ڕاوێژکاری مەسروور بارزانی ناوەڕۆکی دەستپێشخەریە نەوتییەکەی هەولێر بۆ بەغدا ئاشكرا ده‌كات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆچوونی خۆی لە بارەی نەوت و غاز و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەی بنەڕەتی گەیاندە حکوومەتی عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدایان کردوو لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق لە وەزارەتی نەوت کۆبوونەوە، مەبەست لەو سەردانەش دەستپێشخەریەکی باش بوو، کە حکوومەتی ھەرێم کردوویەتی بۆ ئەوەی دەرگایەک بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، گفتووگۆکانیش نەک تەنھا لەسەر نەوتە، بەڵکوو لەسەر پێشمەرگە و بوودجە و گومرگە".

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو سەردانە ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بەپێی ئەو ماددە دەستووریانەی باسی نەت و غاز دەکەن، بە جۆرێک چارەسەریەک بدۆزینەوە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی عێراق بگونجێت وەکوو یاسا باسی دەکات و ھاوکار دەبین بۆ ئەوەی ھەماھەنگی زیاتر بکرێت.

ناوبراو دەشڵێت وەزارەتی نەوتی عێراقیش زۆریان پێخۆش بوو شاندی ھەرێم سەردانی ئەوانی کردووە و باسیان لەوە کردووە ھاوکار دەبن، ھەروەھا ھەندێک داواکاریشیان ھەبوو، ھاوکات شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ راوێژ ڕۆیشتبوون لەو سەردانەدا نەک بۆ رێککەوتن، بۆیە لەکۆتاییدا باس لەوەکرا باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی ژیانی خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش خۆش بێت و کێشەکان چارەسەربکرێت و بگەڕێینەوە بۆ دەستووری عێراق کە چۆن باسی نەوت و غازی کردووە و ئەو ماددانە جێبەجێ بکرێن و یاسای نەوت و غاز دەربکرێت".

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتیشی: "جەختکرایەوە پێکەوە ڕەشنووسێک ئامادە بکەن لە بارەی یاسای نەوت و غاز و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و پەسەند بکرێت، بۆیە ئەوە باشترین چارەسەری بنەڕەتییە بۆ راستکردنەوەی ئیدارەی نەوت لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان و نوێنەری ھەموو پارێزگاکانیشی تێدادەبێت لەکاتی ئامادەکردنی، بۆیە بۆچوونی حکوومەتی ھەرێم ئەوەبوو، چونکە لە پارێزگاکانی عێراقیش گلەیی لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت ھەیە، بۆیە پێویستە سیستەمێکی نوێی بۆ دابنرێت، ئەوەش بە یاسای نوێ چارەسەر دەکرێت".

خنسی باسی لەوەش کرد: "ھیچ رێککەوتن نەکراوە و تەنھا بۆچوون ئاڵوگۆڕ کراون و بەردەوامیش دەبن و دەرگای گفتوگۆ بەردەوام دەبێت، چوونکە ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئارامی زیاتر ھەبێت و کاریگەری خراپی نابێت، بۆیە ئەو کێشانە ھەمووی لە حکوومەتی نوێی عێراق یەکلایی دەکرێنەوە، بە تایبەت یاسای نەوت و غاز، کە چارەسەری بنەڕەتی ھەموو کێشەکانی نەوت دەکات".

News Code 5715

Your Comment

You are replying to: .
captcha