بۆ پاراستنی خاکی کوردستان دەبێت کوردەکانی سووریا هێزێکی هاوبەشی سەربازی پێکبێنن

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا (P.Y.K.S) دەڵێت: بڕیار وابوو هێزێکی هاوبەش لە یەکینەکانی پاراستنی گەل و لەشکری ڕۆژ پێکبهێندرێت کە خاکی کوردستانی سووریا بپارێزن، بەڵام ئێمە قبووڵمان نەکرد ئەم هێزانە گیانی خۆیان لە مەنبج و ڕەقە و ناوچەکانی دیکە بۆ بەرژەوەندیی گرووپە و وڵاتێکی دیکە بخەنە مەترسیەوە.

هەڤاڵ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا (P.Y.K.S) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئایا ئێوە بڕواتان بە چ سیستەمێک لە کوردستانی سووریا هەیە، ڕایگەیاند: ئێمە وەکوو حزبەکانی بەشداربوو لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) بڕوامان وایە کەسانی نەتەوەپەرەست پێویستە وڵاتیان بپارێزن. بۆیە پێویستمان بە هێزێکی هاوبەشە کە ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات.

ناوبراو وتیشی: لە ڕۆژێکەوە کە گۆڕانکارییەکان لە سووریا دەستی پێکرد و "لەشکری ڕۆژ" پێکهێنرا، ئەرکی ئەم هێزە پاراستن و بەرگری کردن لە خاکی سووریا بوو بەڵام پاش ئەوەی کە حکوومەتی ناوەندیی سووریا کوردستانی ڕادەستی پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) کرد، ئەو حزبە نەیهێشت جگە لەخۆی کەسێکی دیکە کار بکات".

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا زیادی کرد: پاش پێکهێنانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (PYD) هاتنی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی فۆرات و پێکهێنانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو و ئەم ڕەوتە زیاتر دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: چەندین جار بە ئامادەبوونی جەنابی مەسعوود بارزانی لە کۆبوونەوەکانی هەولێری 1 و 2 و دهۆکی 1 دانوستانمان ئەنجام دا و پرسی سەرەکیی گفتوگۆکان پێکهێنانی هێزی هاوبەش و پاراستنی کوردستانی سووریا بوو.

ئەم سیاسەتوانە کوردە وتیشی: بڕیار وابوو هێزێکی هاوبەش لە هێزەکانی پاراستنی گەل و لەشکری ڕۆژ پێکبهێندرێت کە خاکی کوردستانی سووریا بپارێزن، بەڵام ئێمە قبووڵمان نەکرد ئەم هێزانە گیانی خۆیان لە مەنبج و ڕەقە و ناوچەکانی دیکە بۆ بەرژەوەندیی گرووپە و وڵاتێکی دیکە بخەنە مەترسیەوە.

هەڤاڵ عیسا ڕاشیگەیاند: ڕێککەوتن نەکرا و تا ئەم کاتەش ئەم هێزانە ناهێڵن هێزەکانی دیکە بەشداری لە پرسەکانی کوردستانی سووریا بکەن.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا درێژەی دا: ئەنەکەسە و لەشکری ڕۆژ لە کەسانێکی نەتەوەپەرەست پێکهاتووە کە دەیانەوێت کوردستانی سووریا بگاتە سەقامگیری و ئاوەدانی.

News Code 5915

Your Comment

You are replying to: .
captcha