ئەمریکا ئاسمانی کوردستانی سووریای بەڕووی تورکیا داخستووە

بەشی سووریا- بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازدیا کوردستان (ŞAK) لە سووریا بە کوردپرێسی وت: ئەگەر ئەمریکییەکان ڕێگە نەدەن تورکیا فڕۆکەی جەنگی بەکار بهێنێت شەڕی زەمینی بۆ تورکیا زۆر قورس دەبێت و باجی لە سەر تورکیا زۆر دەبێت چوونکە کوردەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شەڕی بەرامبەردا زۆر خۆڕاگرن.

کوردپرێس:

عەبدوڵا ئیمام بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازدیا کوردستان (ŞAK) لە سووریا دیمانەیێکی تایبەتی لەگەڵ کوردپرێس کردووە و لە دیمانەکەدا ئاماژە بە دۆخی عەین عیسا پاش هێرش هێنانی گرووپەکانی سەر بە تورکیا دەکات و دەڵێت: سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێیین کە ناوی کوردیی عەین عیسا (BOZANÎ) بووە بەڵام دەوڵەتی بەعس لە ساڵانی ڕابردوودا ناوی شارە و گوندە کوردییەکانی بۆ ناوی عەرەبی گۆڕیوە و ئەوەش سیاسەتێک بوو بە بەعەرەب کردنی ناوچە کوردییەکانی سووریا.

عەبدوڵا ئیمام گوتیشی: عەین عیسا (بووزانی) ناوچەیێکی ستراتێژیی گرینگە بۆ کوردستانی سووریا چوونکە لە نێوان جادەی نێودەوڵەتیی حەلەب واتا جادەی (M4) و لازقیە و دەریای ناوەڕاست بە عەین عیسا و حەسەکە و تەل کوچەر و سنووری عێراق و سووریاوە دەلکێنێت و هەروەها عەین عیسا خاڵی لکاندنی کۆبانێ و ڕەقەیە.

ناوبراو زیادی کرد: عەین عیسا ئەگەر لە کۆبانێوە حیساب بکرێت تەنها 85 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورڕە و ئەگەر لە گرێ سپییەوە حیساب بکرێت 40 کیلۆمەتر لە سنوور تورکیا دوورە. سەرەتای ساڵی 2020 ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و تورکیا ئەنجام درا کە هێزە کوردییەکان 32 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دوور بکەونەوە و ئەمریکا ڕێگەی دا تورکیا ژمارەیێک لە شار و گوندەکانی ئەو ناوچەیە داگیر بکات. ئەگەر تورکیا نیازی بێت عەین عیساش داگیر بکات پێویستی بە دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی نوێیە.

بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازدیا کوردستان (ŞAK) لە سووریا ئاشکراشی کرد: ڕێککەوتنی پێشوو ڕێگەی هێرشی دوبارە بە تورکیا نادات چوونکە لەوێ لە سەر داخڵ بوونی 32 کیلۆمەتری ڕێککەوتن کراوە. تورکیا ئێستا وا بیر دەکاتەوە کە ئەمریکا سەرقاڵە بە کاروباری ناوخۆ و مەسەلەی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بۆیەش نیازیەتی دەرفەتی لێبێنێت و هێرشێک دەست پێبکات.

عەبدوڵڵا ئیمان بیریشی دێنێتەوە گە تورکیا ناتوانێت هێرش بکات لەبەر ئەوەی ئەگەرچی ئەمریکا سەرقاڵی کاروباری ناخۆیەتی بەڵام ئاسمانی کوردستانی سووریا لە ژێر پشتیوانیی ئەمریکادایە و تورکیا ناتوانێت بە بێ ئیزنی ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا بسووڕێنێتەوە.

ئەو یاساناس و سیاسەتوانە کوردە زیادی کرد: ئەگەر ئەمریکییەکان ڕێگە نەدەن فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا بە ئاسمانی ناوچەکەدا بفڕێت ئەوا تورکیا لە شەڕی بەرامبەردا باجێکی قورس دەدات چوونکە کورد و هێزی سووریای دیموکرات لە شەڕی زەمینی و بەرامبەردا زۆر خۆڕاگرن.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: هەر لەو بارەیەوە ئەمریکییەکان هەفتەی ڕابردوو شاندێکیان بە سەرەپەرستیی ژنەراڵ مەکێنزی فەرماندەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە ناردە کوردستانی سووریا و بە شێوەیێک لە شێوەکان هاتنی ئەو فەرماندەیە هەڵگری ئەو پەیامە بوو کە ئەمریکا ڕێگە بە تورکیا نادات هێرش بکات.

بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازدیا کوردستان (ŞAK) ئەوەشی دووپات کردەوە کە تورکیا ناتوانێت هێرشێکی دیکە دژی کوردستانی سووریا دەست پێبکات. تورکیا نەخشە و پلانی فراوانی بەدەستەوەیە بۆ ناوچەکە و نیازیەتی ڕەقە و تەبقا و بەنداوە گرینگەکانی فورات و تشرین داگیر بکات. ئەو دوو بەنداوە لای کوردستانی سووریا زۆر گرینگن و کارەبای ناوچەکە و بەشێک لە سووریا دابین دەکەن.

ناوبراو گوتیشی: هەروەها قەبری سوڵتان سلێمانی عوسمانی لەو ناوچەیەدایە و بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی 60 ساڵ لەوەو پێشی نێوان تورکیا و سووریا مەزاری سوڵتان سلێمان بە بەشێک لە خاکی سووریا ناو براوە. پاش ڕووداوەکانی ساڵی 2011 و هێرشی داعش تورکەکان ناچار بوون مەزاری سوڵتان سولەیمان بگوازنەوە گوندی ئاشمە لە کۆبانێ و نزیکی سنووری تورکیا. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە تتورکیا بەردەوام سەودای ئەوەی لە سەردایە بگەڕێتەوە سووریا. تورکیا کە نیازیەتی دەستی بە ڕەقە و تەبقا بگات بەمەش کۆبانێ و مەنبەجیش دەکەونە نێو گەمارۆوە.

عەبدوڵا ئیمام دووپاتی کردەوە ئەمە تەنها خولیایە و لە مێشکی تورکیایە چوونکە بۆ ئەو مەبەستەی پێویستی بە ڕەزامەندیی ئەمریکایە. ئەم مەسەلەیە تەنها بە بڕیاری تورکیاوە نەبەستراوە بەڵکوو ڕووسیا لایەنێکی دیکەی ئەم مەبەستەیە و تەنها بە یارمەتیی ڕووسیا دەتوانێت مەبەستەکەی جێبەجێ بکات.

بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازدیا کوردستان (ŞAK) لە کۆتاییدا ئەمەشی زیاد کرد: تورکیا و ڕووسیا ئەمڕۆکە لە زۆربەی ناوچەکاندا ڕووبەڕووی یەکتر وەستاون و لە لیبیا و ئیدلیب هێزیان بەرامبەر یەکتر داناوە. بەڵام لە مەوزووعی عەین عیسادا ڕووسیا نیازیەتی تورکیا گوشار بخاتە سەر هەسەدە لەبەر ئەوەی کوردەکان ناچار بکات عەین عیسا ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشق بکەنەوە. بەڵام دوور نیە کە هێزە ڕووسییەکان بە شێوەی سیمبۆڵی لە عین عیسا جێگیر بکرێن و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە عەین عیسا بکشێنەوە و بەرەو باشوور پاشەکشێ بکەن.

ناوبراو زیادیشی کرد: ئەم بابەتانە تا ئەو کاتە بەردەوامن کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا جێگیر ببێت. پاش سەقامگیربوونی دەوڵەتی نوێی ئەمریکا ڕەنگە چەند گۆڕانێک ڕوو بدەن بەتایبەت لەبارەی کوردستانی سووریا و ناوچەکەوە چوونکە بە قەناعەتی زۆربەی چاودێران ئیدارەی ترەمپ زۆر ڕژدترە کە ڕووبەڕووی تورکیا و ڕووسیا ببێتەوە. بۆیە لە سەردەمی نوێدا نەک هەر تورکیا ناتوانێت ناوچەیێکی دیکە داگیر بکات بەڵکوو چەند ناوچەیێکیش لە دەست دەدات.

News Code 597

Your Comment

You are replying to: .
captcha