پارتی لەڕێگەی پاراستنەوە کەوتۆتە بێھیوا کردنی ھاوڵاتیان لە بەشداری کردنی هەڵبژاردن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی جووڵانه‌وه‌ى نەوەی نوێ ئاشکرای ده‌کات، پارتی دیموکراتى کوردستان لەڕێگەی ده‌زگاى پاراستنەوە کەوتۆتە بێھیوا کردنی ھاوڵاتیان لە هەڵبژارنی پەرلەمانیی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ھیمداد شاھین وتەبێژی نەوەی نوێ له‌ په‌یامێکدا له ‌فه‌یسبووکى خۆى نووسیویه‌تى: "دواى ئه‌و په‌یامه‌، ڕاستەوخۆ دەزگای پاراستنی پارتیی ئیعازی داوە بە هەرچی پارتیی ‌و ئەوانەشی لەژێرەوە لەگەڵ دەزگای پاراستندان کە ڕه‌شبینیی بڵاو بکه‌نه‌وه‌ و دژی هەڵبژاردن ‌و هەوڵەکانی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان قسه‌بکه‌ن تا خەڵک هیوایان نەمێنێت ‌و لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا بەشدار نەبن".

ناوبراو ده‌شڵێت: "دەسەڵات ترسی هەیە هاوشێوەی عێراق بەفشاری نەتەوەیەکگرتووەکان، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت ‌و ترسی هه‌یه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی عێراق سەرۆک وەزیرانێک لەدەرەوەی پارتە دەسەڵاتدارەکان دابندرێ، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات لەبەر شڵه‌ژاویی ‌و دۆخی خراپی خۆی سەرلەنوێ کەوتۆته‌ بێهیوا کردنی خەڵک".

وته‌بێژى نه‌وه‌ى نوێ باس له‌وه‌ش ده‌کات، "قسەکردن بە ئاڕاستەی بێهیوا کردنی خەڵک لە هەڵبژاردن، درێژکراوەی هەمان هەڵمەتی پارتی ‌و یەکێتیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن‌ و خزمەت بەهیچ کەس ‌و لایەنێک ناکات پارتی‌ و یەکێتی نەبێت".