ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ سلێمانی کاره‌ساتی گه‌وره‌ ڕووده‌دات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان، جیاوازی و کێشه‌ و گرفته‌کانی داهات و نه‌بوونی پاره‌ بۆ مووچه‌ و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌کان و کڕینی ده‌رمان بۆ نه‌خۆشخانه‌کانی سنووری ئیداره‌ی سلێمانی ده‌خاته ‌ڕوو راشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام بێت کاره‌ساتی گه‌وره‌ ڕووده‌دات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی خەندان بڵاوی کردەوە عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ تۆمارێکی ڤیدیۆییدا رایگه‌یاند، "ئیداره‌ی سلێمانی له‌ ئابلۆقه‌یه‌کی گه‌وره‌دایه‌ و رۆژ له‌دوای رۆژ ئابلۆقه‌که‌ توندتر ده‌بێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ که‌سیش له‌ خه‌می ئیداره‌ی سلێمانی و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ و راپه‌ڕین نییه‌، له‌لایه‌ک وه‌ک پێویست ناتوانرێت مووچه‌ دابه‌ش بکرێت و سه‌رجه‌م پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌کان راگیراون، له‌لایه‌کیش ده‌رمان له ‌نه‌خۆشخانه‌ی هیوا نه‌ماوه‌ و 130 که‌س له‌ژێر مه‌ترسی مردندان و ده‌رمان و پێداویستی ته‌ندروستیان نه‌ماوه‌، جگه‌ له‌وانه‌ش خه‌ریکه‌ کاروباری فه‌رمانگه‌کان په‌کیان ده‌که‌وێت و نه‌سریه‌یان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، هه‌روه‌ها ئه‌م هاوینه‌ش گرفتی که‌مئاوی و چه‌ندین گرفتی دیکه‌ له‌ سنووری ئیداره‌ی سلێمانی سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "یه‌کێتیه‌کان، پارتی و سه‌رۆکی حکومه‌ت تۆمه‌تبارده‌که‌ن، پارتی و سه‌رۆکی حکومه‌تیش یه‌کێتیه‌کان تۆمه‌تبارده‌که‌ن، له‌م تۆمه‌تبارکردنانه‌ش خه‌ڵک ده‌بنه‌ قوربانی".

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ده‌شڵێت: "سلێمانی بۆئه‌وه‌ی موچه‌ بدات مانگانه‌ ده‌بێت 75.000.000.000 دینار له‌داهاتی ناوخۆ خه‌رجبکات، چونکه‌ له‌ پاره‌ی نه‌وت 43%ی بۆ سلێمانیه‌، جگه‌ له‌وه‌ش 7.000.000.000 بدات به‌ ده‌رماڵه‌ی زانکۆ و پاره‌ی وانه‌بێژان، 15.000.000.000 ملیاریش ته‌مویلی خه‌رجیه‌ هه‌رێمیه‌کان له‌ هه‌ولێر بکات، بۆ ئه‌م مانگه‌ داهاتی ناوخۆ له‌ سلێمانی 100.000.000.000 دینار بوه‌".

ئه‌وه‌شی ئاشکرا کردووه‌، "بودجه‌ی هه‌مو پرۆژه‌کان، خه‌رجی دژه‌ تیرۆر و هێزه‌کانی حه‌فتا و ئاسایش و کڕینی ده‌رمان بۆ نه‌خۆشخانه‌کان و خواردنی زیندان و نه‌خۆشخانه‌کان و به‌نزینی ئۆتۆمبێلی فریاکه‌وتنیش ده‌بێت به‌داهاتی سلێمانی بدرێن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ئه‌م دو ئیداره‌یی 100%ی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ هۆکار بۆئه‌وه‌ی نادادیه‌کی جوگرافی گه‌وره‌ دروست ببێت".

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات: "به‌م دۆخه‌ی سلێمانی به‌پله‌ی یه‌که‌م هاوسه‌رۆکی یه‌کێتی و جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت به‌رپرسی راسته‌وخۆن، قاچاخی له‌خاڵه‌ سنوریه‌کان هه‌یه‌ و که‌س ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌ڵێن به‌کۆنتڕۆڵکردنی داهات ئه‌م باره‌ لاره‌ راست نابێته‌وه‌، له‌هیچ بارێکدا داهاتی سلێمانی وه‌ک هه‌ولێر و دهۆک نییه‌، به‌ڵام رێکه‌وتون هه‌ر ناوچه‌یه‌ک ئیداره‌ی خۆی بدات، به‌رپرسی دیکه‌ له‌م دۆسیه‌یه‌ سه‌رۆکی حکومه‌ته‌، سه‌رۆکی حکومه‌ت که‌ سوێندی خوارد له‌ په‌رله‌مان نه‌یوت به‌رپرسم له‌پرۆژه‌ له‌هه‌ولێر و دابین کردنی ده‌رمان بۆ نه‌خۆشخانه‌کانی هه‌ولێر، له‌کاتێکدا 130 منداڵ له‌ سلێمانی مه‌ترسی مردنیان له‌سه‌ره‌ و ده‌رمانیان نییه‌".

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح باسی له‌وه‌ش کردووه‌، "راسته‌ قاچاخی هه‌یه‌ و خۆم باسم کردوه‌ چۆن له‌فیشخابور مه‌ڕ و بزن و نه‌وت به‌قاچاخ دێت، له‌ باشماخ و په‌روێزخانیش که‌لوپه‌ل و خواردن به‌قاچاخ هاورده‌ ده‌کرێن، به‌ڵام هێشتا ناتوانیت بڵێیت داهاتی سلێمانی هاوشێوه‌ی هه‌ولێر و دهۆک بێت، چونکه‌ هه‌ولێر و دهۆک گومرگیان له‌گه‌ڵ سێ ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌، باشماخ و په‌روێزخان وه‌ک حاجی ئۆمه‌ران و ئیبراهیم خه‌لیل نیین، جگه‌ له‌وانه‌ش به‌پێی دواین داتا 31.393 کۆمپانیا له‌ هه‌رێمی کوردستان دامه‌زراون، ته‌نها 7535 کۆمپانیایان له‌سنوری سلێمانین، که‌ ده‌کاته‌ 24%، له‌و رێژه‌یه‌ش نیوه‌یان وه‌ستاون بۆیه‌ 12%ی کۆی کۆمپانیاکان له‌ سلێمانی، هه‌روه‌ها له‌ 2940 کۆمپانیای بیانی له‌ هه‌رێمی کوردستان 101 کۆمپانیایان له‌ سلێمانین، ده‌شبێت باجی هه‌ردولا وه‌ک یه‌ک بن، داهاتی سلێمانی ناکرێت به‌راورد بکرێت به‌هه‌ولێر".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی کوردستان هۆشداری له‌ دۆخی سلێمانی ده‌دات و ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام بێت، کێشه‌ بۆ مووچه‌خۆرانی سلێمانی دروست ده‌بێت و کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م ئیداره‌ی سلێمانیه‌ و ده‌بێت ئه‌م کاره‌ساته‌ چاره‌سه‌ر بکرێت ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وتیش که‌مێک دابه‌زێت، ئیداره‌ی سلێمانی ده‌بێت داهاتی زیاتر دابین بکات و ئیداره‌که‌ تووشی کاره‌ساتی گه‌وره‌تر ده‌بێت".