تورکیا هەڕەشەیە بۆسەر هەموو کوردێک

بەشی سووریا- ئەندامی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەبێت هەموو دەفرایەتییە دیپلۆماسییەکانمان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بخەینە کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکانی تورکیا لە کوردستانی سووریا و هەرێمی کوردستانی عێراق.

فەتحوڵڵا حسێنی ئەندامی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە هەڵسەنگاندنتان بۆ سەردانی جێگری یەکەمی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردستانی سووریا بۆ هەرێمی کوردستان چییە، وتی: سەردانەکەی شاندی حزبە کوردستانییەکانی سووریا بە سەرپەرشتیی بەدران چیا کورد بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق کۆبوونەوە لەگەڵ حزبە سیاسییەکان و تاوتوێ کردنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بوو.

ناوبراو درێژەی دا: لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستانی عێراق و حزبە کوردستانییەکانی دیکە کۆبوونەوە کرا جەخت لە گرینگایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تورکیا کرا.

ئەندامی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان وتیشی: تورکیا هەموو ڕۆژێک دەستدرێژی بۆ سەر کوردستانی سووریا و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات و شار و گوندەکان بۆردوومان دەکا و خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج.

ئەم سیاسەتوانە کوردە وەبیری هێنایەوە: لەم سەردانەدا لەسەر ئەم بابەتە جەخت کرایەوە کە دەبێت حزبە کوردەکان لەبەرامبەر ڕووداوەکاندا هەڵویستی هاوبەشیان هەبێت.

فەتحوڵڵا حسێنی ئەمەشی ڕاگەیاند کە دەستدرێزیی تورکیا تەنها بۆسەر کوردستانی سووریا نییە و وەبیریشی هێنایەوە: تورکیا هێرشی هەمە لایەنەی بۆسەر هەموو کوردێک دەست پێکردووە و تەنها بە یەکگرتوویی ڕەوتە کوردییەکان بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەستردێژییانە ئیمکانی دەبێت.

ئەندامی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: دەبێت هەموو دەفرایەتییە دیپلۆماسییەکانمان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بخەینە کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکانی تورکیا لە کوردستانی سووریا و هەرێمی کوردستانی عێراق.

ناوبراو وتیشی: چاوپێکەوتنەکان ئەرێنی بوون و ئێمە لە دانیشتنەکاندا ڕامانگەیاند کە دەستمان کراوەیە بۆ هەر هەنگاوێکی دروست کە لە بەرژەوەندیی کوردەکاندایە و ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆ بکەین بە پارتیشەوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەگەر پارتی بە سیاسەتەکانی خۆیدا لەبارەی کورد و کوردستانی سووریا و تورکیا و هەرێمدا نەچێتەوە هەموو کوردەکان زیانیان بەردەکەوێت.

News Code 6048

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha