قاسم سولەیمانی چێگڤارای خۆرهەڵات/ محەمەد هادیفەر

بەشی ئێران-  دوو خەباتکار و دوو شەڕڤان و دوو ئازادیخواز لە دوو سەری گۆی زەوییەوە. یەکیان لە ئەوپەڕی خۆرئاوا و ئەوی دیکەیان لە لانکەی خۆرهەڵاتی زەوی. یەکیان کوڕە دێهاتییێک کە لە منداڵیدا بەنایی کردنی ئەزموون کردووە و لەو ئەزموونەوە  بوو بە نێژیرڤانی ئازادکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوی دیکەشیان پزیشکیی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ئازاری ژێردەستەبوونی ئەمریکای باشوور چارە بکات.

کوردپرێس:

ئەم کەسایەتییە کە هەر لە منداڵییەوە بە ئازاری هەناسەسواری تووش بوو بۆ تەداویی خۆی هیچی نەکرد و زیاترین توانای خۆیی بە موحتاجانەوە سەرف کرد. ڕێبازی خەباتکاریی چێگڤارا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە حەفتاکان و هەشتاکانی زایینیدا بە کاکڵە و ناوەرۆکێکی ترەوە هاتە ئاراوە. مستەفا چەمران کە لە هەشتاکانی زاینیدا لە لوبنانەوە سەری هەڵدا لێهاتووی و دەفرایەتیی زۆری تێدا دەبینرا کە بەداخەوە هەتاوی ژیانی زوو ئاوا بوو. کەسایەتییێکی دیکەی ئەم هەرێمانەی قیبلە، قاسم سولەیمانی بوو کە لە ترۆپکی دەرکەوتنی جیهانیی خۆیدا بە دەستی بێبەزەییترین دوژمنان، داکۆکییەکەی بۆ ڕابوون و بەخۆداهێنانی ناوچەکە سڕ کرا. دیارە قیاسی چێگڤاراکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا لە باری عەقیدە و ناوەرۆکەوە هەڵگری هەندێک جیاوازی دەبێت، بەڵام لە باری پێکهاتە و فۆرمەوە زۆر لە یەک دەچن. حاج قاسم و ئەرنێستۆ چێگڤارا هەردووک خەباتیان بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی ناوچە ژێردەست و زوڵم لێکراوەکان دەکرد و یەک دوژمنی هاوبەشیان بوو بەناوی ئەمریکا و هەردووک لە پێناو عەقیدە و بڕوای خۆیاندا گیانیان لە دەست دا. هەردووکیشیان بە دەستی یەک دوژمنی خوێنڕێژ و تاوانکار بەناوی ئەمریکا بە شێوەیێکی نامرۆڤانە فەوتێندران. یەکیان بە ڕیشی سپی و لە تەمەنی 64 ساڵیدا و ئەوی دیکەیان ڕیش ڕەشێکی تەمەن 39 ساڵ بوو. هەردووک کەسایەتی ئەو کەسانە بوون کە خۆیان لە خاک و سنوورێکدا نەبەستەوە و کەمتر لە زێدەکەی خۆیاندا بوون. ئەوەش لەکاتێکدا چێگڤارای ئارژانتینی پاش خەباتەکانی لە کووبا باشترین پۆستیان دایە بەڵام پاش ماوەیێک دیسان بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی بوولیڤی لە ژێر ڕکێفی ئەمریکا چووە ئەو وڵاتە.

قاسم سولەیمانییش دەیتوانی لە باڵاترین پۆستی وڵاتەکەی خۆیدا خزمەت بکات بەڵام خاک و خۆڵی بیابانە کوڵاوەکانی عێراق و سووریا و زوقمی کوێستانەکانی ئەفغانستانی پێ باشتر بوو لەوەی لە پۆستێکی باڵای حکومڕانیدا پاڵی لێبداتەوە. کەسایەتیی کاریزماییی ئەو فەرماندەیە وای کردبوو سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە خۆیان لەگەڵ ئەو هەماهەنگ بکەن. حاج قاسم لە هەموو ئەو شار و گوندانە دەبینرا کە کرابوونە ئامانجی ناپاکانی جیهان. ئەرنێستۆیش لە جیاتی تێوەگلان بە پۆست و دەسەڵات، حەزی دەکرد هاوشانی گەنجانی گوندەکانی شیلی و کووبا و بولیوی و کۆنگۆ بە کەمترین ئیمکانیاتەوە مەشقی زانستی و کرداریی خەباتی چەکداری بکات.

زۆر قسەی حاج قاسم و چێگڤاراش لە یەک دەچوون. حاج قاسم دەیگوت لە هەر وڵاتێکی ئیسلامی ستەملێکراوێک ببێت من لەوێ دەبم. چێگڤاراش دەیگوت ئەگەر لە بەرانبەر بێدادییێکەوە تووڕە دەبیت ئەوا بزانە یەک لە برادەرانی منیت. حاج قاسم دەیگوت ئەمریکا دوژمنی خوێنمژی هەموو مرۆڤایەتی و موسڵمانانە. چێگڤارا دەیگوت دوژمنی هەموومان دەوڵەتی پاوانخوازی ئەمریکایە. حاج قاسم دەیگوت لە هەر شوێنێک هەست بە بەرپرسیارێتیی شۆڕشگێڕی بکەم لەو شوێنە دەبم. چێگڤاراش دەیگوت شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە لەو شوێنە دەبێت کە پێویستیان پێیەتی.

حاج قاسم دەیزانی کە لەو ڕێگەیەدا گیانی بەخت دەکات و بە بێ هیچ ترس و دڵەڕاوکێیێک دەچووە نێو جەرگەی ئەمریکییەکان و بەکرێگیراوانی ئەو هێزانە و گاڵتەی بە مەرگ دەکرد و تا دواهەناسەی چاوی لە ئەمریکییەکان خافڵ نەکرد. بۆیە دوا نیشتنەوەیشی لە نزیک بنکە سەربازییە سەرەکییەکەی ئەمریکا بوو. چێگڤاراش لە کاتی خوێندنەوەی حوکمی سێدارەکەی خۆی بەکرێگیراوانی سوپای بولیڤیی کردە بەردەنگ و گوتی: باش سەرنج بدەن و ڕێک مشتم لێ بگرن چوونکە ئەوەی بڕیارە بیکوژن پیاوە. چێگڤارا بڕوای وابوو ئەو باڵندەیەی لە داهۆڵ بترسێت لە برسان دەمرێت. بۆیە لە کاتێکدا لە گوندی "واڵگراندە" تیربارانیان کرد کە ناوبانگێکی ئەفسانەییی دەرکردبوو و پاش ئەو، گەنجەکانی ئەمریکای لاتین گوتیان لە یادی ناکەین و یادی ئەو هەتایی دەبێت. کووبا پاش چێگڤارا وێنەی ئەو پاڵەوانەی بە سەر پارەی خۆیەوە تۆمار کرد بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوایی هێندەیان دەستماڵیی ناوەکەی کرد کە ناچار بوون لە ئەنجامدا ددان بە گەورەییی ئەو پاڵەوانەدا بنێن و فلیم لە سەر ژیانی تۆمار بکەن و وێنەکەی بە سەر کاڵاکانیانەوە بکێشن و برەندی لێ دروست بکەن بەو هیوای ئارمانجەکانی چێگڤارا لە کاڵا بێ بایەخەکانی خۆیاندا کورت بکەنەوە. کاتێک چێگڤارایان دەستبەسەر کرد تەنها چەن قاپ تووتنی لەگەڵ بوو و بڕوای وا بوو کە شەڕڤان دەبێت هەمیشە لەگەڵ تفەنگەکەی قاپێک تووتنیشی لەگەڵ بێت. بەڵام حاج قاسم بەردەوام بەرماڵ و تەزبێح و کلکەوانەکەی پێ بوو و دوا میراتی ماناداریشی دەستێک و کلکەوانەیێک بوو.

چێگڤارا پاش لەسێدارەدرانی لە فڕۆکەخانەیێکی چۆڵ نێژرا. بەهۆی عەزاب وێژدانی یەک لە سەربازانی ڕاسپێردراو بۆ تیرباران­کردنی، ساڵی 1995 تەرمەکەی لە تەنیشت فڕۆکەخانەیێکدا دۆزرایەوە و گوازرایەوە بۆ "سانتا کلارا" ئەو شارەی وڵاتی کووبا کە خۆی چەندین شەڕی تێدا سەرۆکایەتی کردبوو. لەوێ نێژرا و بینایێکی بیرئانینیان بۆ ساز کرد. دواتریش لە زێدەکەی خۆی، شاری "ڕزاریۆ" لە ئەرجەنتین پەیکەرێکیان بۆ تاشی. بەم شێوەیە چێگڤارای ئەرجەنتینی بۆ ماوەیێکی زۆر وەک باڵی جێبەجێکاری گوتاری چەپی مارکسیستی لە خۆرهەڵاتی دوور و تەنانەت خەباتکارانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش سەرمەشق و هێمای خەباتی ئازادیخوازانە بوو. لە شەستەکان و حەفتاکاندا هەموو جیهانی ئارمانجخوازی لە ژێر کاریگەریی گوتاری تازەپێگەیشتووی چەپی مارکسیستدا بوو و ئەو گوتارە زۆبەری بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی خستبووە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. چێگڤارا وەک سیمبۆڵ و هێمای ئەم گوتارە لە شەستەکان و حەفتاکاندا دەستنیشان دەکرێت و بە سەرمەشقی خەباتکاری دەزانرێت و کەسایەتییێکی هەرەشوێندانەری سەدەی بیستەم بوو.

بەڵام سی ساڵ پاش چێگڤارای خۆرئاوا، چریکە عەقیدەیییەکان لە ئێران سەریان هەڵدا کە قاسم سولەیمانی نموونەیێکی ئەو چریکانە بوو. حاج قاسم، هەڵگری پێشینەیێکی فیکری و عەقیدەییی تۆکمە بوو و بەو پێیەش بزاڤێکی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراند کە گەلێک بەرفراوانتر لە سەردەمی چێگڤارا بوو و چەندین توێی زیاتری لە خۆ دەگرت. حاج قاسم زۆر ئوپەراسیۆنی گەیاندە ئەنجام و خاکێکی فراوانی لە ژێر ڕکێفی بەکرێگیراوانی سیستەمی ستەم و بێدادی ئازاد کرد. ئەمریکییەکان حاج قاسمیان بە دوژمنێکی گەورە دەزانی. دەیڤید پێترائۆس، وەزیری بەرگریی پێشووتری ئەمریکا لەبارەی حاج قاسمەوە ئاوا دەڵێت: "قاسم سولەیمانی زۆر بەتوانایە و سەرکردە و مودیر و دوژمنێکی شایستەیە."

حاج قاسم کە خۆی بە سەربازێکی ئایدیایی دەزانی بونیاتنەری یەکگرتن و هاوپشتی و هاودەنگیی نێوان قیادە سەربازییەکانی گەل و ئاینزاکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو. حاج قاسم لە کاتێکدا تیرۆر کرا کە لە ئەوپەڕی دەسەڵات و ناوبانگی هەرێمی و جیهانیدا بوو و کاراترین و شوێندانەرترین کەسایەتی بوو لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی ناوچەکە و سەرنجی هەموو جیهان لە سەر ئەو ناوچەیەیە. بۆیە بێهوودە نیە دەڵێن حاج قاسم لە سیاسەتی عالەمیدا کەسایەتییێکی خاوەن قورسایی بوو. پێچەوانەی چێگڤارا کە غەریبانە لە فڕۆکەخانەیێکی سەربازی تیربارانیان کرد و ڕووماڵی هەواڵەکەشی بایکۆت کرا و تەنانەت تەرمەکەشی پاش سی ساڵ دۆزرایەوە؛ بەڵام تیرۆری حاج قاسم هەموو جیهانی هەژاند و دڵی خەڵکی ناوچەکەی بەتەواوی خەمبار کرد. داگیرکەرانی خستە دڵەڕاوکێوە. ڕقی گەنجانی ئێرانی و عەرەب و کورد و ئەفغانی و پاکستانیی هەستاند و خەوی فەرماندەکانی تیرۆریستانی ئاڵۆزاند. هەموو جیهان کاردانەوەیان بەم ڕەفتارە ناجوامێرانەی سەرۆکی ئەمریکا پیشان دا. تەنانەت دژبەرانی 40 ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئەم قارەمانەیان وەک "سەربازی نیشتمان" ناو برد و ستایشیان کرد. لە هەموو ئەمانەش گرینگتر ئەوەیە شەهید سولەیمانی وەک کەسایەتییێکی سەربازی ڕێژەیێکی پێوانەییی لە پێشوازی کردن و بەڕێکردنی تەرمی خۆی لە هەموو جیهان تۆمار کرد ئەوەش بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات. تەنانەت خودی ئەمریکییەکانیش بڕوایان نەدەکرد شتی وا ڕوو بدات. پێشبینی دەکرێت بیرۆکە و ڕێبازی حاج قاسم ببێتە بەدیلێک بۆ ڕێبازەکەی ئەرنێستۆ چێگڤارا. چێگڤاراکان و حاج قاسمەکان شکۆمەندانە وەستان و هەر کەسەو بە مەرام و ڕێبازی خۆی لە مێژووی ڕابوونی مرۆڤایەتیدا یادی دەمێنێتەوە بەڵام نمونەی کەسانی وەک ترەمپ و جانسن (سەرۆککۆماری دیموکراتی ئەمریکییەکان لە ساڵی 1967) و دەیان سەرۆککۆماری دیکەی ئەمریکا هاتن و ڕۆشتن و لە خشتەی مێژوودا تەنها وێنەیێکیان لێ بەجێماوە. بەدڵنیایییەوە گڕی نیگای حاج قاسم تا دوورترین شوێنی ئەم گۆی زەوییە خەوی داگیرکەر و ستەمکار دەئاڵۆزێنێت. دوور نیە ئەگەر گەنجانی ئەمریکا وێنەی حاج قاسم وەک سیمبۆڵی مرۆڤدۆستی لە سەر جلوبەرگی خۆیان تۆمار بکەن و ناوی حاج قاسم ببێتە ڕەمزی هەستانەوەی خەڵک دژی داگیرکەر و ستەمکاری ئەمریکی لە هەموو جیهان. ئەو کاتەیە کە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتیش بە شانازییەوە دەڵێن قاسم سولەیمانی چێگڤارای خۆرهەڵاتە.

News Code 577

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha