بەغدا هەوڵ بۆ کورت کردنی دەستی کورد دەدات لە پیشەسازیی نەوت و گاز

بەشی جیهان- ڕۆیتێرز ڕاپۆرتێکی لەزاری سەرچاوە تایبەتەکانی خۆیەوە بڵاو کردۆتەوە و باس لەوە دەکات کە بەغدا هەوڵ دەدات دەستی هەرێمی کوردستان لە گرێبەستە نەوتییەکان کورت بکات و بەشێوەی ڕاستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نەتییەکان ببەستێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەو کۆمپانیایانەی بواری نەوت ‌و غاز کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە داوایان لێکراوە لەبری حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق سۆمۆ گرێبەستی نوێ ئیمزا بکەن.

وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕێگەی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بواری پارێزەرایەتییەوە داوای لە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە گرێبەستی کارکردنی خۆیان لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ نوێ بکەنەوە، ئەگەر ئەمە نەکەن، حکوومەتی عێراق رێوشوێنی یاسایی تر لە دژیان دەگرێتەبەر.

ئەمە هەوڵێکی نوێی حکوومەتی عێراقە بۆ کۆنترۆڵ کردنی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی 7ی ئایاری رابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، دوای شکستهێنانی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم، وەزارەتی نەوت دەست بە جێبەجێ کردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەکات، بڕیارێک کە شوباتی ئەمساڵ دەرچوو، تێیدا یاسای نەوت ‌و غازی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێندرایەوە‌ و داوای ئەوە دەکات هەرێم نەوت ‌و غازی خۆی رادەستی بەغداد بکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی نەوتی عێراق کۆمپانیایەکی بواری پارێزەرایەتی نێودەوڵەتی داناوە بەناوی کۆمپانیای کلیری جوتلیب ستین ئەند هاملتون بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی بواری نەوت‌و غاز کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئەمە بۆ ئەوەیە کۆمپانیاکان کارەکانیان بەجۆرێک رێکبخەنەوە کە لەگەڵ یاسای کارپێکراوی عێراقدا گونجاو بێت.

رۆیتەرز کە دەڵی خۆی نووسراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی بینیوە، باس لەوە دەکات لە نووسراوەکەدا هاتووە: "جێبەجێ کردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویستی بە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی هەیە لە گرێبەستی کۆمپانیاکاندا".

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە "کۆمپانیاکانی تریش نووسراوەکەی وەزیری نەوتیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەدەستگەیشتووە".

لەدوای هەڕەشەکەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، ئەمە یەکەم نوسراوە کە وەزارەتی نەوت ئاڕاستەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی دەکات، راوێژکارێکی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق کە بەمەرجی ئەوە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە ناوەکەی بڵاونەکرێتەوە، وتوویەتی: لیژنەی هاوبەشی حکومەت کە نوێنەرانی وەزارەتی نەوت لەناویاندا وەزیری نەوت‌و کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق‌ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لەخۆدەگرێت، پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمدا دەکەن ‌و ئامانج لەمەش ئەوەیە ئیمزاکردنی کۆتایی گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا بێت نەک حکوومەتی هەرێم.

رۆیتەرز پەیوەندی بە کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوتەوە کردووە لە هەرێمی کوردستان لەوانە گەنەڵ ئینێرژی ‌و شیفرۆن ‌و گلف کیستۆن هەروەها پەیوەندی بە کۆمپانیای بواری پارێزەرایەتی کلیری جوتلیبەوە کردووە، بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون قسە لەبارەی ئەم بابەتەوە بکەن، هەروەک وەزارەتی نەوتی عێراق ‌و کۆمپانیای DNOی بواری نەوت و غازیش ئامادەنەبوون قسە بکەن.

بەڵام بەرپرسێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق وتویەتی، وەزارەت هێشتا هیچ وەڵامێکی لەلایەن کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانەوە پێنەگەیشتوەتەوە‌ و ئەگەر وەڵام نەدەنەوە رێوشوێنی یاسایی زیاتر دەگیرێتەبەر، بەبێ ئەوەی باسی وردەکاری رێوشوێنە یاساییەکانی تر بکات.

نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، بەبێ هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ ناکەن.

News Code 6014

Your Comment

You are replying to: .
captcha