دەمیرتاش داوا لە  ڕۆشنبیران و سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات هەوڵ بدەن بۆ گۆڕینی حکوومەت

بەشی تورکیا- هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لەنوێترین لێدوانیدا لەزیندانەوە دەڵێت: "دەبێت گەلی تورکیا خۆیان بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە وڵاتەکەیان ئامادەبکەن".

کوردپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی زەمان، دەمیرتاش کە بەتۆمەتی پشتیوانی کردنی تیرۆر لە زینداندایە، لەماوەی ڕابردوودا ناوبەناو لێدوانەکانی لە ڕێگه‌ی پارێزەرەکەیەوە بڵاو دەکردەوە، بەڵام هەڵوێستەکەی ئەمجارەی لەڕێگای وتارێکەوە دەربڕیوە و تێیدا داوایکردووە گەلانی تورکیا خۆیان بۆ گۆڕانکاریی گەورە ئامادە بکەن.

لە وتارەکەیدا دەمیرتاش دەڵێت: "ئامادە بن بۆ گۆڕانکاریی گەورە، کەس دوورمەخەنەوە، کار لەسەر ئەوەبکەن کە هەموو دەست لەناو دەست ‌و شانبەشانی یەکتر بوەستن، خاڵی هاوبەشتان بریتییە لە کۆمارێکی دیموکراتی، نیشتیمان تورکیایە و دەوڵەتە هاوبەشەکەشمان کۆماری تورکیایە".

دەمیرتاش هەروەک دەڵێت: "یەکبگرن ‌و لەدەوری پرەنسیپە دیموکراتییەکان کۆ ببنەوە، واز لەوەبهێنن کێ دەبێت بە پاڵێوراوی پۆستی سەرۆکایەتیی، ئەو فەرمانبەرە زەبەلاحەی وڵات بۆ ئاستی پێویست بەرز دەکاتەوە، تەنها کەسێک نییە، بەڵکوو ملیۆنان کەسن".

لەکۆتایی بابەتەکەیدا دەمیرتاش داوای لەگەلی تورکیا کردووە کە پێیوستە بەگوڕ و تینەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن‌ و حکوومەت بگۆڕن.

News Code 5951

Your Comment

You are replying to: .
captcha