محەمەدی حاجی مەحموود: چارەسەری کێشەکانی هەرێم لە بەغدا نیە بەڵکوو لە تارانە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، داوای پێكهێنانی ئەنجومەنێكی سیاسی لە كوردستان دەكات و دەڵێت، چارەسەری كێشەكانی كورد لە بەغدا نییە بەڵکوو لە تارانە و دانوستان هیچی لێ سەوز نابێت، باشترین چارەسەریش بۆ عێراق سیستمی كۆنفیدراڵییە.

کوردپرێس:

محەمەد حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی کوردستان 24 پارتی رایگەیاندووە، هەندێ لایەنی عەرەبی لەكاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، دژی بەهەرێم بوونی كوردستان بوون و ئێستاش سوننەو شیعە لەسەر بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و یاسای هەڵبژاردن و چەند یاسایێكی دیكە لە عێراق، یەكدەنگن دژی كورد.

سكرتێری سۆسیالست دیموكراتی كوردستان باسی لەوەش كردووە، ژمارەیێک پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا، دژی هەڵوەشانەوی قەوارەی هەرێمی كوردستانن و داوا دەكەن حكوومەتی عێراقی بێت مووچەی خەڵكی كوردستان بدات.

ناوبراو داواشی كردووە ئەنجومەنێكی سیاسی لە كوردستان دروست بكرێت، كە بتوانێت ئەو حزبانەی لە پەرلەمان و حكومەت نین، كۆبكاتەوەو ببنە خاوەنی ئەو قەزیەیەی ئێستا لە كوردستاندا هەیە، راشیگەیاندووە، پێویست ناكات ئەوەندە بچنە بەغدا، لەبەر ئەوەی هیچی لێ سەوز نابێت، ئەوەی لێرەوە دەكرێت باشتر ئەنجامی دەبێت، پێویستە شاندەكانی هەرێم بچن بۆ ئێران، چونكە چارەسەر لە تاران دەكرێت، نەوەك لە بەغدا.

محەمەدی حاجی مەحموود پێشی وایە، ئەو نەرمی نیشاندانەی كورد بەرامبەر بەغدا لە سنووری خۆی دەرچووە، چوونكە هەموو كوردستان رادەستی بەغدا بكەن، حكوومەتی عێراق هەر رازی نابێت و كوردی ناوێت، بۆیە بە باشی دەزانێت لەمەودوا كورد لەگەڵ بەغدا باسی ماددەی (140) و ئەنجومەنی فیدراڵی بكات، كە لە دەستووردا هەیە و كەس باسی ناكات.

لەبارەی مستەفا كازمییەوە دەڵێت كەسێكی بێ هێزە و هیچ دەسەڵاتێكی نییە، راشیگەیاندووە، عێراق دەوڵەت نییە و لەبەریەك هەڵوەشاوەتەوە، بۆریی نەوت لە باشوور سەدان كونی تێكراوە و حكوومەتیش نەوتەكەی هەرزانفرۆش كردووە و بەر لە دەرهێنانی، دەیفرۆشێتەوە.

جەختی لەوەش كردووەتەوە كە باشترین چارەسەر بۆ دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، سیستمی كۆنفیدراڵییە، هەریەكەو ناوچەكەی خۆی بپارێزێت، ئەوانەشی دەیانویست خۆیان بە عێراق ببەستنەوە، با بچنە بەغدا و نەیەنەوە.

له‌باره‌ی په‌شیمانبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بۆ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، "محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود" گوتی: "به‌رچاوم روونه‌ و پێشتریش زانیومه‌، له‌كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق ئه‌و بابه‌ته‌م باس كردووه‌، كۆمه‌ڵێك خاڵی گرنگ هه‌یه‌ به‌سه‌ر كورددا تێنه‌په‌ڕێت، مه‌سه‌له‌ی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌، یه‌كێك له‌و خاڵه‌ گرنگانه‌ بوو، ده‌بووایه‌ كورد به‌سه‌ریدا تێنه‌په‌ڕێت‌، ته‌نانه‌ت باسی ده‌ستووری لوبنانم كردووه‌، گوتیان ئه‌وه‌ تایفه‌گه‌رییه‌ و چۆن ده‌بێت وابێت، براده‌ران دره‌نگ تێگه‌شتن به‌غدا چی ده‌وێت، جاران ده‌مانگوت ده‌سه‌ڵات و رژێمی عێراقی دژی كوردن، ئێستا دیاره‌ عه‌ره‌ب دژی كوردن، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌یه‌ك نزیك ببنه‌وه‌، لایه‌نه‌كانی عێراق به‌ ئاشكرا ده‌ڵێن: ناتوانین له‌ كورد نزیك ببینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌نگمان ناده‌نێ، كورد لای عه‌ره‌ب ئه‌وه‌نده‌ مه‌ترسییه‌‌، میلله‌ته‌كه‌ی ده‌نگی پێنادات، ئێستا له‌ به‌غدا كێشه‌ له‌نێوان كورد و عه‌ره‌به‌، نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ی جاران ده‌مانگوت كورد كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی عێراقه"‌.

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود جه‌ختی كره‌وه‌، "هه‌موو كوردستان راده‌ستی به‌غدا بكه‌ن، له‌ ته‌وێڵه‌وه‌، له‌ كێله‌شینه‌وه‌، له‌ بامه‌ڕنێیه‌وه‌، له‌ حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌، حكوومه‌تی عێراقی له‌ كورد رازی نابێت، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی رازی نییه‌، بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ رابگرین، با شاندی كورد بچێته‌ به‌غدا، هیچی لێ سه‌وز نابێت، ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ی له‌ به‌غدا هه‌یه‌ و ئه‌و نه‌رمی نیشاندانه‌ی كورد، له‌ سنووری خۆی ده‌رچووه‌، كورد پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه‌، رێكیبخاته‌وه‌ و هه‌ر چه‌ندی هه‌یه‌، با مووچه‌ی مانگانه‌ی خه‌ڵك به‌ (30) رۆژ بدرێت، پێم وایه‌ ده‌شكرێت، ده‌شبێت، ده‌توانرێت، دوای ئه‌وه‌ با شاندی كورد بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا بچێت، بۆیان ڕوون بكه‌نه‌وه‌، كه‌ عێراق پێشێلی ده‌ستوور ده‌كات، قووتی (6) ملیۆن كه‌سی له‌ كوردستان بڕیوه‌، ئێستا عێراق كوردی ناوێت، شانده‌كه‌ی كورد گوتوویه‌تی: ئێمه‌ عێراقین، ئه‌وان به‌ شانده‌كه‌یان گوتووه‌ با عێراقی بن، له‌ رووی ئیداری و داراییه‌وه‌ چی ده‌كه‌ن‌ بیكه‌ن، پێم وایه‌ ئه‌و‌ قه‌یرانه‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا خزمه‌ت به‌ كێشه‌كه‌مان ده‌كات، با بچین له‌گه‌ڵ به‌غدا باسی مادده‌ی (140) بكه‌ین، باسی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی بكه‌ین، كه‌ له‌ ده‌ستووردا هه‌یه‌ و كه‌س باسی ناكات، له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ بچووكترین پارێزگا و به‌سره‌ گه‌وره‌ترین پارێزگایه‌، وه‌كوو یه‌ك رایان هه‌یه‌، ئه‌و كاته‌ ده‌توانرێت یه‌كسانی و فیدراڵی له‌ عێراقدا رابگیرێت".

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود دووپاتیشی کردەوە: "كازمی به‌قه‌ده‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌هێز نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاری نییه‌ تا پشتیوانیی بكات، هه‌ردووكیان به‌ پێشێلی ده‌ستوور داندراون، به‌پێی ده‌ستوور كوتله‌ی گه‌وره‌ حكومه‌ت درووست ده‌كات، به‌ڵام كێشه‌كانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا، كازمیی كردووه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ ناده‌ستووری بووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه‌، ئه‌وه‌تا شاندی بۆ ئێران ناردووه‌ تا ئامۆژگاریی حه‌شدی شه‌عبی بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شانده‌كانی خۆمان بچن بۆ ئێران باشتره‌، چاره‌سه‌ر له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌كرێت، نه‌وه‌ك له‌ به‌غدا".