پارتی و یه‌کێتی لەسەر ئەوەی کە نابێت ماوه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بکرێته‌وه‌ ڕێککەوتن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپـرسی پەیوەندییـەکانی کوردسـتانی و عـێراقی پارتی ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی پارتی و یەکێتیدا جەخت لەوە کرایەوە کە نابێت ماوه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بکرێته‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عـەلی حوسـێن بەرپـرسی پەیوەندییـەکانی کوردسـتانی و عـێراقی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی وت: پرۆسه‌ی سیاسی له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاره‌ چه‌قبه‌ستووییه‌کی پێوه‌ دیاره‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ پارتی سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌کانی کرد له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان کۆ بکاته‌وه‌‌ و ڕایه‌کی هاوبه‌ش دروست بکات.

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: پارتی و یه‌کێتی خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌ و له‌ هه‌رێمی کوردستان هاوپه‌یمانن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا له‌نێوان پارتی و یه‌کێتی لێکترازانێک ڕووی دا.

بەرپـرسی پەیوەندییـەکانی کوردسـتانی و عـێراقی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: له‌ کۆبوونه‌وه‌ی‌ 8ی مانگی رابردووی‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی، مەسعوود بارزانی بڕیاری داوە ده‌رگایه‌ک له‌گه‌ڵ یه‌کێتی بکه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین ئه‌و بارودۆخه‌ چه‌قبه‌ستووییه‌ بشکێنین، دوای ئه‌وه‌ش نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی و ناوچه‌که‌ی‌ کرد و له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ کۆبووه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌یه‌کی کێشه‌کان له‌ ناو هه‌رێمی کوردستان و ئاینده‌ی عێراق.

ناوبراو گوتیشی: ئێستا گرفته‌کان له‌ عێراق زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ ماڵی شیعه‌ بۆ دیاریکردنی سه‌رۆک وه‌زیران نه‌ک گرفتی سه‌رۆککۆمار.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان پارتی و یه‌کێتی جه‌خت کرایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ پێکه‌وه‌ بین بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و هه‌ندێ بابه‌ت بکه‌ینه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی کاره‌کانمان، هه‌روه‌ها پرسی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی کوردستانیش باسی لێوه‌ کرا که‌ نابێت ماوه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بکرێته‌وه‌.

عه‌لی حوسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا که‌ له‌و دانیشتنه‌ی ئه‌مجاره‌ی پارتی و یه‌کێتیدا تێگه‌یشتنی باش له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌بوو.

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی عێراق، عه‌لی حوسێن جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ کورد ده‌بێت ببێته‌ به‌شێک له‌ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌کان له‌ عێراقدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ تا ئێستا هیچ پێشهاته‌کی ئه‌رێنی نییه‌، به‌ڵام پێویسته‌ کورد به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی بپارێزێت.