نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، کۆبوونەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە دیدارێکی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئەمریکا هەڵبژاردنی هەرێم و پێوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ کرا.

کوردپرێس: بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر کردووە. تولەر ئەرکەکەی لە عێراق کۆتاییدێت و بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی هەولێری کردبوو.

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئەمریكای كرد بۆ هه‌وڵ و یارمەتیدانی لە برەودان بە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ماتیۆ تولەر سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و دامودەزگا و لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو هاریكاری و هاوئاهەنگییەی لە ماوەی ئەركەكەیدا لە عێراق لەگەڵ خۆیان و باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەیانبووە و هیوای خواست ئەو هاوكاری و هاوئاهەنگییە بەردەوام بێت".

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا هەردوولا پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ ئەمریكا و برەودان بە بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش و هاندانی سەرمایەی ئەمەریكی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و هه‌رێمی کوردستان تاوتوێ كرد و تیشكیان خستەسەر دۆخی عێراق و کێشه‌ و ئاڵەنگارییەکانی به‌رده‌م پڕۆسه‌ی سیاسیی و هه‌وڵه‌کانی تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌که‌.

یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و ماتیۆ تولەر باسی لێوەکرا، هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان بوو. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: دۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بەردەوامیی هەڕەشەی داعش لە ناوچەكە و هاندانی چالاكیی ئابووری لە هەرێمی كوردستان، چەند تەوەرێكی دیكە بوون لە دیدارەكەدا باسیان لێوەکرا.