بە بەشداریی نوێنەری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پانێڵی دەستپێشخەری تۆماری جیهانیی هەورامان بەڕێوە چوو
بەشی فەرهەنگ و هونەر- پانێڵی دەستپێشخەری تۆماری جیهانیی؛ کلتور و گەشەپێدانی بەردەوام، لە ژیر ناونیشانی (دیبلۆماسییەت و پەیوەندی نێودەوڵەتی) بە بەشداریی موئمین زەڵمی مامۆستای زانکۆ و نوێنەری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پانێڵەکەدا سێ پسپۆڕ ئامادەبوون؛ د.موئمین زەڵمی مامۆستای زانکۆ وەک تاقە نوێنەری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بابەتێکی لەژێر ناونیشانی ( هەورامان، زمان و کلتور و مافی ئافرەتان) پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا د. زەڵمی، باسی لە پێویستی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد بۆ گرنگیدان بە ناوچەی هەورامان، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیاری کردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانی هەورامان و دروستکردنی لیژنەی هاوبەشی هەماهەنگی دوولایەنە و پرۆژەی هاوبەشی هونەری و تەلارسازی و هەروەها بەرهەمهێنان فیلم و دۆکیۆمێنتاری لەسەر هەورامان بە پێویست زانی و جەختیکردەوە کە لە بواری مافی ئافرەتاندا دەکرێت هەورامان بە ژینگەی تەندروستی کۆمەڵایەتییەور ببێتە ئولگو و مۆدێلێک بۆ عێراق و وڵاتانە ناوچەکە لە پێناو پارێزگای لە مافی ئافرەتان وکەمکردنەوەی توندتیژی دژی ژنان کە هەورامان لەم ڕووەوە پێشەنگە لە مافی ئافرەتان.

موئمین زەڵمی باسی لە رۆڵی وەزیری رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستپێشخەر بووە بۆ پێشکەش کردنی پرۆژەی خوێندنی زمانی دایک بۆ منداڵانی هەورامان کە ئەمەش بناغەیەکی گرنگە بۆ خزمەتی فەرهەنگ و کلتوری ناوچەکە و پارێزگاری لە زمانی هەورامی.

هەروەها لای خۆیەوە مەهدی شووشتەری کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی وتەیەکی دەربارەی دەرفەتەکانی هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە و سیامەک بەهرامی مامۆستای زانکۆی کرماشان و خەڵکی هەورامان بابەتێکی لەسەر گرنگی تۆماری جیهانیی هەورامان پێشکەش کرد.

مه‌هدی شوشته‌ری سه‌رکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی کلتور له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و پێگه‌ی دیپلۆماسی گشتی له‌ په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌کیه‌کانی نێوان وڵاتان، تۆمارکردنی جیهانی ناوچه‌ی کلتوری هه‌ورامان له‌ لایه‌ن رێکخراوی یۆنسکۆوه‌ وه‌ک که‌له‌پووری کلتوری، به‌ ره‌چاوکردنی توانا به‌رز و تایبه‌ته‌ گه‌شتیاریه‌کان و که‌له‌پووری کلتوری مه‌عنه‌وی و به‌رجه‌سته‌ له‌ ناوچه‌ی هه‌ورامان و درێژکراوه‌ی جوگرافیایی و کلتوری ئه‌م ناوچه‌یه‌ تا پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، کرد و رایگه‌یاند ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌رفه‌تێکی گرانبه‌های بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کان و هاوکارییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له‌ ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌کانی وه‌ک بواری گه‌شتیاری، زانستی و زانکۆیی، پیشه‌سازی کاری ده‌ستی، به‌ڕێوه‌چوونی رووداو و فستیڤاڵه‌ کلتوری و هونه‌رییه‌ هاوبه‌شه‌کان و ته‌نانه‌ت په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانیه‌کانی نێوان هه‌ردوولا دروست کردووه‌ که‌ پێویست ده‌کات له‌ لایه‌ن دامه‌زراوه‌ و ده‌زگا و پێکهاته‌ جیاوازه‌ حکومی و ناحکومیه‌کانی هه‌ردوولاوه‌ گرنگی تایبه‌تی پێ بدرێت.

وا بڕیارە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ زانکۆی رازی کرماشان بۆ یەکەمینجار کۆنفرانسی جیهانیی هەورامان بەڕێوەببات لە کۆنفرانسەکەدا توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداری کارایان دەبێت.