کوردپرێس:
ڕۆژی شەمە 13ی بەفرانباری 1399 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە دوایین دۆخ و داتای تایبەت بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە ئەم شەپۆلەی کۆرۆنا بە هاوکاریی هاووڵاتییان و لەسەرخەت بوونی تیمی تەندروستی و ماندووبوونی پزیشک و پەرەستارەکان تێپەڕی و ئێستا تەنها 4 شاری ئێران لەباری کۆرۆناوە بە ڕەنگی زەرد و پرتەقاڵی ماون و دیکەی شارەکان گەڕاونەتەوە بۆ ڕەنگی سپی کە نیشانەی نەمانی مەترسییە.
ڕۆحانی گوتیشی بەو حاڵەشەوە پێویست دەکات پێبەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان بەردەوام بێت و هاووڵاتییان وەک پێشوو لە سەر خەت بن بۆ هاوکاری کردن و خۆبواردن لە کۆبوونەوە و ڕەچاوکردنی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، چوونکە مەترسیی ئەوە لە ئارادایە کە لە مانگی ڕێبەندان و ڕەشەمە شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنا داوێنمان بگرێتەوە.
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا کرد کە بە ناوی کۆرۆنای بەریتانی ناسراوە و جەختیشی کردەوە کە پێویستە دەروازەکان بۆ هاتوچۆ توندوتۆێ بکەن و پرۆتۆکۆلی داخڵ بوون بە وڵات بە وردی جێبەجێ بکرێت لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو ڤایرۆسە داخڵی نێو وڵات ببێت دیسان کێشەی جدی دروست دەبێت.
شایانی باسە پاش پەرەسەندنی شەپۆلێکی کۆرۆنا لە ئێران ماوەی چەند ڕۆژێکە ئامارەکانی تووشبوون و مردن بەو ڤایرۆسە بە شێوەیێکی بەرچاو کەمی کردووە.
Your Comment