ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق: لە سلێمانی 4 تیرۆریست دەستگیر کران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق دەستگیرکردنی چوار تیرۆرستی خۆکوژی لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، "بە ھاوکاریی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی شانەیەکی تیرۆریستانی داعش کە پیلانی ئەنجامدانی زنجیرەیەک تەقینەوەیان داڕشتبوو دەستگیرکران".

ئاماژەی بەوەش کردوە، "گرووپەکە لە شەش کەس پێکهاتبوون، چواریان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکران کە بەنیاز بوون کردەوەی خۆکوژی ئەنجام بدەن، دوانی دیکەشیان لە شوێنێکی جیاواز دەستگیرکران کە یەکیان تیرۆرستە خۆکوژەکانی گواستەوەتەوە و ئەوی دیکەش داڵدەی داون".

روونیشی کردوەتەوە، "ئەو تیرۆرستانە وەک لە دانپێدانانەکاندا رایانگەیاندوە، پیلانیان داڕشتبوو لە شەوی 27ی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و لە ژێر ناوی "غەزوەی ڕەمەزان"دا، زنجیرەیەک تەقینەوەی خۆکوژی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی شاری بەغداد ئەنجام بدەن و زۆرترین قوربانی لێبکەوێتەوە".

جەختی لەوەش کردوەتەوە، "هێزەکانمان بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەواڵگرییانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، پیلانە تیرۆریستییەکەیان پووچەڵ کردوەتەوە و بەر لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان، سەرجەم تیرۆریستانیان دەستگیر کردوە کە چواریان لە سلێمانی دەستگیر کراون".

News Code 6139

Your Comment

You are replying to: .
captcha