ڕۆژنامەی تلێگراف: ململانێ سیاسییەکان هەڕەشەیە دژی کۆمەڵگای کوردە ئێزدییەکان
بەشی جیهان- ڕۆژنامەی تلێگراف ئاماژەی بە ململانێی لایەنە جیاجیاکانی هاووڵاتییانی ئێزدیی شەنگال لەسەر هەڵبژاردنی میری نوێی خۆیان دەکات و نووسیویەتی: بەشێکی زۆری ناکۆکیی نێوان هاووڵاتییانی کوردی ئێزدی ململانێی سیاسییە و ئەوەش هەڕەشە دژی ئەو کەمینە ئاینییە.

کوردپرێس:

حازم میرتەحسین بەگ میری ئێزدییەکانی جیهان کە پاش مردنی باوکی بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردراوە ڕەخنەی لەوە گرتووە کە خەڵکانێک هەن بە ناوی پێداگری کردن لە مافی ئێزدییەکان ڕێگایان بۆ دادەنێن و ئەشێ و نەشێیان بۆ دیاری دەکەن.

حازم میرتەحسین بەگ ئاماژەی بەوە کردووە کە چەند گرووپێکی چەکدار لە شەنگال بە بیانووی بەرگری کردن لە مافی کۆمەڵگەی ئێزدی بە ڕۆژنامەی گاردیەنیان گوتووە ئێستا هەست بەوە دەکرێت کە هەر کەسێک بەرگی سەربازی بپۆشێت و چەکێک هەڵبگرێت پێی وایە دەتوانێت لەم کۆمەڵگایەی ئێمە قسەی بۆ کردن هەبێت.

بەڵام ڕۆژنامەی تلێگراف کە دیمانەی لەگەڵ ناوبراو کردووە پێی وایە هەڵبژێردرانی میرتەحسین بەگ وەک میری نوێی ئێزدییەکانی جیهان جێی ناکۆکی و موناقەشەیە چوونکە ژمارەیێک لە سەرکردە ئێزدییەکان هەڵبژێردرانی میرتەحسین بە دیاردەیێکی سیاسی دەزانن.

ڕۆژنامەکە ئاماژە بە کۆمەڵکوژکرانی ئێزدییەکان دەکات کە بە دەستی داعش لە ساڵی 2014 ڕووی دا و پاش کشانەوەی پێشمەرگە پەکەکە هاتە ناوچەکە و لەو بارەیەوە دەنووسێت: ئەو کۆمەڵکوژییە سەرباری ئەوەی بووە هۆی مردنی هەزاران ئێزدی، بوو بە ڕێگاخۆشکەری ململانێ و ناکۆکیی نێوماڵی ئێزدییەکانیش.

تلێگراف ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیێک لە چاودێرانی ئێزدی متمانەیان بە هەڵبژێردرانی میرتەحسین نیە چوونکە ئەو کەسایەتییە سەردەمێک نوێنەری سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ئەوەش لەکاتکێدایە کە پێویست بوو ئەو حیزبە کار و پێداگریی زیاتری بکردایە بۆ ئەوەی شەنگال نەکەوتایەتە دەستی داعش.

ڕەخنەگران دەڵێن هەڵبژێردرانی حازم میرتەحسین بەگ وەک میری نوێی ئێزدییەکانی جیهان بە بێ ڕاوێژی پێویست لەگەڵ سەرکردەکانی عەشیرەت و گەورەپیاوانی ئێزدی ڕووی داوە.

ئەحمەد بورجس بریکاری سەرۆکی ڕێکخراوی یەزدا بە تلێگرافی وتووە: ئێمە هیوامان بەوە بوو کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی میری نوێی ئێزدییەکان پڕۆسەیێکی دیموکراتیکی بێت و هاووڵاتییان بتوانن لەو بارەیەوە قسەی خۆیان بگەیێنن. یەک لە هۆکارەکانی هەڵبژێردرانی میرتەحسین بەگ ئەوە بوو کە پارتی پشتگیریی لێکرد. ئەم بابەتە وەک ئەوەیە کە خاتوونی بەریتانیا لە حیزبی موحافیزەکار یان حزیبی کرێکار بێت.

ژمارەیێک لە ئێزدییەکان ڕەخنە لە پڕۆسەی ئێستای هەڵبژاردنی میری ئێزدییەکان دەگرن. خەلیل جونەیدی نووسەری ئێزدی بە گاردیەنی گوتووە میری ئێزدییەکان پێویستە پێگەی هێمایی و سیمبۆڵیی هەبێت و پێویستە هەڵبژاردنی میری ئێزدییەکان بکەوێتە ئەستۆی دامەزراوەیێکی ڕاوێژکاری لە هەموو جیهان و ئەو بابەتە بە شێوەیێکی دیموکراتیکی ئەنجام بدرێت.

ناوبراو بەشێکی زۆری موسیبەتی ئێزدییەکان لە عێراق بەوەوە دەبەستێت کە لە عێراق ئاسایش و ئارامی نیە و دەڵێت تا ئەو کاتەی ئاشتیی گشتگیر و فراوان لە عێراق جێگیر نەبێت کۆمەڵگای 500 هەزار کەسیی ئێزدییەکان لەو وڵاتە کە یەک لە سەر پێنجیان لە کۆمەڵکوژییەکەی 2014ی شەنگال لە وڵات هەڵاتوون دووفاقی و ڕاجیاوازییەکانیان زیاتر پەرە دەسێنێت.

 

*منصور رحیمی