موقتەدا سەدر: ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری عێراق بەناحەق و بێ پاساوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- موقته‌دا سه‌در له‌په‌یامێکدا رایگه‌یاند، تورکیا به‌ناحه‌ق و به‌بێ پاساو هێرشی کردوه‌ته ‌سه‌ر خاکی عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ توویتێکدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نووسیویه‌تی: "تورکیای دراوسێ به‌ناحه‌ق و بێ پاساو خاکی عێراقی تۆپباران کردووه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌گه‌ر مه‌ترسی له‌ناو خاکی عێراق هه‌بێت سه‌ر ئه‌وان، ده‌بێت له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراق هه‌ماهه‌نگی ڕێکبخرێت بۆ کۆتایی هێنان به‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراقیش توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌".

ناوبراو راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌م کاره‌ی تورکیا دووباره‌ بکرێته‌وه‌ بێده‌نگ نابین، عێراق ده‌وڵه‌تێکی سه‌روه‌ری ته‌واوه‌، قبووڵی ناکه‌ین ده‌ستدرێژی بکرێته‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق، هه‌روه‌ک چۆن قبووڵیشی ناکه‌ین له‌ خاکی عێراقه‌وه‌ ده‌ستدرێژی بکرێته‌ سه‌ر هیچ وڵاتێکی دراوسێی برا و دۆست".

موقته‌دا سه‌در له‌ په‌یامه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "په‌یوه‌ندی هاوبه‌ش و هاوسه‌نگمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی دراوسێ به‌هێز ده‌که‌ین، مامه‌ڵه‌شمان له‌ڕووی دیپلۆماسی و ئه‌منییه‌وه‌ هاوشێوه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتان ده‌بێت".