ناکۆکییەکان لەگەڵ پارتى لێکەوتەی هەوڵی گرووپێکی گەنج‌ و هەلپەرستی سەرکردایەتیی یەکێتییە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌رپرسێکى باڵاى یه‌کێتى ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "ناکۆکیی ئێستای نێوان یەکێتی‌ و پارتی تەنها بەهۆی پۆستی سەرۆک کۆماره‌وه‌ نییە، بەڵکوو ئەم ناکۆکییە لێکەوتەی کەڵەکەبووی کێشەکانی نێوان هەردوولایە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ‌و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "هەرچەندە پێموایە دوا کۆنگرەی یەکێتی کۆنگرە نەبوو، بەڵام لەپێشی کۆنگرەکە و لەکاتی کۆنگرەکەدا ئەگەر بەندە و هاوڕێکانم سووربووینایە لەسەر پرەنسیپ ‌و  ڕای خۆمان، یەکێتیی دوچاری کەرتبوونی دیکە دەبووەوە".

به‌رپرسه‌ باڵاکه‌ى یه‌کێتى ژماره‌یه‌ک له‌سه‌رکردایه‌تى حزبه‌که‌ی تۆمه‌تبار ده‌کات به‌وه‌ى،  "لێکەوتەی هەوڵی گرووپێکی گەنج‌ و هەلپەرستی سەرکردایەتیی یەکێتییە کە باوەڕی بەدژایەتیکردنی پارتی هەبوو وەکوو ڕِێگەیەک بۆ بەهێزکردنی یەکێتی، ئێستاش ڕای ئەنجومەنی باڵای سیاسی ‌و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لەنێو یەکێتیدا کاریگەر نییە، چوونکە کۆسرەت ڕەسووڵ نەخۆشە و برادەران لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیانوایە توانیویانە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن‌ و پێویست ناکات دەرفەت بەکەسانی دیکە بدەن، ئەمەش بێگومان هەڵەیەکی کوشندەیە".

مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت: "دەپرسم ئاخۆ دوای سێ ساڵ لە کۆنگرەی چوارەمی خۆیدا یەکێتی توانیویەتی ئەرکی مێژوویی‌ و کۆمەڵایەتی ‌و سیاسی‌ و ئابووری ڕاپەڕێنێت؟ توانیویەتی دڵنیایی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە خەڵکی کوردستان ببەخشێت؟ بەپێچەوانەوە تەنانەت پێگەی جەماوەریی یەکێتیش دابەزیوە، چوونکە لەدوا هەڵبژاردنی عێراق 170 هەزار دەنگمان لەدەست دا".

ئه‌وه‌شى به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌، "سەرباری ئەوەی مام جەلال تێبینی لەسەر سیاسەتی پارتی هەبوو، بەڵام لەهەموو دیدار و کۆبوونەوەیەکدا جەختی لەسەر ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی ‌و پارتی دەکردەوە و دەیوت، پەیوەندیی نێوان یەکێتی ‌و  پارتی چارەنووسساز و ستراتیژییە".

جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌، "ئەگەر ئەم پەیوەندییە نەمێنێ ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەناودەچێت، هەروەها ڕێکنەکەوتنی یەکێتی ‌و پارتی ‌و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەست دەرچوونی دۆخی هەرێم، چونکە خەڵکی لە سلێمانی ‌و هەموو هەرێمی کوردستان برسین، بەڵام بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە لە سلێمانی لە ئەستۆی ئیدارەی سلێمانی ‌و یەکێتییە".