پڕۆژەی هەناردەکردنی غازی هەرێمی کوردستان لەبری پێشکەوتن و ئاوەدانی دەبێتە هۆی دابەش بوونی هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕێوەبری ڕێکخراوەی میدیایی شارپرێس لە هەرێمی کوردستان و شرۆڤەکاری دیاری پرسە سیاسییەکان، لەبارەی پڕۆژەی هەناردەکردنی غزی هەرێمی کوردستان دەڵێت: " ئەوەی کە ئێستا دەبینرێت ئەمەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم پڕۆژەیە وەکوو پڕۆژەیەکی خۆی چاو لێدەکات، ڕاستە بەناوی سەرۆکی حکوومەتەوەیە بەڵام بەشداریی لایەنەکانی دیکەی پێنەکراوە".

کوردپرێس- هەناردەکردنی غاز، پڕۆژەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لەمدواییەدا بەشێوەیێکی جیدی هاتۆتە ئاراوە و کاردانەوەی زۆری کوردستانی ، عێراقی و ناوچەیی لێکەوتۆتەوە. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس لە گفتوگۆ لەگەڵ کەماڵ ڕەئوو بەڕێوەبری ڕێکخراوەی میدیایی شارپرێس لە هەرێمی کوردستان و شرۆڤەکاری دیاری پرسە سیاسییەکانی عێراق و هەرێم ڕەهندە جیاجیاکانی ئەم بابەتەی لێکداوەتەوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کوردپرێس: ڕابۆچووی ئێوە سەبارەت بە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی غاز چییە؟

کەمال ڕەئووف: من پێم وایە هەرێمی کوردستان حەقی خۆیەتی بیر لە باش کردنی سەرچاوەکانی داهاتی خۆی بکاتەوە بەڵام ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنیا بڕیار لە ئایندەی غاز بدات کە ئێستا غاز یەکێکە لە سەرچاوە گەورەکانی داهاتی هەر وڵاتێک من پێم وابێت ئەمە بە قازانجی هەرێمی کوردستان و بە قازانجی ئەم پڕۆژەیە نابێتەوە؛ چوونکە بەتایبەت ئەم غازە غازێکە کە سەرچاوەی نیشتمانییە و پێویستی بەوەیە کە ئیتیفاق لەسەری بکرێت و ئەگەر بڕیارێک لەسەری بدرێت لەلایەن پەرلەمانەوە بێت و ئەو لایەنانەی بەشدارن لە حکوومەتدا کۆتا بڕیار لەسەری بدەن.

ئەوەی کە ئێستا دەبینرێت ئەمەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم پڕۆژەیە وەکوو پڕۆژەیەکی خۆی چاو لێدەکات، ڕاستە بەناوی سەرۆکی حکوومەتەوەیە بەڵام بەشداریی لایەنەکانی دیکە و تاڕادەیێکی زۆریش حکوومەتی عێراقی پێنەکراوە و ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە نیهایتدا کێشەی زۆر بەرەوڕووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

کوردپرێس: بەو سیاسەتەی کە پارتی گرتۆیتە بەر ئایا ئێوە پێش بینی ئەوە دەکەن کە بە لەبەرچاو گرتنی ئەم حوکمەی دادگای فیدراڵی حکوومەتی هەرێم بتوانێت لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتن؟ لەبەر ڕۆشنایی ئەو کێشانەی کە هێشتا لەسەر دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا هەیەتی؟

کەمال ڕەئووف: سەرەتای شتەکان دیارە پارتی دیموکراتی کوردستان نایەوێت نەوت ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکات نایشیەوە ئەو پڕۆژانەیش کە لەو دواییانەدا لە ئاخر کۆبوونەوەی وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی عێراق و شاندی هەرێمی کوردستان دروست بووە، جێبەجێ بکرێت و دەڵێن ئێمە ڕازی نابین بەو پێشنیارانەی ئەوان کە کۆمپانیایێک سەنتەرەکەی لە هەرێم بێت و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بەغدا.

بەشێکی بابەتەکە ئەمەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکا چوونکە ئەگەر بۆ پڕۆژەیەکی وەها گەورە ئامادەبوونایە دەبوو ڕاوێژیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا بووایەت.یاخود هیچ نەبێت لەم کاتەیا کە ئەو بڕیارە جێبەجێ بووە و پێوەندییەکان پێوەندییەکی خراپن ناکرێت وەکوو تەحەدایەک ئەمە بەکار بێت.

بەشی دووهەمیچ ئەمەیە کە ئێمە خۆمان لە هەرێمی کوردستان کێشەی غازمان هەیە واتا ئەگەر تۆ کێشەی هەرێمی کوردستانت پێ پڕ نەکرێتەوە و نرخەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ بچێتە سەرەوە و مووچەت پێدابین نەکرێت و کێشەی گەورەی غازی سووتەمەنیت هەبێت چۆن دەتوانیت ببیتە جێگرەوەی وڵاتێکی گەورە وەکوو ڕووسیا؟ یان چۆن ئیتمینان دەکەی کە ئەم غازە لە ڕێگای تورکیاوە بگا بە ئەورووپا. ئەم پرسە جۆرێکە کە پێم وایە گەمە کردنە و ئێمە کە وەکوو کورد ئەم کارتە گەورەیە کە بەدەستمانەوەیە لە بەینی دەبەین و خستنی ئەم کارتەیە بەدەستی لایەنێکی دەرەکی کە ڕەنگە بەخاتر ئەوە بێت کە خۆی پارەیێکی زیاتری بە ناشەفافی دەست کەوێت. ئەگینا ئەم پڕۆژەیە بۆ گەلی کوردستان و بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت بە پڕۆژەیەکی تۆکمە و شەفاف بڕوات نەک بەو شێوەیە کە ئێستا دەیبینین.

کوردپرێس: ئاماژەتان بە ڕووسیا دا بەتایبەت لەم کاتەدا شەڕی ئۆکراینا هەیە و ململانێی ڕووسیا لەسەر وزە لەگەڵ ئەورووپادا دەبینین، پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایا هەرێمی کوردستان لەو ئاستەدا هەیە کە دەچێتە یاریەکی وەها گەورەوە وەک دەبینین کە دوێنێ لەگەڵ سەروەک وەزیرانی بەریتانیا هەمان باسی هەناردە کردنی غاز کرا و لەندەن پێشوازیی لێکردووە. ئایا دەتوانین بڵێین کە ئەمە پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتییە کە یاریکەرە سەرەکییەکەی لەم گۆڕەپانەدا هەرێمی کوردستان بێت؟

کەمال ڕەئووف: وڵاتانی ئەورووپا و هەر لایەنێکی دیکە ئامادەن کە نەوت و غاز زیاتر بەرهەم بهێندرێت بۆ ئەوەی کە پێویستییەکانی خۆیانی پێ دابین بکەن و زۆر حەوەجەیان بە ڕووسیا نەبێت دیارە کە ئەوان دەستخۆشیی لێدەکەن. ئەمە حەقی خۆیانە چوون کێشەیەکی گەورە لەم شەڕی ئۆکراینادا لە ئەورووپا دروست بووە کە ئەمە واردە.

بەڵام ئەو بەشەی ئێمە قسەی لێوە دەکەین ئەم بەشەی لای خۆمانە، ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان جارێک وڵات نین، ئێمە ئیدارەیەکی دانپێدانراوین بەڵام کێشەیەکی گەورەی بۆ دروست بووە لەسەر بازرگارنی کردن بە نەوت غازەوە. حکوومەتی عێراقی دەتوانێت ئەم بڕیارانە هەمووی ڕابگرێت و نەهێڵێت بازرگانی بکرێت.

ئەگەر ئەم بازرگانی کردنە بە غاز وەکوو ئەوە بێت کە بە نەوتەوە کردوویانە کە تاکوو ئێستا سەرەڕای ئەو پشکە 200 ملیارییە کە لە بەغدا پێیدەدرێت مووچەیان بۆ دابین ناکرێت. کە تۆ نەتوانی مووچە دابین بکەی چۆن دەتوانی کێبەرکێی وڵاتێکی وەکوو ڕووسیا بکەی.

دوای ئەمە هەرێمی کوردستان پێویستی بەم هەوڵە نییە؛ هەرێمی کوردستان پێویستی بەمەیە کە پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی لەوان تورکیا و ئێران ڕاگرێت و لەگەڵ عێراقدا کە سەنتەری بڕیاردانە پێوەندییەکی باش و تۆکمەی هەبێت بۆ ئەوەی کە بتوانێت ژیان گوزەران لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.

بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستان واتا لە سەدا 49 بۆ 50ی لەژێر کونترۆڵی حکوومەتی عێراقدایە ئێمە لەباتی ئەوەی کە چاومان لەوە بێت کە بازرگانی بە نەوت کەین دەبێت چاومان لەمە ببوایەت کە ئەم بەشە بگەڕێنینەوە سەر هەرێمی کوردستان و هیچ نەبێت مافە نەتەوەیی و ئیدارییەکان بۆ ئەو بەشانە دابین بکەین.

بەڵام ئێستا وای لێهاتووە کە ئێمە ئەوندە ئیدارەیەکی شەق و شڕ و خراپمان هەیە کە ئەوانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستانیشن پێیان باشە کە مووچەکانیان بگەڕێنەوە سەر حکوومەتی عێراق. واتا تۆ لە دۆخێکی خراپ و شڵەژاوی ئابووریدا ئەژیت و لەناوخۆیدا جیایەکی زۆر لەبەینی جەماوەر و حکوومەتدا هەیە کە هەموو ئەمانە وایکردوو کە حکوومەتێکی ڕاوەستاوی خۆتت نەبێت.

ناکرێت حکوومەت بە پشتیوانیی هێزێکی دەرەکی ڕاگیرێت و هەرچی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیە بدرێتە دەرخواردی وڵاتێکی دیکە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەت بپارێزێت. کەوابوو ئیدارە و حوکمڕانی بەم شێوەیە ناڕوات و ئەمە فەشەلە و شکستێکی گەورەیە کە مێژوویش لەوانە خۆش نابێت کە ئەم جۆرە بازرگانی و مامەڵەیە بۆ 50 ساڵ لە داهاتی ئەم وڵاتە لەگەڵ تورکیا بکەیت کە تەنانەت نەیتوانی لە شەڕی داعشدا پشتیوانیت لێبکات و بەپێچەوانە تا ڕادەیێک پشتیوانیی لە لایەنی بەرامبەر کرد.

دەی باشە تۆ ئەم غازە بۆ کوێ ئەبەیت؟ ئەم غازە تۆ ئەتەوێت تەنها لە ڕێگای تورکیاوە ڕادەست بکەیت؟ قسەکانیان ئەمەیە کە ماڵەکانی تورکیا بە نەوت و غازی هەرێم گەرم ئەکەینەوە دەی باشە ماڵەکانی خۆمان سارد و سڕە خەڵک هەیە لەم هەرێمە هەموو زستان چاوەڕێی بەرمیلێک نەوتی کردووە و نەیبینیوە، ئەمە غەدرێکی گەورەیە کە لەم خەڵکە دەکرێت و من پێم وانییە کە خەڵکی هەرێمی کوردستانیش تا سەر ئەمە قبووڵ بکەن.

کوردپرێس: ئاماژەتان بەم پرسە دا کە ئەم پڕۆژەیە زیاتر پڕۆژەیەکی حزبی پارتییە تاکوو پڕۆژەیەکی کوردستانی زۆربەی ئەو ناوچانەی کە خاوەنی کێڵگە غازییەکانن لەژێر کونترۆڵ و حوکمی یەکێتی-ە؛ پێتان وایە یەکێتی لەگەڵ ئەم پڕۆژە دەبێت یان ئەمە دەبێتە کێشەیەک لەبەردەم پڕۆژەکەدا؟

کەمال ڕەئووف: بە تەئکید ئەمە کێشەیە چوونکە هەر لە ئێستاوە لە میدیاکاندا قسە دەکرێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەم شێوەیە ڕازی نییە. هەم جێگری سەرۆکی حکوومەتی کوردستان کە قوباد تاڵەبانییە و هەم حزبەکەی ڕازی نین بەم شێوەیە مامەڵە بکرێت. بەتایبەتی کە ئەم غازە بەشی زۆری دەکەوێتە ژێر کونترۆڵی یەکێتی نیشتمانی.

وەکوو ئەوە دەبینرێت تا ئێستا ڕێێکەوتنێک نییە لەسەر ئەم شێوازەی کە ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت دەستیان بۆ بردووە. ئەمە لەباتی ئەوەی کە ببێتە هۆی ئاوەدان کردنەوەی کوردستان ڕەنگە ببێتە هۆی دابەش بوونی هەرێمی کوردستان و ڕەنگە ببێتە هۆی شەڕ.

لایەنی دەرەکیش دەستیان دەبێت لە جووڵاندنی ئەم کەیسە بۆ نموونە وڵاتێکی وەکوو ڕووسیا ڕاناوەستێت کە بەدیلێک دروست ببێت لە پاڵیدا تەنانەت ئەگەر بەدیلیش نەبێت. پێم وابێت کە ئەگەری هەیە کە کۆماری ئیسلامی و بەغدایش و لایەنە عێراقییەکان کێشەی ئەمەیان هەبێت.تەنها لایەنێک کە ڕەنگە مەسڵەحەتی تێدا بێت بەشێک لە سونەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا بێت.

بەشێکی ئەم شەڕە؛ شەڕ کردنە بۆ کومپانیا حزبییەکان ئەمە شەڕێک نییە کە پارەکە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها کە ئێستاش دەبینین کە نەوتەکەمان دەڕوات بەڵام بەشێکی زۆری دەڕواتە کرێی بۆری و گواستنەوە و پاسەوانیەکان کە هەموویان کۆمپانیای حزبین و قازانجی زیاتر ئەوانە دەیکەن لە حکوومەت.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان

News Code 5838

Your Comment

You are replying to: .
captcha