بەغدا بەنیازە کۆتایی بە چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بێنێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی پەرلەمانی کوردستان هۆشداریی دەدات و مەترسییەک لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو، کە بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی نیوەی نەوتەکەی و تەواوی غازەکەی لەدەست دەدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت، بەغداد دەیەوێت دەستبەسەر 42٪ی نەوت و کۆی غازی سروشتیی هەرێم خورمەڵە و کۆرمۆردا بگرێت، کە ئەوەش کۆتایی نەوت، غاز و کارەبایە.

ڕوونکردنەوەی لەبارەی هۆشدارییەکەی داوە، ئاشکرایکردووە، کۆمپانیای نەوتی باکوور لە دادگای عێراقی سکاڵای کردووە، هەرێمی بەوە تۆمەتبارکردووە کە بە زەبری چەک دەستی بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و کێڵگەی کۆرمۆردا گرتووە، بەوتەی پەرلەمانتارەکە، پلانیان ئەوەیە دەست بەسەر ئەم دوو کێڵگەدا بگرنەوە.

عەلی حەمەساڵح ئە دوو کێڵگەیە بە ڕۆحی پرۆسەی نەوت و غازی هەرێم وەسف دەکات، بەو پێیەی 42% نەوتی کوردستان بەرهەمدەهێنن و باشترین کوالێتیی هەیە، هەروەها خورمەڵە کە گەورەترین کێڵگەی نەوتی هەرێمە، هیچ کۆمپانیایەکی بیانی لێنییە و کۆمپانیای کار بەڕێوەی دەبات و تێچووی نەوتی کەمە.

لەبارەی کێڵگەی کۆرمۆر-یشەوە ڕوونکردنەوەی داوە، بەوەی داناغاز و هاوبەشەکانی بەڕێوەی دەبەن، 12 هەزار بەرمیل کۆندێن سەیت و هەزار و 100 تەن غازی (LPG) و 440 ملیۆن پێ سێجا غازی بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە و پلانی زیادکردنی بەرهەمی غازی کۆردستان، ئەگەر هەبێت، بۆ ئەم کێڵگەیە.

بۆیە پەرلەمانتارەکە ئەو دوو کێڵگەیە بە ڕۆحی سیاسەتی وزە و هێزی ئابوریی هەرێم ناودەبات.