پەکەکە هەڕەشە دەکات کە شەڕ دەباتە ناو شارەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا
بەشی تورکیا- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر پارتی هێرش بکاته‌ سه‌ر گه‌ریلا، له‌و کاته‌دا هه‌موو شارەکانی هەرێم ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕ.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی مەدیا هەبەردا لەسەر هێرشی نوێی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پارتی خۆی له‌ خۆیدا به‌ ڕێگا و شێوازێک له‌ناو ئه‌م شه‌ڕه‌دایه‌، عێراقیش به‌شداره‌، ئه‌گه‌ر تورکیا ده‌توانێت له‌ هه‌فتانین تا خواکورک خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ناوچانه‌، ئه‌گه‌ر ده‌توانێت ئه‌و هه‌موو هێرشانه‌ بکات، له‌و کاته‌دا ئه‌مه‌ به‌ ڕێگه‌پێدان و پشتیوانی په‌ده‌که‌ و کاربه‌ده‌ستانی عێراق ئه‌نجام ده‌درێت.

کاڵکان وتیشی: نازانین که‌ به‌ پلانێکی هاوبه‌ش هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر گه‌ریلا یان نا؟ ئێمه‌ ئه‌وه‌ نازانین و چاودێریی ده‌که‌ین و لێی ورد ده‌بینه‌وه‌. به‌ڵام شتێکی به‌و جۆره‌ ده‌بێته‌ کاره‌سات، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانن، له‌ دۆخێکی به‌و جۆره‌دا شه‌ڕ ته‌نیا له‌ هه‌فتانین تا خواکورک نابێت، به‌هه‌موو شوێنێکدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، به‌ ته‌واویی هەرێمی کوردستاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، له‌ وه‌ها دۆخێکدا زیانی هه‌ر گه‌وره‌ به‌ هەرێم ده‌گات، پێویسته‌ گه‌لی هەرێمی کوردستان، ئه‌و ڕاستیه‌ بزانێت و به‌ ڕاستییش دژی په‌ده‌که‌ بووه‌ستێته‌وه‌.

ئەندامەکەى کۆمیتەى ناوەندی پەکەکە هۆشداریی دەدات، شه‌ڕ وه‌ک پێشوو نابێت و دەڵێت: ئه‌گه‌ر په‌که‌که‌ و پارتی شه‌ڕی یه‌کتر بکه‌ن، ڕه‌نگه‌ دۆخێکی به‌و جۆره‌ ڕوو بدات که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی ناڕوون و نادیار بێت.

ناوبراو دەشڵێت: ئه‌گه‌ر پارتی‌ پێیوایه‌ شه‌ڕ به‌که‌ڵکیان بێت، له‌و کاته‌دا خۆیان ده‌خه‌ڵه‌تێنن، له‌ئێستا به‌دواوه‌ که‌س ناتوانێت به‌ په‌تی ئاکه‌په‌-مه‌هه‌په‌ بگاته‌ هیچ شوێنێک، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر پشت به‌ هێزێکی له‌و جۆره‌ ببه‌ستێت و هێرش بکاته‌ سه‌ر گه‌ریلا، له‌و کاته‌دا هه‌موو شوێنێک ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕ، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو که‌س هه‌ڵسنه‌ سه‌ر پێ، نازانرێت که‌ ئه‌نجامێکی چۆنی لێده‌که‌وێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو که‌س هۆشیارن بن، بەرپرسانی په‌ده‌که‌ ده‌بێت باش لێکدانه‌وه‌ بکات، ده‌بێت به‌ ڕاستی و دروستی هه‌ڵیبسه‌نگێنێت، ئه‌گه‌ر لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ بکات له‌ژێری ده‌رناچێت.