پرسی هەناردە کردنی گازی سروشتی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسیەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پرسی هەناردە کردنی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان، ئەم دوو حزبە ژمارەیێک زۆر لە هێزەکانیان لەنزیک کێڵگە گازییەکان ڕووبەڕووی یەکتر کردۆتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی شارپرێس لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێت: ماوەی چەند مانگێکە گازی سروشتی بوەتە بابەتی گەرمی ململانێکان‌ و ناکۆکیی سەرتاسەری لەنێوان جەمسەرە سەرەکیەکانی ململانێ جیهانیەکان، لە هەرێم ‌و عێراقیش بەهەمانشێوە گازی سروشتی بووەتە بابەتی گەرم ‌و جێناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان‌ و یه‌کێتى‌ و پارتیش هێز له‌دژى یه‌کتر کۆ ده‌که‌نه‌وه‌ و یه‌کێتیش په‌یامێکى هۆشداریی به‌پارتى ده‌دات‌ و ده‌ڵێت:"به‌هه‌ر نرخێک بێت غاز هاوشێوه‌ى نه‌وت ناخه‌ینه‌ ژێر ده‌ستى پارتیه‌وه‌".

له‌ئێستا پرسى غازى هه‌رێم تەنها لەچوارچێوەی عێراقدا نەماوەوتەوە و هەردوو جەمسەرە هەرێمییە خاوەن بەرژەوەندیەکانی هێناوەتە قسە و جووڵەی کردەیی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ‌و دەوڵەتی تورکیای دراوسێی عێراقن.

تورکیا هەموو هەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی گازی سروشتیی هەرێم وەک نەوتەکەی ‌و لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی درێژخایەنەوە کۆنترۆڵ بکات‌ و بیکاتە ماڵی خۆی و لەبەرژەوەندی یەکێتی ئەورووپا و بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ئەورووپا بەکاری بهێنێت ‌و بیکاتە کارتێکی فشار بۆ جیبەجێ کردنی داواکاریەکانی.

ئێرانیش بەهەموو هێزی سیاسیی‌ و سەربازیی خۆیەوە دژی ئەو خواستەی تورکیا و هەنگاوەکانی ڕادەستکردنی گازەکە بە تورکیا دەوەستێتەوە بەجۆرێک کە سڵ لە مووشەکباران ‌و هێرشی ڕاستەوخۆ ناکاتەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان.

له‌ناوخۆى هه‌رێمیش، یەکێتی ‌و پارتی تاسەر ئێسقان دژی یەکترن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، و لەدوو هەفتەی ڕابردوودا یەکێتی پەیامێکى توندیداوەتە پارتی ‌و ئاگاداری کردۆته‌وه‌ و وتوویه‌تى: "بەهیچ جۆرێک‌ و به‌هه‌ر نرخێک بێت، ڕازیی نابین پارتى ئه‌وکاره‌ بکات".

له‌و په‌یامه‌یدا یه‌کێتى جه‌ختی لەوە کردۆته‌وه‌: "وەک هاوبەشێکی حکوومەتی هەرێم ‌و فەرمانڕەوای زۆنی سەوز، ئامادە نیین لەگەڵ پارتی بچینه‌ مامەڵەیەکەوە کە گازی سروشتی هەرێم ڕادەستی تورکیا بکرێت ‌و گرێبەستی درێژخایەنی لەگەڵدا واژۆ بکرێت".

یەکێتی ‌و پارتی هێندە ناکۆکن لەدۆسیەی گازدا کە هەریەکەیان لەنزیک ناوچەکانی دەوڵەمەند بەگازی سروشتی هێزێکی سەربازی ‌و ئەمنی زۆریان کۆ کردۆتەوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکەن لەیەکتر لەئەگەری هەر جووڵەیەکی نوێدا لەکەرتی گازدا.

لەڕۆژانی ڕابردوودا بەشێک لەبەرپرسانی باڵای یەکێتی لەدیدار و کۆبوونەوەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بەهیچ جۆرێک‌ و به‌هه‌ر نرخێک بێت، دۆسیەی گازی هەرێم نادەنە دەست پارتی ‌و ئەویش بیداتە تورکیا هاوشێوەی نەوتەکە.

چاودێرانى سیاسیی پێیان وایه‌، لەم کاتەدا هەنگاو نان بەئاراستەی نزیک بوونەوە لە یەکێتی ئەورووپا و بەڵێنی هەناردەی گازی هەرێمى کوردستان بۆ ئەورووپا، ڕەنگە ببێتە خاڵێکی مەترسیدار بۆ سەر هەرێم ‌و لەهەرکاتێکدا بێت ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌، ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی ببننە هەڕەشەى جدى ‌و مه‌ترسیدار بۆسەر هەرێمی کوردستان.

پێشیانوایه‌، ئەوکاره‌ى ئێستاى هه‌رێم دەبێتە سەرکێشیەکی مەترسیدار و دیراسەنەکراو بۆ ئایندەی هەرێم ‌و هەر هەنگاوێکی لەوجۆرەش بۆ ئێستا کارێکی ناپه‌سەند و هەڵەشەییە و پێویست بوو هه‌رێم خۆى بەدووربگرێت لەکێشە و ململانێکان، چوونکە ڕەنگە داهاتووی قەوارەی هەرێم ‌و سەروەریی خاکەکەی بخەنە ژێر هەڕەشەی جدییەوە.