تورکیا و ڕووسیا بەتەمای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردستانی سووریان

بەشی تورکیا- مافناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا دەڵێت: تەنها ئەمریکا دەتوانێت ڕێگری بکات لە هێرشی دووبارەی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا.

«سێدقی زیلان» مافناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە دۆخی کوردستانی سووریا پاش هێرشەکانی ئەمدواییەی گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا بۆسەر عەین عیسا بە چ شێوەیێکە، ڕایگەیاند: پرسی کوردستانی سووریا پرسێکی زۆر گرینگە چوونکە کوردستانی سووریا خاوەن پێگەیێکی فەرمی نییە و جیاوازە لەوەی لە مۆدێلی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان بەشێوەی ئاشکرا لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دژایەتی ناکرێت بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردی لە سووریا لەلایەن تورکیاوە بەبیانووی شەڕی تیرۆر هێرشی دەکرێتە سەر.

ناوبراو درێژەی دا ئەم دژایەتی کردنە لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەر لەلایەن وڵاتانی هەرێمییەوە لە دانوستانەکانی ئاشتیدا وەکوو گفتوگۆکانی ئەستانە و سۆچی پلانی بۆ دادەڕێژرێت،نموونەکەشی هەڵکردنی چرای سەوزی ڕووسیا بوو بۆ تورکیا و داگیر کردنی عەفرین.

سێدقی زیلان زیاتر وتی: ئێران و ڕووسیا دوو ئەکتەری سەرەکیی سووریان و تورکیا ناوەناوە لەلایەن ڕووسیاوە بۆ هێرش کردنە سەر کوردەکان مۆڵەتی پێدەدرێت و لەبەرامبەردا لەسەر ئیدلیب لەگەڵ ڕووسیا مامەڵە دەکات.

مافناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا ئاماژەی کرد بەو دەورەی کە هاوپەیمانان دەیبینن لە پاراستنی ئیدارەی خۆسەر لە باکووری سووریا و ویت: ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبوونایە وڵاتانی ناوچەکە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان دەخستە مەترسیەوە و لە ناویان دەبرد، هەڵبەت ئەم بابەتە هەرێمی کوردستانی عێراقیش دەگرێتەوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: تورکیا وڵاتێکی دەستدرێژیکارە و بەشێوەیێکی نایاسایی خاکی کوردستانی سووریای داگیر کردووە و ئەو ئامانجەشی بە یارمەتیی ڕووسیا بردۆتە پێشەوە. ئەمڕۆکەش خەریکی داگیر کردنی عەین عیسا-یە.

سێدقی زیلان جەختی کردەوە: عەین عیسا ناوچەیێکی ستراتێژیک بۆ کوردەکانە و داگیر کردنی ئەم ناوچەیە لەلایەن تروکیاوە دەبێتە هۆی دابڕانی جزیرە و کۆبانی لە یەکتر و سیناریۆکەی عەفرین دووپات دەبێتەوە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: تەنها ئەمریکا دەتوانێت ڕێگری بکات لە هێرشی دووبارەی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا.

ئەم سیاسەتوانە کوردە زیاتر وتی: لەئێستادا گەیشتنە ئەنجامی دانوستانی لایەنە کوردیەکانی سووریا بۆ داهاتووی کوردەکان زۆر گرینگە و پێویستە بەزووترین کات بەپێی ڕێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک کوردی سووریا یەکبگرن.

ئەم مافناسە کوردە جەختی کردەوە: کوردەکان لە دوو لاوە گوشاریان خراوەتە سەر. هەم لەلایەن تورکیاوە هەڕەشەیان لەسەرە و هەم حکوومەتی ناوەندیی سووریا مەترسییان بۆ دروست دەکات و لەم نێوانەشدا ڕووسیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدایە. هەر یەک لەم هێزانە دان ئبە بوونی هێزی کوردیدا بنێن دۆخی کوردی سووریا سەقامگیر دەبێت.

سێدقی زیلان ئەوەشی وت: کوردەکان هیوایان بە هێزی هاوپەیمانان و وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکایە کە مۆڵەت نەدەن ڕووسیا و تورکیا و حکوومەتی سووریا هێرشیان بکەنە سەر.

ناوبراو درێژەی دا: کورد دەتوانێت بگاتە شێوازێک لە خۆبەڕێوەبەری لە سووریا و ئەمەش لەڕێگای یەکگرتوویی کورد و لۆبی هاوپەیمانانەوە دەستەبەر دەکرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 582

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha