نێچیرڤان بارزانی و باڵيۆزى به‌لژيکا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ‏گفتوگۆیان کرد
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، ‏‏پێشوازىی له‌ فيليب ڤاندین بولک، باڵيۆزى به‌لژيکا له‌ ئوردن و عێراق کرد.‏

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ کۆبوونه‌وه‌يه‌کدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کورستان له‌گه‌ڵ ‏‏به‌لژيکا، ڕۆڵى به‌لژيکا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا، دوا ‏‏په‌ره‌سه‌ندنه‌کانى پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ‏‏تاوتوێ کران.‏

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان په‌يوه‌ندييه‌کان و فراوانکردنى بواره‌کانى هاريکاريى ‏‏هاوبه‌ش کرده‌وه‌ و هاوڕا بوون که‌ داعش هێشتا مه‌ترسييه‌کى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و ‏‏هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايشى عێراق و ناوچه‌که‌ ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ش عێراق پێويستى به‌ ‏‏به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌.‏

باڵيۆزى به‌لژيکا سوپاس و پێزانينى وڵاته‌که‌ى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى کوردستان له‌ ‏‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش و قوربانييه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربرى و دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ ‏وڵاته‌که‌ی وه‌ک هاوبه‌شێکى پابه‌ند به‌ پشتگیریی عیراق و هه‌رێمی کوردستان ‏ده‌مێنێته‌وه‌. ‏

لای خۆیه‌وه‌ نێچيرڤان ‏بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی سوپاس و پێزانینی هه‌رێمى ‏کوردستانى بۆ پشتگيرى و هاوکارييه‌کانى به‌لژيکا له‌ ‏شه‌ڕى دژى تيرۆردا، جه‌ختی ‏له‌ پێویستیی هاریکاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ کردوه‌ ‏به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی بۆشاییی ئه‌منییان هه‌یه‌.‏

دۆخی شه‌نگال و ئاواره‌بوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌ ئه‌نجامى پێشهاته‌ ئه‌منييه‌کان، ‏ئه‌رک و کاره‌کانی یوونیتاد له‌ عیراق، دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان و گرنگیی ‏گفتوگۆ بۆ لێکگه‌یشتن، پرسی ئازادییه‌کان و ئازادیی ڕاده‌ربڕین، په‌تای کۆڤید_١٩ و ‏کاریگه‌رییه‌کانی، دوا پێشهاته‌کانى شه‌ڕ و پێکدادان له‌ ئۆکراينا و لێکه‌وته‌کانی، ‏دۆخى ناوچه‌که‌ به‌گشتى، ته‌حه‌دییه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهان، چه‌ند ته‌وه‌رێکى ديکه‌ى ‏کۆبوونه‌وه‌که‌ بوون.‏