دەرفەتێکی نوێ بۆ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا ڕەخسێندراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنیت بڕیاری دادگای فیدراڵ لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم، دەرفەتێک دەرخسێنێ بۆئەوەی رێکەوتنێکی تازە لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام بدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بۆ میدیای فەرمیى حزبەکەی راگەیاند: ئێستا دەرفەتێکی تازە بۆ رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هاتۆتە پێشەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشە و گرفتانە بهێندرێت، کە ماوەیەکی زۆرە لەبارەی دۆسییەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم لە نێوان هەردوولا بەهەڵواسراوەیی ماوەتەوە.

ئاماژەى بەوەش کردوە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ لەبارەی نادەستووری بوونی دۆسیەی نەوتی هەرێم، هاوکات قۆناغی دوای هەڵبژاردنی10/10ی ساڵی رابردوو وایکردووە گفتوگۆی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراقی فیدراڵ دەستپێبکاتەوە، تاکوو لەسەر ئەو بنەمایانە رێکەوتنێکی تازە ئەنجام بدرێت.

ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەشکردوە، بۆ ئەوەی کێشە لەبنەڕەتدا چارەسەر بکرێت، پێویستە لەدوای پێکهێنانی حکوومەت جگە لەرێکەوتنی سیاسی، کار بۆ ئامادە کردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق بکرێت، بەمەش ئەرک و مافەکانی هەرێمی کوردستان دیار دەبێت، ئەوکات ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەبێت.

کاروان یاروەیس دەڵێت: بۆ ئەوەی کورد لەو قۆناغە سەرکەوتوو بێت و گفتوگۆکان لەبەرژەوەندی خۆی تەواو بکات، پێویستە بە یەکهەڵوێستی و یەکگرتوویی دانوساندن لەگەڵ بەغدا بکەن، بە پێچەوانەوە جارێکی تر هەرێم زەرەر مەند دەبێت.

هەروەها پەرلەمانتارەکەى یەکێتى جەختی کردوەتەوە کە ئێستا عێراق وەک دەوڵەت بڕیاری دادگای فیدراڵی بەدەستەوە و لەپەرلەمانیش بە زۆرینە و کەمینە دەتوانێ پرسەکان یەکلا بکاتەوە.

News Code 5713

Your Comment

You are replying to: .
captcha