دەبوو بافڵ تاڵەبانی بە میلیشیاکانی بگوتایە بەسەر لاشەی مندا بڕۆنە کەرکووک
بەشی عێراق و هەرێمی کوردسان- ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەخنەی توند لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی دەرێت و دەڵێت دەبوو بافڵ تاڵەبانی بە میلیشیاکانی بگوتایە بەسەر لاشەی مندا بڕۆنە کەرکووک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ باسنیوز گوتی: به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵکی سلێمانی 40 بۆ 50 ساڵ باجی گه‌وره‌یان داوه‌ بۆ که‌ڵه‌گا‌یی و هه‌ڵه ‌و که‌موکورتیی مێژووی ئه‌وانەی له‌ 64ەوە به‌ناوی نوێخوازی و شۆڕشگێڕییەوە ده‌یده‌ن، که‌ ده‌رکه‌وت هه‌موویشی هێلکەی پیسبووە‌ و هیچی له‌باردا نییه‌، ئەنجامەکەیشی دیاره‌، ئه‌وه‌ی شه‌هیدی بۆ یه‌کێتی داوه‌ په‌شیمانه‌ و ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیی لە ریزی یەکیتییدا کردووه‌ له‌ پێشمه‌رگایه‌تیی خۆی په‌شیمانه‌.

ناوبراو گوتیشی: "ئێستاش دره‌نگ نییه،‌ خه‌ڵکی ئێمه له ‌سلێمانی ئاوڕ له‌ خۆیان بده‌نه‌وه‌ و چیتر به‌دوای دروشمی بێناوه‌ڕۆک و باقوبریقدا نه‌که‌ون، ئه‌مه‌ ده‌بێ پەندێک بێت که‌ ئه‌و شاره‌یان له‌ رۆشنبیری و خزمه‌تگوزارییەوە دابڕی و زیانی زۆریان له‌ سلێمانی دا، لە‌ دەره‌نجامی ئه‌وه‌دا بوو خه‌ڵکێک که‌وته‌ دوای دروشمی بێسه‌روبه‌ری یەکێتی، ئومێده‌وارین دوای ئه‌وه‌ی له‌ دروشمی بێناوه‌ڕۆکی یه‌کێتی گه‌یشتن، نه‌که‌ونه‌ دوای دروشمه‌ بێناوه‌ڕۆکەکانی خه‌ڵکی دیکه‌، که‌ سواری ئه‌و شه‌پۆله‌ ببن و ئه‌م بێئومێدیه‌ی یه‌کێتی بقۆزنەوە".

عەلی عەونی ئه‌وه‌شی خسته‌ روو: "ئه‌وه‌ی سزای سلێمانی ده‌دات و سزای سلێمانیی داوه،‌ له‌ رووی فکری و ئابووری و خزمه‌تگوزاری و مووچه‌وه‌، یه‌کێتییه‌، ئه‌وان ماوه‌یه‌کی درێژ گوێی دونیایان کاس کرد به‌وه‌ی که‌ داوای لامه‌رکه‌زیی ئیداری و ئابووری ده‌که‌ن، ئەوە داهاتی خۆتان له‌به‌رده‌ستی خۆتاندایه‌ و ‌خۆتان مه‌لیکی خۆتانن، ده‌ فه‌رموون به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌سڵه‌ن ئه‌و سیسته‌مه‌یان ده‌ویست بۆ ئه‌وه‌ی سوودی لێ وه‌ربگرن، ئه‌وان ده‌یانزانی دروشمه‌که‌یان سه‌ر ناگرێت، ده‌یانویست ئه‌وه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی پارتی، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا گه‌ل هۆشیاره‌، سەرانی یەکێتی به‌رپرسیارن و هیچ بەرپرسیارێتییەکی شاری سلێمانی له‌ئه‌ستۆی حکوومه‌تی هه‌رێمدا نییه،‌ چونکە ئه‌وان له‌ ورد و دروشتی سلێمانی به‌رپرسیارن و نه‌یانهێشتووه‌ حکوومه‌ت خزمه‌تیان بکات و ئێستاش هەر ناهێڵن".

ئەو سەرکردەیەی پارتی جەختی کردەوە، ئه‌گه‌ر خەڵکی سلێمانی ده‌یه‌وێت حکوومه‌ت خزمەتگوزاریییان پێشکەش بە شارەکە بکات، ده‌بێ له‌ ده‌نگدانی داهاتوودا ده‌نگ نه‌ده‌نه‌ ئه‌و حزبانه‌ی که‌ به‌ناوی پاراستنی سلێمانی و سلێمانچیه‌تیی درۆیینە، سته‌م له‌ خه‌ڵکی سلێمانی ده‌که‌ن، با ده‌نگ بده‌ن به‌ پارتی دیموکراتی کوردستان که‌ ئه‌هلی حکوومه‌تدارییه‌ و خزمه‌تی خەڵکی پێ دەکرێت و حکوومه‌تی پێ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، له‌ رووی دیپلۆماسییه‌وه‌ قۆناغی باشی بڕیوه، کەچی ئه‌وه‌ هەموولایەک دەبینێ یه‌کێتی هه‌ر خه‌ریکی دروشمبازییه‌.

عه‌لی عه‌ونی، ئه‌وه‌شی خسته‌ روو: ”یه‌کێتی به‌ ناوی یاسای کۆمسیۆن و په‌رله‌مان و هاوبەشیی حکوومه‌ت، نایه‌وێت کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بکرێت و په‌رله‌مانیان په‌ک خستووه‌، به‌داخه‌وه‌ به‌ چوونه‌ ناو میحوه‌ری مقاوه‌مه‌ هۆکارن بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق بگاته‌ بنبه‌ست، ده‌بوو ئه‌وان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی خۆیاندا بن، ئێمه‌ لە 2003ه‌وه‌ نووری مالیکی و حه‌یده‌ر عه‌بادی و قه‌یس خزعه‌لی تاقی ده‌که‌ینه‌وه‌، ده‌بێ دەرفەتێک بده‌ین به‌ خه‌ڵکی دیکه‌، ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ نوێیه‌ی پارتی و سوننه‌کان و لیستی سه‌درییه‌کان هاتووه‌ته‌ مه‌یدان، لەسەر بنەمای ئه‌وه‌ی پێشتر تاقی کراوه‌ته‌وه‌ نابێت تاقی بکرێته‌وه‌، نووری مالیکی پێشووتر تاقی کراوه‌ته‌وه‌ و چه‌ندین رێککه‌وتنمان به ‌نووسین و به‌ دیکۆمێنتاری له‌گه‌ڵیدا هه‌بوو، که‌چی وه‌فایان بۆ به‌ڵێنی خۆیان نه‌بووه‌ و درۆشیان‌ له‌گەڵ ئێمه‌ کردووه.“

گوتیشی: ”به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک که‌س هاوبەشین کە هەست بە به‌رپرسیاریه‌تی ناکه‌ن، ده‌رگای نه‌رمی نواندن و چاکسازی و دیالۆگ هه‌میشه‌ لای پارتی کراوه‌ته‌وه،‌ ئومێد ده‌که‌ین براده‌رانی یه‌کێتی و حزبەکانبی دیکە هه‌ندێک به‌رپرسیارانه‌ بیر بکه‌نه‌وه‌ و گه‌لی خۆمان تووشی گرفت نه‌که‌ن، ده‌بوو ئێستا ده‌ستوورمان هه‌بێت، له‌ کاتی نه‌وشیروان مسته‌فا پرۆژه‌ی ده‌ستوور له‌ په‌رله‌مان ده‌ربازیش بوو و هاته‌وه‌ بخرێته‌ ریفراندۆم و راپرسی، که‌چی به‌ عینادی و پێداگریی گۆڕان و ئه‌وه‌ی به‌دوای هه‌را و هۆسه‌ی گۆڕاندا که‌وتبوون، وایان لێ کرد کوردستان بێ ده‌ستوور بمێنێته‌وه‌.“

عەونی گوتیشی: ”ئه‌گه‌ر ئه‌و کاته‌ ده‌ستوورمان هه‌بوایه‌ ئه‌و گرفتانه‌مان نه‌ده‌بوو، چونکه‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵکه‌ بڕیار ده‌دات، ئێستاش پێمان وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌وڵ بده‌ن هه‌ڵبژاردن دوابکه‌وێت و نه‌کرێت و کۆمسیۆن دوابکه‌وێت، ئه‌مه‌ له‌ ئاینده‌ ره‌نگه‌ زیانی وا له‌ کوردستان بده‌ن، که دواتر په‌شیمان ببنه‌وه‌، ده‌بوایە ئێستا خه‌ریکی داڕشتنی یاسا و خه‌ریکی ئه‌و شه‌ڕه ‌بین له‌ به‌غدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هێشتا ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن رانه‌گه‌یه‌نرابوو، شاسوار گوتی به‌شداری له‌ هاوپه‌یمانیی کوردستاندا ناکه‌م، ئاخر بۆچی به‌شداری له‌ هاوپه‌یمانییه‌ک ناکه‌یت بۆ بەره‌ژه‌وه‌ندیی گه‌لی خۆت، تۆ له‌ کوردستان مەیە ناو هاوپەیمانی،‌ به‌ڵام لە بەغدا بابه‌تێکی دیکه‌یه‌، یه‌کێتی نەهاتنە ناو هاوپەیمانییەوە، بۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دیکه‌ چوونە ناو هاوپەیمانی، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ده‌ست بین، ئایا گرفته‌کانی کوردستان چاره‌سه‌ر نابن؟ منداڵیش ئه‌و هاوکێشه‌یە ده‌زانێت، خێره‌ سیاسییه‌کان نازانن، ئەوانە هیچ به‌رنامه‌یەکیان نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت دژایه‌تیی پرۆژه‌کانی پارتی ده‌که‌ن، من نازانم چ باشییه‌ک هه‌یه‌ تۆ بچیته‌ هاوپه‌یمانیی خەزعه‌لی، که‌ پێش له‌شکر کەوتبوو له ‌دژی کوردستان. لە باسی راکێشانی بۆڕیی غازدا، بافڵ تاڵه‌بانی ده‌ڵێت مه‌گه‌ر به‌سه‌ر لاشەی مندا بڕوات، ئه‌ی بۆچی ئه‌و عینادییه‌ت له‌ خیانه‌تی 16ی ئۆکتۆبه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌جه‌ر و گوجه‌رانه‌ نه‌کرد، که‌ خاکی کوردستانیان داگیر کرد؟ ده‌بوو بتگوتایه‌ مه‌گه‌ر به‌سه‌ر لاشەی مندا تێپه‌ڕن و بگه‌نه‌ که‌رکووک، نه‌ک بۆ بۆریی غاز، ئه‌م راگەیاندنە گه‌وره‌یه‌ درۆیه‌‌ت بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێن ئێمه‌ توانامان هه‌یه‌، ئێستا ئه‌م موزایه‌ده‌ سیاسییه‌ ده‌که‌یت و دووریش نییه‌ له‌ دژی ئه‌م پرسانه ده‌ست بکه‌یت به‌ دروستکردنی هاوپه‌یمانی.

له‌باره‌ی پرسی په‌که‌کەشەوە،‌ عه‌لی عه‌ونی، ئه‌وه‌ی خسته ‌روو: ”پێشبینی ده‌که‌م، بۆ دوو ساڵی داهاتوو ره‌وشه‌که‌ به‌م شێوه‌ بڕوات، په‌که‌که‌ له‌ سلێمانی داوای ناسنامه‌ له‌ خودی ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی ده‌کات و ئه‌وان کۆنترۆڵی ده‌که‌ن، ئێستاش ده‌سه‌ڵاتی په‌که‌که‌ له‌ سلێمانی به‌قه‌د یه‌کێیتییه،‌ له‌ دوو ساڵی داهاتوودا یه‌کێتی پاشه‌کشه‌یەکی زۆر ده‌کات و په‌که‌که‌ کۆنترۆڵی ده‌کا، ئه‌و کاته‌ ده‌بێته‌ هۆی راکێشانی ده‌ستی تورکیا بۆ سلێمانی، بۆیە ده‌بێت په‌که‌که‌ دوور بێت له‌ دامه‌زراوه‌ی حکوومه‌ت، چونکە دڵنیا بن په‌که‌که‌ هێزێکی کوردستانی نییه.“