دانمارک منداڵانی خێزانە داعشەکان لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا دەگەڕێنێتەوە
بەشی جیهان- وەزیری دەرەوەی دانمارک دەڵێت خەریکی پلانداڕشتنن بۆ گەڕاندنەوەی 5 منداڵی خێزانەداعشەکانی وڵاتەکەیان لە کەمپەکانی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری یۆراکتیڤ؛ باس لە هەوڵی دانمارک دەکات بۆ گەڕاندنەوەی 5 منداڵی داعش کە لە کەمپەکانی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریادان، کە دایکی ئەو منداڵانە ساڵی 2014 بۆ تەڤڵ بوون بە داعشەوە لە دانمارک چوونەتە سووریا.

جپە کۆفۆد، وەزیری دەروەی دانمارک دەڵێت حکوومەتی وڵاتەکەی خەریکی داڕشتنی پلانێکە بۆ گەڕاندنەوەی 5 منداڵی خێزانە داعشەکانی وڵاتەکەی کە ئێستا لە کەمپی ڕۆژ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادان بەڵام دایکی ئەو منداڵانە وەرناگرنەوە چوونکە ئەندامی گرووپێکی تیرۆریستی بوون و بە خواستی خۆیان دانمارکیان بۆ تەڤڵ بوون بەداعشەوە بەجێهێشتووە.

ناوبراو جەختی کردۆتەوە ئەگەر دایکی ئەو منداڵانە بۆ دانمارک بگەڕنەوە بەهۆی ئەندام بوونیان لە داعش دادگای دەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە.