داهاتی نەوتی هەرێم گەیشتۆتە 900 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند داهاتی نەوتی هەرێم گەیشتۆتە 900 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دابان محەمەد لەمیانی بەشداریکردنی بە شارپرێس ڕایگەیاند: "لەدوای ساڵى ٢٠١٤ وە هیچ کاتێک بەقەت ئێستا دۆخى دارایی و ئابووری هەرێم بەقەت ئێستا باش نەبووە، دۆخى داهات و داهاتەکانى دیکە بەقەت ئێستا جێگیربوونیان بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام بەداخەوە ئەو گەمارۆیەی لەسەر سلێمانى دانرابوو،گرتنەوەى موچە لە موچەخۆران بە دۆخێکى زۆر خراپدا دەگوزەرێت".

دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنى نەوت دەستدەکەوێت و داهاتى ناوخۆش بەهەموو ئەو حسابانەى کە ئەوان کردویانە زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ٢٠٠ ملیار دیناری بەغدا و ٢٠ ملیار دیناری هاوپەیمانانیش دەچێتە بەردەستى حکوومەت.

سەبارەت بە داهاتى سلێمانیش ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەکرد، داهاتى ناوخۆ لەبانکەکان دەستکارى ناکرێت، بەڵکوو لەسەرچاوەکانی داهاتەوە ئەگەر هەیە دەستکاری بکرێ، بەڵام لێکۆڵینەوە لەو دەستکاریکردن و کەمبوونە دەکرێت روون نەبووەتەوە لە کوێوە کەمی کردوە.

دابان محەمەد دەشڵێت: "رێکەوتنێکی رانەگەیەنراو لەنێوان پارتى و یەکێتى هەیە،کە زەرەرمەندی یەکەم لەو رێکەوتنە سلێمانى و ئابوری و ژێرخانی سلێمانى بووە، بەپێی رێکەوتنەکە لە داهاتی نەوت ٤٣ بە ٥٧ بۆ سلێمانى تەرخان دەکرێت و باقیاتى لە داهاتى ناوخۆ تەواو دەکرێت، بەڵام ئەوەى کە لە داهاتى نەوت ماوەتەوە دیار نییە کە چی لێهاتووە ئایا قەرزی پێدراوەتەوە کەس نازانێت چی لێهاتووە، ئەوەى لە داهاتى مەرزەکان سنوری هەولێرو دهۆک دەمێنێتەوە نازانرێت چی لێدێت، جا ئەمەش بۆ سلێمانیش راستە".