتن و سازش کردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ بۆ یه‌کتر، بۆیه‌ هه‌ر هێز و لایه‌نێک پێویسته‌ هه‌نگاوێک بێته‌ پێشه‌وه‌ له‌ لایه‌نه‌که‌ی تر و نابێت به‌ ته‌نها لایه‌نێک خۆی به‌ خاوه‌نی ته‌واوی ئه‌م کوردستانه‌ بزانێت و هیچ هێزێکی سیاسیش نابێت خۆی به‌ کورسی په‌رله‌مانه‌وه‌ بابدات، چوونکه‌ هه‌موومان ده‌زانین کورسی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن له‌ کوردستاندا چۆن به‌ده‌ستده‌هێنرێت .

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئێمه‌ هیوامان ده‌خواست ئه‌م کۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییانه‌ بۆ بابه‌ته‌ زیندووه‌کانی خه‌ڵک بوایه‌ که‌ خۆی له‌ قه‌یرانی مووچه‌و ژیان و گوزه‌ران و خزمه‌تگوزارییه‌کان ده‌بینێته‌وه‌، نه‌وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌کردن و به‌کارهێنانی زمانی ته‌سعید به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌کانی تری هه‌رێمی کوردستان، که‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی زیاتر هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستان تووڕه‌ و نائومێد ده‌کات.