هێرشی مووشەکیی پەکەکە بۆسەر یەکێک لە بنکەکانی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، چەکدارانی پەکەکە پەلاماری یەکێک لە بنکەکانی پەخشی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی حزبەکەیان داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوەکە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیدا ھاتووە: چەکدارانی پەکەکە لە رێگای مووشەکەوە ھێرشێکی ترسنۆکانەیان کردە سەر بنکەیەکی پەخشی دەزگاکەمان لە (چیای بێخێر) لە نێوان شاری دھۆک و زاخۆ، کە بەھۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی بە باڵەخانە و ئامێرەکانی بنکەکە گەیشت و بووە ھۆی وەستاندنی پەخشی رادیۆی دھۆک و کەناڵی دھۆک تیڤی و رادیۆی زاخۆ و کەناڵی دەلال تیڤی و چەند رادیۆ و کەناڵێکی دیکە کە لە رێگای ئەو بنکەیەوە پەخشی بەرنامە و پڕۆگرامەکانیان بۆ ئەو دەڤەرە دەکەن".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "لە کاتێکدا ئێمە ئەم کردەوە ترسنۆکانەیە بەتوندترین شێوە ریسوا و شەرمەزار دەکەین، رایدەگەیەنین کە بە ئامانجگرتنی بنکەی پەخش و کەناڵە میدیاییەکانی دەزگاکەمان جگە لە ترس و تۆقینی پەکەکە لە دەنگی دلێر و بوێر و راست بێژی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مانایەکی تر ناگەیەنێت".

ھەر لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "ھەوڵی نەزۆکی چەکدارانی پەکەکە بۆ کپ کردنی دەنگی حەقبێژان و دەنگی نەتەوەیی و نیشتمانی میدیاکار و راگەیاندنەکانی پارتی، بۆ پەردە پۆشکردنی کارە نایاسایی و داگیرکارییەکانیانە لە ھەرێمی کوردستان بۆیە ترسنۆکانە پەلاماری یەکێ لە بنکە ھەرە پێشکەوتووەکانی پەخشی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن کە ئەم بنکەیە جگە لە بنکەیەکی پەخشی میدیایی، نیشانەی شارستانی و پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانە و ھیچ بەھانەیەک نییە بۆ بەئامانجگرتنی".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو "ھەروەکوو ئاشکرایە ئەو کردەوە ناڕەوایەشیان نیشانەی داڕمان و شکستی بەرنامە و فیکری بەسەرچووی ئەو تاقمە سەرلێشێواوەیە، کە پەنا بۆ ھەموو کارێکی نامرۆڤانە و نایاسایی دەبەن بۆ گەیشتن بە مەرامە تاوانکاریی و داگیرکارییەکانیان".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "جارێکی دیکە ئەم کردەوەیە ریسوا و مەحکووم دەکەین و داواش لە چەکدارانی پەکەکە دەکەین کە دەست لە ھەرێمی کوردستان ھەڵگرن و چیتر نەبنە ھۆکاری ھەڕەشە و نا سەقامگیریی".

News Code 6054

Your Comment

You are replying to: .
captcha