کۆمه‌ڵى دادگه‌ریی کوردستان: پێویستە قوباد تاڵەبانی هۆکاری ئەو قەیرانانەی بەرۆکی هاووڵاتیانی سلێمانیی گرتووە ڕوونبکاتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وته‌بێژى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى په‌یامێک ئاراسته‌ى قوباد تاڵه‌بانى ده‌کات داوا دەکا هۆکاری ئەو قەیرانانەی بەرۆکی هاووڵاتیانی سلێمانیی گرتووە ڕوونبکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حه‌کیم وته‌بێژى کۆمه‌ڵى دادگه‌ریی کوردستان له‌ بابه‌تێک له‌ژێر ناونیشانى (دۆخی سلێمانی و ڕۆڵی جێگری سەرۆکی حکوومەت) رایگەیاند: "دۆخی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە زۆر ڕووەوە خراپە و مەترسی لەسەرە، لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا بە تایبەتی دۆخێکی نالەبارتر لەم ناوچەیەی کە ئەمری واقیع ناوی سەوزی بەسەردا سەپاندووە، دەگوزەرێت بە تایبەت لە ڕووی مووچە و خزمەتگوزارییەکانەوە .

ناوبراو ئاماژەى بەوەش کردووە، کاتیەتی کە  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە حوکمی بەرپرسی یەکەمی دەسەڵات لەم زۆنە و بەرپرسی دووەمی حزبی دەسەڵاتداری زۆنەکە، هۆکاری دۆخی سلێمانی و ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکی هاووڵاتیانی ئەم سنوورەی گرتووە ڕوونبکاتەوە و بە ڕاشکاوانە بڵێ هۆکار پارتییە یان حزبەکەی خۆی یان هەر هۆکاریەکی تر .

وته‌بێژه‌که‌ى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى دەڵێت: "هیچ کاتێک بە ئەندازەی تەمەنی ئەم کابینەیە، دۆخی ناوخۆ لێکترازاو و گوزەرانی خەڵک سەردەمی خراپی وای بەخۆیەوە نەدیوە، بۆیە ئەرکی ئەخلاقیی و سیاسیی قوباد تاڵەبانیە ، بە خەڵک بڵێت ئەمە چیە روودەدات و بۆ بەردەوامە و جگە لە قسە، هیچ کردارێک بە ئاراستەی چارەسەر دیار نیە".