تورکیا 792 هەزار عەرەب و تورکمانی لە عەفرین نیشتەجێ کردووە

بەشی سووریا- ئەندامێکی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا PDK.S)) دەڵێت: ئێمە بەشێکین لە هاوپەیمانیی نەیارانی حکوومەتی سووریا کە لە کۆڕە نێونەتەوەییەکاندا ئامادە دەبین بەڵام بەشێک نین لە هەڵمەتە دژە مرۆڤانەکانی گرووپە چەکدارەکان.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا PDK.S)) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابە پرسی عەفرین و وتی: عەفرین لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە. تیرۆر، ئەشکەنجەدان، زیندانی کردن بووەتە پرسی سەرەکیی ناوچەکە و دۆخەکەش ڕۆژ لە دوای ڕۆز قەیراناویتر دەبێت.

ناوبراو وتیشی: تورکیا سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای جێبەجێ کردووە و 792 هەزار عەرەب و تورکمانی لەم ناوچەیەدا نیشتەجێ کردووە. ئامانجی تورکیا پارچە پارچە کردنی کوردستانی سووریا و دوور خستنەوەی کوردە لە دەریای سپیی ناوەڕاست.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا ڕایگەیاند: بیست و حەوت گرووپی میلیشیا لەم ناوچەیەدا بوونیان هەیە کە لە ژێر فەرمانی هاوپەیمانیی نەیارانی حکوومەتی سووریا نین، بەڵکوو ئەم هاوپەیمانێتیە لەژێر کونترۆڵی ئەم گرووپە چەکداریانەدایە.

ناوبراو وتیشی: تورکیا هەر لە سەرەتاوە بەنیازی ئەمە بوو کە عەفرین و ناوچەکانی دیکەی کوردستان داگیر بکات و بوونی پەکەکە تەنها بیانوویەکە بۆ ڕەواییدان بەم دەستدرێژی کردنە.

ئەندامەکەی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیش بەشێکە لە هاوپەیمانیی نەیارانی حکوومەتی سووریا، بۆچی ئەم ئەنجومەنە ڕێگە بەم کارانە دەدات، وتی: ئێمە بەشێکین لە هاوپەیمانیی نەیارانی حکوومەتی سووریا کە لە کۆڕە نێونەتەوەییەکاندا ئامادە دەبین بەڵام بەشێک نین لە هەڵمەتە دژە مرۆڤانەکانی گرووپە چەکدارەکان.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: هیچ کوردێک ئەندامی ئەم گرووپە چەکدارییانە نییە کە ئێستا لە عەفرین ئامادەن و ژمارەیێک زۆر لە هێزەکانی ئێمە ئێستا لە عەفرین لە گرتووخانەکانی ئەم گرووپانەدان. نووسینگەکانی ئێمە لە عەفرین هەن بەڵام بە نهێنی چالاکی دەردەبڕن.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ وتیشی: کورد لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە و گۆڕینی دیمۆگرافیا لە ئاستێکدایە کە دەتوانین بڵێین چیدی عەفرین کوردی تیا نەماوە.

News Code 5839

Your Comment

You are replying to: .
captcha