حوکمڕانانی پارتی و یەکێتی ناسۆری‌ خەڵکیان زیاد کردووە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی کوردستان ڕایگەیاند حوکمڕانانی هەردوو حزبی دەیەڵاتداری هەرێمی کوردستان ناڕەحەتی و ناسۆری‌ خەڵکیان زیاد کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، ئێستا ماوەیێکە حوکمڕانانی هەردووک حزبی یەکێتی و پارتی لە بەینی خۆیاندا بە خەست‌ و خۆڵیی سەرگەرمی قسەی سارد و سووک بە یەکدی گوتن‌ و یەکدی تۆمەتبار کردن‌ و شەڕە قسەن، کە ئەوەش هێندەی دیکە خەم‌ و ناڕەحەتیی‌ و ناسۆری‌ی خەڵکی زیاد کردووە".
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان له‌ په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانه‌وه‌ راشیگه‌یاند، "پیرۆزبایی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی ئه‌مساڵ له ‌هه‌مولایه‌ك ده‌كه‌م‌، به‌دڵنیایی ژیانی دنیا هه‌موی هه‌ل‌ و ده‌رفه‌ته‌ له‌به‌رده‌ستی هه‌ركامێكماندا بۆ تێدا چه‌سپاندن‌ و به‌رجه‌سته‌كردنی به‌ندایه‌تییمان بۆ خوای به‌رزی مه‌زن‌ و هیوادارم هیچ كاممان له‌وانه‌ نه‌بین كه‌ له‌ ڕۆژی دواییدا په‌شێمانیی بكێشین‌ و خۆزگه‌ بخوازین ده‌رفه‌تێكی دیكه‌مان بۆ بڕه‌خسێ بۆ كرده‌وه‌ی باش".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌، "مانگی ڕه‌مه‌زان وێڕای ڕۆژوگرتن، مانگی قوڕئان‌ و ته‌ڕاویح‌ و پاڕانه‌وه‌ و خێر و چاكه‌ و خۆپاك‌ و چاككردنه‌ و زۆر پێویسته‌ وریا بین ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌مه‌زاندا وه‌ده‌ستمان هێناوه،‌ بیپارێزین‌ و لێی زیاد بكه‌ین، نه‌ك بیفه‌وتێنین‌ و به‌بای بده‌ین‌ و خۆمان مایه‌پووچ بكه‌ین".

عه‌لی باپیر له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌شڵێت، "سوپاس‌ و ده‌ستخۆشییم بۆ سه‌رجه‌م خێرخوازان‌ و به‌خشه‌ران‌ و ڕێكخراو و ده‌زگا خێرخوازییه‌كان هه‌یه،‌ كه‌ له‌م مانگه‌دا به‌ده‌م هه‌ژار و نه‌دار و نه‌خۆش‌ و په‌ككه‌وته‌ و بێ ده‌ره‌تانانه‌وه‌ بوون‌ و خوا به‌باشترین شێوه‌ له‌هه‌مولایه‌كی وه‌رگرتبێ‌ و به‌ره‌كه‌ت‌ و پێز بخاته‌ ماڵ‌ و سامانییانه‌وه‌، ده‌بوایه‌ حكوومه‌تیش چی دیكه‌ له‌ئاست ئازار و ناڵه‌ی هه‌ژاران‌ و نه‌داران‌ و قه‌رزدار و نه‌خۆشانی وڵاته‌كه‌یدا، بێ هه‌ست‌ و هه‌ڵوێست نه‌بێ‌ و بزانێ كه‌ هیچ منه‌تی تێدا نیه‌ ماڵ‌ و سامانی وڵات هی سه‌رجه‌م دانیشتوانه‌ و نابێ له‌لایه‌ن هیچ كه‌س‌ و لایه‌كه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێ‌ و زه‌وت بكرێ‌ و كه‌مینه‌یه‌كی ملیارلێری پێ دروست بكرێ‌. ده‌بێ هه‌ركه‌سه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی پێویست‌ و شایسته‌ی خۆی له‌ خێر و بێر و سامانی وڵاتی پێبدرێ".

باپیر ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، "ماوەیەکیشە حوکمڕانانی وڵات لە هەردووک حزب، لە جیاتی كردنی دوو قسەی خێر و هەنگاونانێکی ڕەشیدانەی دڵی خەڵک‌ و جەماوەری سەغڵەت خۆشکەر، لە بەینی خۆیاندا بە خەست‌ و خۆڵیی سەرگەرمی قسەی سارد و سووک بە یەکدی گوتن‌ و یەکدی تۆمەتبارکردن‌ و شەڕە قسەن، کە ئەوەش هێندەی دیکە خەم‌ و ناڕەحەتی و ناسۆری‌ خەڵکی زیاد کردووە".