تورکیا هەڕەشەیەکی  ستراتێژیکە بۆ سەر کورد
بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: سەردانەکەی بەدران چیا کورد یاریدەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا بۆ هەرێمی کوردستان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بەتایبەت داگیرکارییەکانی تورکیا بوو.

هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سەردانی ئەمدواییەی جێگری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ حزبەکانی ناوچەکە و وتی: بەردان چیا کوردجێگری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا بۆ کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ حزبەکانی کوردستانی عێراق سەردانی ناوچەکەی کردووە. ناوچەکە لەژێر کاریگەریی چەندین هەڕەشەدایە و ئەم سەردانەیش بەبۆنەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی کوردستان و ناوچەکەیە.

ناوبراو درێژەی دا لەم دیدارانەدا جەخت لەمە کراوەتەوە کە پێویستە کورد لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەوە هەڵویستی یەکپارچەیان هەبێت و پاوانخوازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریا و شەنگال بەهەند وەربگیردرێت.

ناوبراو وتیشی تورکیا بەدوای داگیرکاری و پاوانخوازیدایە و هەر ئامێرێک دەخاتە کار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لەم نێوانەشدا پەرتەوازەیی بەرژەوەندیی کوردەکان بووەتە هۆکارێک بۆ گەیشتنی تورکیا بە ئامانجەکانی خۆی.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ شاندی سیاسیی قامیشلۆ لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە بووە جەختی کردەوە: یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان نیشتەجێ کردنی یەک ملیۆن ئاوارەی سووریە لە باکووری سووریا. ئامانجی تورکیا گۆڕینی دیمورافیا و کەڵک وەرگرتن لە ئاوارەکانە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. ترکیا دەیهەوێت کارتی پەنابەران بخاتە کار بۆ گەیشتن بە ئامانجە دەستدرێژیکارانەکانی خۆی.

ناوبراو وتی: ئەم سیاسەتەی تورکیا هەموو سنوورەکانی لەگە سووریا دەگرێتەوە و بەرنامەیەکی درێژخایەنە بۆ ناوچەکە.

دەروێش وەبیری هێنایەوە: ئامانجی تورکیا کۆچ کردنی زۆرەملێی کورد و نیشتەجێ کردنی عەرەب و تورکمانە لە سنوورەکاندا و تا ئێستاش ژمارەیێک لەم حەشیمەتە جێگیر کراون.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان زیادی کرد: تورکیا بۆ نیشتەجێ کردنی هێڵێک لە ئیخوان موسلمین لە سەر سنوورەکانی خۆی کەڵک لە سەرقاڵ بوونی کۆمەڵگای جیهانی بە شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا وەردەگرێت و هەروەها وەکوو کارتێکی گوشار بەکاریان دێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی.