وڵاتانی عەرەبی دژی داگیرکاریی تورکیا بوەستن/ هێشتا تورکیا بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هێزی زەمینیی نەجووڵاندووە
بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا دەڵێت: تورکیا هەڕەشەیەکی هەمیشەییە و هەر لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە ئەنقەرە بەدوای پاوانخوازی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی عوسمانی بووە و قەد ناهێڵێت حکوومەتێکی دیموکراتیک لە سنوورەکانیدا ببێت.

کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئایا سوپای تورکیا جووڵەی زەمینیی لە سنوورەکانی سووریا دەست پێکردووە، وتی: هیچ جووڵەیەکمان نەبینیوە بەڵام تورکیا هەڕەشەیەکی هەمیشەییە و هەر لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە ئەنقەرە بەدوای پاوانخوازی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی عوسمانی بووە و قەد ناهێڵێت حکوومەتێکی دیموکراتیک لە سنوورەکانیدا دابمەزرێت.

ناوبراو درێژەی دا دەبێت ئەمەیش بڵێم کە هەڕەشەکانی تورکیا لە ئانوساتدایە کە ببنە هێرشێکی دیکە هەر وەک ئەوەی کە باب وترابلوس و مارع و گرێ سپی و سەرێکانی و عەفرینی داگیر کرد، بۆیە ئێمە هەڕەشەکان بە جیدی دەزانین.

ناوبراو زیادی کرد هەڕەشەکانی تورکیا بەشێکن لە پازێلی ئەمنیی ئەنقەرە، بەشێکی دیکەشی بەهێزکردنەوەی داعشە لە گەرمەی ناسەقامگیری و نا ئمنییە کە هەمیشە بەدوای ئەوەدان ئاگرەکەی هەڵگیرسێننەوە.

کەنعۆ ئەوەشی وت کە ئەردۆغان واز لە دەستدرێژی نایەنێت و زیادی کرد: ئەردۆغان هەموو ڕۆژێک باس لە دامەزراندنی ناوچەی ئارام تا قووڵایی ۳۰ کیلۆمەتری خاکی کوردستانی سووریا دەکات. لە کاتێکدا کە شۆناسی ئەم ناوچانە بە تەواوێتی کوردیە و ئامانجی ئەردۆغان گۆڕینی دیموگرافیایی ناوچەکەیە لە بەرژەوەندیی خۆیدا.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا دەشڵێت: مەترسیی داگیرکاریی بەربڵاو هەستی پێدەکرێت، پێویستە هەم لەباری سیاسی و دیپلۆماتیکەوە و هەم لە ڕێگای سەربازیەوە ڕێگری بکرێت لە گێچەڵنانەوەیەکی دیکەی ئەردۆغان.

ناوبراو زیادی کرد ڕۆڵی ناوەندە مافخوازییە نێونەتەوەییەکان لەم بابەتەدا زۆر بەرچاوە و ئێمە هیوادارین کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی دژبە داعش و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا و ڕووسیا وەکوو گەرەنتیکاری ئاگربەست لەمبارەوە هەنگاوی گەورە هەڵبگرن.

ئەم سیاسەتوانە کوردە وەبیری هێنایەوە: ڕۆڵی وڵاتانی عەرەبی لەمبارەوە گرینگە و پێویستە ئەوانیش لەبەرامبەر داگیرکارییەکانی ئەردۆغان بوەستن.