ئەنەکەسە ئیرادەی سیاسیی نییە و نابێت ببێتە ئەسپی ترۆوای تورکیا

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S)  دەڵێت: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردستانی سووریا دوکان و بازاڕ نییە کە ئێمە لەسەری لەگەڵ ئەنەکەسە مامەڵە بکەین و بەشێوەی پەنجا-پەنجا دابەشی بکەین.

جەمال شێخ باقی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە بۆچی دوو ڕەوتی حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد پاش تێپەڕبوونی ماوەیێکی زۆر لە دانوستانی نێوانیان هێشتا نەیانتوانیوە لەسەر پرسەکانی کوردستانی سووریا بە ئەنجامێک بگەن و ڕۆڵی پارتی پەکەکە لەمبارەوە چییە؛ وتی: ئەمە ڕاستە کاریگەریی بابەتگەلێکی دیکە لەسەر گفتوگۆکان ڕەت ناکرێتەوە، بەڵام پرسی سەرەکی ئەمەیە کە ئەمریکا بەنیاز بوو دوو ڕەوتی سەرەکیی کورد لە سووریا لێکتر نزیک بکاتەوە تاکوو ناکۆکییەکان لەگەڵ تورکیا کەم ببێتەوە و واشنتۆن و ئەنقەرە بڵێن باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەدەستی پەکەکەدا نییە بەڵکوو کوردانی سووریا دەیبەنە ڕێوە و بەم کارە ڕێگری لە هێرشەکانی تورکیا بکات.

ناوبراو لەبارەی ئەوەی کە بۆچی ئەم دانوستانە بێ ئەنجامە وتی: دوو ڕەوتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد دوو بەرەی جیاوازن کە دوو ڕوانگەی جیاوازیان هەیە. سەرکەوتنی دانووستانەکان ئەگەر بەدڵی تورکیا نەبێت ئەنەکەسە قبووڵی ناکات و ئێمەیش قبووڵ ناکەین دەسکەوتەکانی ئیدارەی خۆسەر لەناو بچێت چوونکە تورکیا دەیهەوێت پرسێک بە ناوی پرسی کورد نەبێت و ئەوان بەنیازن ئەنەکەسە بکەنە ئەسپی ترۆڤا و داخڵی ئیدارەی خۆسەری بکەن تاکوو بە ئامانجەکانیان بکەن.

ئەندامی شاندی دانوستانکاری PYNK زیادی کرد: تورکیا وڵاتێکی داگیرکەرە و دژی بەرژەوەندییەکانی میللەتی کورد وەستاوە بەڵام برایانی ئەنەکەسە ناڵێن تورکیا عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی و دیکەی ناوچەکانی داگیر کردووە و دەڵێن تورکیا دۆستی گەلی سووریا و کوردەکانە. ئەوان دەڵێن تورکیا دژی پەکەکەیە لە حاڵێکدا بەمشێوە نییە و هەمووان بە شۆناسی داگیرکاریی تورکیا دەزانن.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) لەبارەی بەرەی سیاسیی ئەنجومەنی نیشتمانی وتی: ئەنجومەنی نیشتمانی ساڵی 2012کوردستانی سووریایان بەجێهێشت و چوونە تورکیا و ئیرادەی خۆیان گرێ دایە حکوومەتەکانی تورکیا قەتەرەوە و وایان دەزانی ڕەژیمی سووریا دەڕووخێت و ئەوان دەچنە ناو حکوومەتی نوێوە. بەڵام ئێمە لەگەڵ میللەتی خۆمان وەستاین و شەڕمان کرد و ئیدارەی خۆسەرمان پێکهێنا. ئێمە پێیان دەڵێین کە دەتوانن بگەڕێنەوە و لەم ئیدارەیەدا بەشدار بن و ڕای خۆتان بڵێن. بەڵام ئەوان وا بیر ناکەنەوە و دەڵێن ئەم ئیدارەیە دەبێت هەڵبوەشێتەوە و ئیدارەیێکی نوێ پێکبێت و هەموو شت ببێتە پەنجا-پەنجا.

شێخ باقی وەبیری هێنایەوە: ئەم ئیدارەیە دووکان و بازاڕ نییە کە ئێمە لەسەری مامەڵە بکەین و بە شێوەی پەنجا-پەنجا دابەشی بکەین. ئێمە چەندین جار بەوانمان وتووە کە دەتوانن بەشداری لەم ئیدارەیەدا بکەن. هەر بەو شێوەیە کە حزبەکانی بەشداربووی PYNK بەشدارییان تێدا کردووە. ئەم بابەتەش دەبێت بزانن کە ئەم ئیدارەیە تەنها هی کورد نییە و ئەتنیک و میللەتەکانی دیکەشی تێدایە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە لەبارەی پرسی هێزی سەربازیی نێوان ئەم دوولایەنە وتی: ئێمە چەندین جار ئەمەشمان وتووە نابێت دوو هێزی سەربازی جودا لە یەکتر لە یەک هەرێمدا بێت. لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات لەشکری فەرمی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا دێنە ئەژمار و هەموو یەکە سەربازییەکان لەوان یەپەژە و پەپەگە و ئەنجومەنی سەربازیی سەریانی و ئەنجومەنی سەربازیی ئاشووری و هێزە عەرەبەکان هەموویان لەژێر چەتی هەسەدە-دان. بەڵام ئەوان دەڵێن ئێمە خاوەنی پێشمەرگەی ڕۆژ-ین و ئێوەیچ خاوەنی هەسەدە بۆیەە ئەم لەشکرە دەبێت بێتەوە کوردستانی سووریا. ئێمە وتووەمانە ئەم کار نامومکینە چونکە لە داهاتوودا دەتوانێت کێشەی ئەمنی دروست بکات و شەڕی لێبکەوێتەوە.

ناوبراو لەبارەی یارمەتیی پەکەکە بۆ کوردانی سووریا وتی: لە ساڵی 2012وە و لەو کاتەوە کورد بڕیاری دا کە لە سووریا خۆی بپاررێزێت پەکەکە یارمەتیی زۆری گەیاندە کوردانی سووریا و هەزاران کەسیان لەگەڵ هێزەکانی ئێمە لێرەدا کوژران بۆیە دەبێت ئێمە لە پشتەوە خەنجەریان لێنەدەین.

شێخ باقی وتیشی: ژمارەیێک لە ئەندامانی ئەنەکەسە ڕاستەوخۆ سەربە تورکیان و هەندێکیشیان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقن و کاریگەریی ئەم پرسە لەسەر دانوستانەکانی نێوان PYNK و ENKS بە ڕوونی دەبینرێت. ئەنەکەسە ئیرادەی نییە و لەژێر کاریگەریی تورکیا و پارتیدایە و پارتیش کاریگەریی تورکیای لەسەرە.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) لە کۆتاییدا وتی: ئۆخەکە باش نییە و هەموو ڕووداوەکان بوونەتە هۆی ئەوەی دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام.

News Code 5953

Your Comment

You are replying to: .
captcha