لە گوندێکی گوڵاڵە چەکدارانی داعش چوار ئەندامی خێزانێکیان شەهید کرد
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە هێرشی شەوی دووشەممەی داعش بۆسەر گوڵاڵە، چەکدارەکان چوونەتە ماڵی هاونیشتمانییەکەوە و چوار ئەندامی خێزانەکەیان شەهید کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەمبارەوە شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هاونیشتمانییە ناوی عەدنان عوسمانە، چەکدارەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و خۆی، کوڕێکی و دوو کچیان شەهید کردووە.

داعش لە هێرشەکەیدا نیشانشکێن و هاوەنی بەکارهێناوە. بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ ئاماژەی بەوە کرد، چەکدارەکان بە هاوەن هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێکی دیکەش، بەڵام زانیاری لەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە نەزاندراوە.

هێرشەکە لە کاژێر 10:00ـی شەو روویداوە. لە سەرەتای هێرشەکەدا، شەماڵ عەبدولڕەحمان بە رووداوی گوت، دوو کەس کوژراون. بەوپێیە، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە شەش کەس، هەشت کەسی دیکەش بریندارن کە دوو سەربازیشیان تێدایە.