لە پارێزگای دهۆک دەستمان بەسەر ژمارەیەکی زۆر ماددەی تەقینەوە و کەلوپەلی سەربازیی پەکەکە-دا گرت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر ماددەی تەقینەوە و کەلوپەلی سەربازییدا گرتووە کە پەکەکە ویستوویەتی لە هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوەکەی بڵاوی کردەوە دەستبەسەرداگرتنی چەک و کەلوپەلەکان لە 17ـی نیسان لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە و یەک تۆن تی ئێن تی، 10 مووشەکی کۆنکۆرسی دژەتانک، 23 ماتۆڕی درۆنی هێرشبەر، 1200 ماسکی دژەگاز و 375 یەدەگی چەکی کڵاشنیکۆڤ لەنێو کەلوپەلەکاندا بوون.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی کەسێکی بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێت، ناوی یونس ئەحمەد قاسم سلێمان-ە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەرکەوتووە: "لە رێگەی بەرپرسێکی سەربازیی یەپەگە بەناوی رۆدی حوسێن ئەو ماددە و کەلوپەلە سەربازییانەی بەدەستگەیشتووە، بەمەبەستی گەیاندنی بە دەستی چەکدارانی پەکەکە تاوەکوو لە هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنن."

لە گوتەکانیدا کە وەک دانپێدانان بڵاو کراوەتەوە، یونس ئەحمەد دەڵێت: ئەو لە کەمپی دۆمیز نیشتەجێیە و لەدایکبووی 1970 یە و پیشەی شۆفێری تاکسییە. ئەو دەڵێت، سەرەتای پەیوەندیی لەگەڵ رۆدی حوسێن، کە بەرپرسی سەربازیی یەپەگەیە لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بووە.

یونس ئەحمەد دەڵێت: "ئەو بەرپرسە پێی گوتم، هێزەکانی پەکەکە پێویستیان بەو کەلوپەلانەیە و دەبێت ئەمڕۆ یان سبەی بگاتە دەستیان". ئەوەشی گوت کە رۆدی پێی گوتووە، "ئەو چەک و کەلوپەلانە لە باشووری کوردستان بەکاردەهێنن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان."

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاشیدەگەیێنێت: لە 17ـی مانگی نیسان، ئەو کەسە پلانی هەبووە کەلوپەلەکان بگەیێنێتە دەست چەکدارانی پەکەکە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەستگیریان کردووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکاندا گرتووە.

News Code 5833

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha