هێرشی تورکیا بۆسەر کوردەکانی سووریا بۆ پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ئۆکراینا دوائەخرێت

بەشی جیهان- دکتۆر فابریێس بالانشە مامۆستای لیۆنی 2 لە فەڕەنسا بە کوردپرێسی ڕاگەیاند سەرەڕای هەڕەشەکانی تورکیا سەبارەت بە هێرشی نوێ لە دژی کوردستانی سووریا، ئەم هێرشە تا پاش کۆتایی هاتنی شەڕی ئۆکراینا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی 2023ی تورکیا ئەنجام نادرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیا هەڕەشەی کردووە کە هاوشێوەی ساڵەکانی 2018 و 2019 ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دیکە لەدژی هێزە کوردەکانی سووریا بە ئامانجی دوورخستنەوەیان لە سنوورەکانی تورکیا و فراوانترکردنی ناوچەی ئەمنی باکووری سووریا بەڕێوەدەبات. هەرچەند کە ژمارەیێک لە بەرپرسانی کورد و ئەمریکی هۆشدارییان داوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بەم زووانە بەڕێوەدەچێت بەڵام فابریێس بالانشە مامۆستای زانکۆ لە لیۆنی فەڕەنسا و شرۆڤەکاری پرسەکانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا دەڵێ ئەنجام دانی ئەم هێرشە تا پاش شەڕی ئۆکراینا و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی تورکیا دوا دەخرێت.

ناوبراو وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردپرێسی لەبارەی داهاتووی کوردەکانی سووریا و لێبواردنیان لە سزاکانی ئەمریکا بۆسەر سوورا؛ داوەتەوە.

کاریگەریی لابردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کوردەکانی سووریا

دکتۆر بالانشە لەبارەی لێبووردنی کوردەکانی سووریا لە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر سووریا بە کوردپرێسی وت: لەوتەی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر سووریا دەستی پێکردووە بابەتی لێبووردنی کوردەکان لەم سزایە باسی لێکراوە. شاندی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە واشنتۆن بۆ لێبووردنی کوردەکان لەم سزایان لۆبی کرد و ئەم کارەش ئەنجامی ئەرێنیی بوو. باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لایەنگری وڵاتانی ڕۆژئاواییە و ئەوەی کە کورد هاوشێوە حکوومەتی ناوەندیی سووریا سزایان بخرێتە سەر کارێکی ئاسایی نییە.

دەنگۆی کشانەوەی ڕووسیا لە سووریا

مامۆستاکەی زانکۆی لیۆن 2ی فەڕەنسا لەبارەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا بڵاو بووەتەوە وتی: ڕاپۆرتەکان لەمبارەوە دژبەیەکن. لە ڕاستیدا ڕووسیا تەنها 5000 چەکداری لە سووریا هەیە و بەڵێنی ئەوەشی نەداوە هێزی زەوینی بۆ سووریا بنێرێت. بوونی ئەم وڵاتە لە سووریا بەهێزی ئاسمانی و تەکنیکی و تۆپخانەیی سنووردار کراوە. شەڕی ئۆکراینا پێوستیی تورکیا بە کشانەوەی ئەم هێزانە لە سووریا زیاد ناکات. ڕەنگە ڕووسیا ژمارەیێک لە فڕۆکەکانی بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی گەڕاندبێتەوە بەڵام هێزەکانی لە سووریا ماون. لەلایەکی دیکەوە ڕووسیا توانای ئەوەی نییە کە پشتگیری هێرشێکی دیکەی حکوومەتی سووریا بکات بۆ پەلاماردانی ئیدلیب چوونکە چەک و مادە تەقەمەنییەکانی بۆ شەڕی ئۆکراینا بەکار دێنێت.

هەڕەشە نوێکانی تورکیا دژی کوردەکانی سووریا

دکتۆر بالانشە لەبارەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە دەستپێکردنی هێرشی نوێ لەدژی کوردستانی سووریا وتی: لەوتەی شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا دەستی پێکردووە، تورکیا زیاتر لە ئەمریکا نزیک بووەتەوە چوونکە ترسی لە ڕووسیا هەیە. تورکیا ڕێگە بە کەشتییەکانی ڕووسیا نادات بەگەرووی بێسفۆردا تێپەڕن و ئاسمانی وڵاتەکەشی بەسەر فڕۆکەکانی ڕووسیادا داخستووە. هاوکاریی نێوان ئەندامانی لوتکەی ئەستانە زۆر کەم بووەتەوە و ئەمەش بە واتای ئەمەیە کە تورکیا هاوشێوەی 2018 و 2019 ناتوانێت بۆ زەبر لێدان لە کوردانی سووریا پشت بە ڕووسیا ببەستێت.

ناوبرا. جەختی لەمەش کردەوە کە تورکیا ئێستاش مکووڕە لەسەر ئەوەی کە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بسڕێتەوە و ناوچەیەکی ئارام بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لەناو خاکی سووریا دروست بکات. بەڵام ئەم ستراتێژیە لەگەڵ ستراتێژیی ئەمریکا بۆ کۆتا کردنی دەستی وڵاتانی دیکە لە سووریا یەکناگرنەوە.

بۆیەش «سەرەڕای هەڕەشەکانی تورکیا سەبارەت بە هێرشی نوێ لە دژی کوردستانی سووریا، ئەم هێرشە تا پاش کۆتایی هاتنی شەڕی ئۆکراینا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی 2023ی تورکیا ئەنجام نادرێت».

ڕێگای دەربازبوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردی لە سووریا

شرۆڤەکارەکەی پرسەکانی سوورا لەبارەی داهاتووی کوردەکان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە کوردپرێسی وت: ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەیانەوێت پشتگیری لە ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا بکەن دەبێت یارمەتی کورد بدەن کە سیاسەتێکی درێژخایەن و تۆکمە کە بەرژەوەندیی کوردی لێدەکەوێتەوە دەست پێبکەن.

گرینگترین تەوەرەکانی ئەم سیاسەتە زۆر ڕوون و ئاشکرایە. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت بە فەرمی ڕایبگەیەنێت کە تا ئەو کاتەی کوردەکان و دیمەشق لەسەر خۆبەڕێوەبەری نەگەنە ڕێککەوتن ناوچەکە چۆڵ ناکات و تەنانەت گەرەنتی بە کوردیش بدات. ئەگەر ئەمە نەکرێت کوردەکان ناچاران بیر لەوە بکەنەوە کە بۆ ڕێگری کردن لە هێرشەکانی تورکیا دەبێت پاڵ بە ئێران و ڕووسیاوە بدەن.

دکتۆر بالانشە ئەمەشی ڕاگەیاند کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا توانای ئەمەش بە کوردەکان دەدات کە پشت لە ڕووسیا بکەن و ئەمەش بە واتای کۆتایی هاتنی مانەوەی ڕووسیا لەو ناوچەکەیانە.

مامۆستای زانکۆی لیۆن هەروەها جەخت لە تۆکمەکردنی وابووریی ناوچەی ژێرکونترۆڵی کوردەکانی سووریا دەکات و دەڵێت: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت هەوڵ بدەن ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا دۆخێکی ئابووریی باشتری لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بێت. خۆبەڕێوەبەریی ناوچەکانی باکووری سووریا پێوستی بە نۆژەنکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەو ناوچانە هەیە.

News Code 6063

Your Comment

You are replying to: .
captcha