بە ڕاشکاوانە دەڵێم ئەگەر نیگەرانییە ئەمنییەکانمان بە هەند وەرنەگیریێت، ئێران وەڵامی توندی دەبێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- باڵیۆزی ئێران لە عێراق هۆشداری دا لەوەی "پێویستە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و مەترسییە ئەمنییەکانی ئێران بە هەند وەربگرن" وەڵامی توندترمان دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیرەج مەسجیدی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی کوردساتی سەربە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەى دواین بۆردوومانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر هەولێر ڕایگەیاند: "پێویستە بەرپرسانی هەرێم بە جدی مەترسییە ئەمنییەکانی ئێران بە هەند وەربگرن و نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ ئێران، ئێمە بە شێوەیەکی برایانە و دۆستانە پێمان ڕاگەیاندوون".

ناوبراو وتیشی، "ئەگەر بەرپرسانی هەرێم نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێمەیان بە جدی وەرگرتبا، ئەوە پێویستی بە هەڕەشەی سەربازی نەدەبوو، ئەوەش داوای بەردەوامی ئێمەیە وەک دراوسێیەکی باش".

مەسجیدی ئاماژەی بەوەش دا کە "زۆر بە ڕوونی دەیڵێم ئەگەر چارەسەری مەترسییە ئەمنییەکانی ئێمە نەکرێت، ئەوە ئێران وەڵامێکی توندی دەبێت، بۆیە پێویستە برایانمان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، چوونکە ئێمە نامانەوێت هێرشە مووشەکییەکان دووبارەبێتەوە".

لەبارەى ئەوەی ئایا هێرشە مووشەکییەکەی ئەمدواییەی سوپای پاسدارانی ئێران پەیوەندی بە دۆسیەی غازی هەرێمەوە هەبووە یاخو نا، ئیرەج مەسجیدی وتی: "بۆردومانەکە پەیوەندی بە دۆسیەی غازەوە نەبووە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆیی عێراقە، بەڵکوو بۆردوومانەکە پەیوەندی بە مەترسیی ئەمنییەوە هەبووە".