لاهور شێخ جەنگی: هەرگیز ڕێگە نادەم دوا بۆڕیی هەناسەی گەلەکەم بە ناوی ئابووریی سەربەخۆوە تەسلیم بە دووژمنان بکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش سەردانی مەسروور بارزانی بۆ تورکیا و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان لەسەر بابەتی هەناردە کردنی غازی هەرێم، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند هەرگیز ڕێگە نادەم دوا بۆڕیی هەناسەی گەلەکەم بە ناوی ئابووریی سەربەخۆوە تەسلیم بە دووژمنان بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەک ئاماژەیەک بە سەردانەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێم بۆ تورکیا کە دوێنێ ئەنجامی دا و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوویەوە، لاهوور شێخ جەنگی لە فەیسبووکی خۆی نووسینێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: "خۆم دەمێکە وازم لە برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان هێناوە چوونکە ئەوان هەر زوو بڕیاریان داوە ئەم گەلە بە قوربانی حزبەکەیان بکەن".

دەقی نووسینەکەی لاهوور شێخ جەنگی بەم شێوەیە:

مرۆڤ کە سیاسەتی کرد حەق وایە بە ڕەوشتەوە سیاسەت بکات، حەق وایە بیر بکاتەوە کە سیاسەت کردنیش ماوەیەکی دیاریکراوە و ڕۆژێک دێت کە خانەنشین دەبێت لە کارە سیاسییەکەی.

من خۆم بەردەوام بیردەکەمەوە کە خانەنشینی سیاسی دەبم، هەموو کردار و گوفتار و ڕەفتارەکانی ئێستا دەیکەم لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ڕۆژێک دێت خانەنشین دەبم لە سیاسەت کردندا، بیردەکەمەوە کە چۆن بتوانم بە سەربەرزی لە تاقیکردنەوەی گەلەکەم دەربچم، بەڵام بە داخێکی زۆرەوە هەندێک لە سیاسەتمەدار و کاربەدەستانی حکوومەتەکەی خۆمان ئەوەی لایان گرنگ نەبێت تاقیکردنەوەی گەلە، ئەوەندەی خەریکی ڕازی کردنی دەوروبەر و دەر و دراوسێ و دوژمنانی گەلەکەمانن، نیو ئەوەندە بە دەم ئێش و ئازاری گەلەکەی خۆماندا بان، ئەوا دڵنیام گەل بۆ هەمیشە لە ئامێزی دەگرتن و لەسەر سەری دادەنان.

لە ئێستاشدا کە هەموومان دەزانین کە کلیلی دەربازکردنی گەلەکەمان لەم هەموو گیر و گرفتەی کە ڕووبەڕوومان کردوونەتەوە تەنیا بەغدایە و بەس، کەچی دەبینین حکومڕانانی ئەم هەرێمە پەیتا پەیتا سەردانی پایتەختی دەرودراوسێ دەکەن، بەڵام بۆ یەکجاریش ئامادەنین سەردانی بەغدا بکەن کە باشیش دەزانن کە چارەسەر تەنیا لەوێیە، جا من بۆ خۆم دەمێکە وازم لە برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان هێناوە، چوونکە ئەوان ڕاستگۆیانە سیاسەت دەکەن، ئەوان هەر زوو بڕیاریان داوە ئەم گەلە بە قوربانی حزبەکەیان بکەن، بەڵام لێرەوە ڕووی دەمم دەکەمە حزبەکەی خۆم، هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان بەو پێیەی هەردووکیان شەریکن لەم حکومڕانییە، پێیان دەڵێم ئایا ئێوە هەرگیز بیرتان لە تاقیکردنەوەی گەل کردووەتەوە، چوونکە لە ئێستادا ئێوە لە ژێر تاقیکردنەوەیەکی قوورسدان، ئەگەر دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و نامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ حکوومەتی هەرێم ئێوەش هەر وەک پارتی سوور بن لەسەر ئەوەی کە غازەکەش بە درەدی نەوتەکە بەرن، ئەوە دڵنیا بن کە من یەکەم کەس دەبم ڕووبەڕووتان دەوەستمەوە، هەرگیز ڕێگە نادەم دوا بۆڕیی هەناسەی گەلەکەم بە ناوی ئابووریی سەربەخۆوە تەسلیم بە دوژمنانی گەلەکەم بکەن.

News Code 5733

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha