هەمبەر دەست درێژی و داگیرکارییەکانی تورکیا دەوەستینەوە

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا، دەڵێت سیاسەتی ئێمە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە درواسێکانمان پێکهاتووە بەڵام تورکیا هێزێکی داگیرکەرە و هەموو ڕۆژێک دژ بە خەڵکی ئێمە هەڵدەسێت بۆیە ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە هەمبەر ئەم هێرشانە بوەستین.

کۆفان کەنعۆ، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی سووریا و وتی: دەوڵەتی تورکیا لە سەر وێرانەکانی حکوومەتی عوسمانی بینا کراوە و ئیمپراتۆریەتی عوسمانیش دەستی بە خوێنی کورد سوورە.

ناوبراو درێژەی دا ئەمانە خۆیان کۆچبەر بوون و ئەمڕۆ بە داگیر کردنی عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی خەریکی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەن و پەنابەران لە سەرزەمینی کورد جێگیر دەکەن.

کۆفان کەنعۆ دەڵێت سیاسەتی تورکیا ڕوونە ئەم وڵاتە دەیەوێت کورد لە خاکی خۆی دەربکات و لەژێر ناوی مافی مرۆڵ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دیموگرافیای ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بگۆڕێت و بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی بگات.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا وتیشی، تورکیا بڕیوای بە مافی گەلانی سووریا نییە و لە 10 ساڵی ڕابردوودا بە پشتگیری کردن لە گرووپە توندڕەوەکان ئاسایشی ناوچەکەی تێکداوە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە وەبیری هێنایەوە: مەرام و خواستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە حکوومەتی ئێستای تورکیادا ڕەنگی داوەتەوە. سیاسەتەکان هەمان سیاسەتی لەناوبردن و کوشتنە بۆیە دەبێت وڵاتانی زلهێز فریوی تورکیا نەخۆن و ئەرکی یاسایی و ئینسانیی خۆیان لەبارەی خەڵکی سووریا جێبەجێ بکەن.

کۆفان کەنعۆ جەختی کردەوە: ئێمە لە هەموو ئامێرەکانی سەربازی و دیپلۆماسی و سیاسی کەڵک وەردەگرین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: سیاسەتی ئێمە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە درواسێکانمان پێکهاتووە بەڵام تورکیا هێزێکی داگیرکەرە و هەموو ڕۆژێک دژ بە خەڵکی ئێمە هەڵدەسێت بۆیە ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە هەمبەر ئەم هێرشانە بوەستین.

News Code 5958

Your Comment

You are replying to: .
captcha