ئەردۆغان بە کەڵک وەرگرتن لە جەنگ هزری گشتیی تورکیا بەلاڕێدا دەبات

بەشی سووریا- ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD)  دەڵێت: ئەگەر تورکیا هێرشێکی دیکە بۆسەر کوردەکانی سووریا دەست پێبکات و زلهێزەکان بێدەنگ بن، ئاشکرا دەبێت کە ئەم هێزگەلە هاوبەشی دەست درێژیەکانی تورکیان.

ئەحمەد شێخۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە وەڵامی پرسیاری کوردپرێسدا کە هەڕەشەکانی ئەمدواییەی ئەردۆغان لە دژی کوردستانی سووریا چۆن هەڵدەسەنگێنن، ڕایگەیاند: ئەمە پرسێکی نوێ لە مێژووی دەسەڵاتی تورکیادا نییە. بە درێژایی مێژوو ئەم حکوومەتە و پێش ئەوەش لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێشتر لەوانیش لەوتەی تورکەکان هاتوونەتە ئەم ناوچەیە بەردەوام خەڵکی ناوچەکەیان خستۆتە سەر کاریگەریی هێرش و بەتاڵانبردن.

ناوبراو درێژەی دا لەم سەردەمە نوێیەدا و لە دەستپێکی گۆڕانکارییەکانی کوردستانی سووریا بۆ تەنها یەک ڕۆژیش تورکیا هێرشەکانی بۆسەر خەڵکی ئێمە نەوەستاندووە، بەڵکوو تەنها شێوەی هێرشەکەی گۆڕیوە.

ناوبراو وتیشی: پاش دەستپێکردنی گۆڕانکارییەکان لە سووریا؛ تورکیا لە ڕێگای گرووپە تاوانکارەکانەوە لە زێر ناوی سوپای ئازاد هێرشەکانی خۆی ڕێکخستووە و پاش ئەوەش سیاسەتەکان و هێرشەکانی خۆی لە ڕێگای چەکدارانی داعشەوە درێژە پێدا، بەڵام پاش ئەوەی نەیتوانی لە ڕێگای ئەم گرووپانەوە بگاتە خۆاستەکانی خۆی دەمامکەکەی خۆی لادا و بەشێوەی ڕاستەوخۆ هێرشی دەستپێکرد.

شێخۆ وتیشی کە داگیرکاریی تورکیا لە ئیدلیبەوە تا گرێ سپی لە سێبەری بێدەنگیی زلهێزەکاندا بووە و وەبیری هێنایەوە: تورکیا بە یارمەتی هێزە کاریگەرەکان توانی بێتە ناو خاکی سووریا. ئاشکرایە کە ئەم هێزانە بەبۆنەی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە لەبەرامبەر ئەم پاوانخوازییەوە بێدەنگن و کوشتن و ئاوارەکردنی خەڵکی ناوچەکە نابینن.

ئەم سیاسەتوانە کوردە وەبیری هێنایەوە: تا ئەم کاتەش ئەم سیاسەتە درێژەی هەیە و بێدەنگی زلهێزەکان تورکیای بوێر ردووە تا دەست بە داگیرکاری بدات.

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) ئاماژەی دا بەم بابەتەی کە ئامانجی تورکیا لە هەڕەشەکان بەلاڕێدا بردنی هزری گشتیی توریا لە کێشە ناوخۆییەکانە و زیادی کرد: حکوومەتی تورکیا هەر کات کە کێشە ناوخۆییەکانی فراوان دەبن بۆ دوور خستنەوەی هزری گشتیی خەڵکی تورکیا کەڵک لە جەنگ وەردەگرێت.

ناوبراو وتیشی: کێشەکانی حزبی خاوەن دەسەڵات (AKP) و پارتی نەتەوەخوازی تورک (MHP) زیاتر بووە و ئەم دوو لایەنە توانای چارەسەر کردنی گوشارە ئابوورییەکان و کێشەی سیاسەتی دەرەوە و ناخۆی تورکیایان نەماوە بۆیەش ڕای گشتی بەبیر کردنەوە لەشەڕی باکووری سووریا بەلاڕێدا دەبەن.

شێخۆ ئاماژەشی دا بە شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا و سیاسەتی ئەردۆغان لەوبارەوە و وتی: هاوکات لەگەڵ هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا و بێدەنگیی زلهێزەکان بۆ ئەو دەستدرێزییە تورکیا بابەتەکەی قۆستووەتەوە و بەدوای پاوانخوازیدایە. تورکیا لە ئێستادا لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیاش مامەڵە دەکات و ئێستاش بە کارتی ئەندامێتی سوێد و فینلاند لە ناتۆ یاریەکی دیکەی دەستپێکردووە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە زیادی کرد: تورکیا ئەگەر گڵۆپی سەوزی ڕووسیا و ئەمریکای بۆ ئەم هێرشە بۆ هەڵنەکرێت ناتوانێت دووبارە هێرش بکاتەوە سەر کوردستانی سووریا.

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) وتیشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڕەشەکانی تورکیا بە جیدی دەزانێت و هەموو هێزەکانمان ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسیەکن. هەروەها پێویستە ئەو هێزانەی ئێستا لە سووریا ئاگربەستیان گەرەنتی کردووە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و ڕێگا لە هێرشێکی دیکەی تورکیا دابخەن.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر تورکیا هێرشێکی دیکە بۆسەر کوردەکانی سووریا دەست پێبکات و زلهێزەکان بێدەنگ بن، ئاشکرا دەبێت کە ئەم هێزگەلە هاوبەشی دەست درێژیەکانی تورکیان.

News Code 6067

Your Comment

You are replying to: .
captcha