لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک: بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پۆستە ئیدارییەکان دابەش بکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک کە بە بێ بەشداریی پارتی بەڕێوە چوو ئەو لایەنانە لە بەیاننامەیێکدا جەختیان کردەوە کە بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پۆستە ئیدارییەکان دابەش بکرێت و ئەو لایەنەنای براوەی ھەڵبژاردنەکان بوون پەراوێز نەخرێن.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەممە 30ی کانوونی یەکەمی 2020 کەسی یەکەمی حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک لە بارەگای مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک کۆ بوونەوە و پاش کۆبوونەوەکەش بەیاننامەیێک دەرکرا.

دوای کۆبوونەوەکە لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، محەمەد عوسمان بەیاننامەی لایەنەکانی ئاراستەی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کرد و رایگەیاند "لەکاتێکدا پەرلەمان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ھەیکەلێتی نوێی ئۆفیسەکانیان دروست کردووە، چەند لایەنێک کە ناسنامەکانیان لای ئێمە و خەڵکی ئاشکرایە ھێرشی توند و ناڕەوا دەکەنە سەر بەڕێوبەری ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەئامانجی ناوزڕاندن و ترس و گومانکردن لە ئەنجامی پێشوەختەی ھەڵبژاردنەکان و لەو رووەوە، پێکھاتەیەکی دیاریکراویان کردۆووەتە ئامانجە ناڕەواکانیان".

محەمەد عوسمان راشیگەیاند "تەئکید لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پۆستە ئیدارییەکان دابەش بکرێت و پێداچونەوەی پێدا بکرێت و ئەو لایەنەنای براوەی ھەڵبژاردنەکان بوون پەراوێز نەخرێن".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی لایەنە کوردستانیەکاندا ھاتووە "داوا لە پەرلەمان و داواکاری گشتی دەکەین کە بەپەلە رێوشوینی یاسایی و دەستووری دژی ئەو تۆمەت و ناوزڕاندنە بگرنە بەر و تۆمەتچییەکان رووبەڕووی دادگا بکەنەوە و تیمی پارێزەران رادەسپێرین بۆ ئەوەی رێوشوینی یاسایی لەبەرامبەریان بگرنە بەر، چوونکە وای دەبینین ھەڵوێستی ئەو لایەنانە، سەرەتایێکی مەترسیدارە بەئاراستەی سەرھەڵدانی دووبەرەکی و ئاژاوە لە پارێزگاکە و ئەوە ئێمە بەرپرسیار نین لەسەری".

لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئاماژەی بەوەیشدا کە ھەڵوێستی ئەو لایەنانە دژبە دەستوور و یاسایە، ھەروەھا ترس و گومانکردنیشە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ھەڵبژاردن کە ترسی ئەوەیان ھەیە قەبارەی خۆیان بۆ شەقامی کەرکووک و عێراق ئاشکرابکرێت.

ئەم وەڵامەی حزب و لایەنە کوردستانییەکان لە پاش کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی بەشێک لە حزب و لایەنە عەرەب و تورکمانییەکان دێت کە دژی بەڕێوبەری ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەیاننامەی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا بەڕێوبەری ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنیان بە بەشداریکردن لە ساختەکاری ھەڵبژاردنەکانی رابردوو تۆمەتبارکردبوو .

News Code 567

Your Comment

You are replying to: .
captcha