لە عێراق هەوڵێک هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، کورد دەبێت لەگەڵ حکوومەتی تەوافقیدا بێت و لە پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەدا زەرەرمەند دەبێت لە دوورمەودادا و هۆشدار دەدات لەوەی کە خواستێک هەیە لە عێراقەوە هەرێم هەڵبوەشێنرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند: چەندین جار مەترسییەکانی سەر هەرێممان خستوەتەڕوو کە خواستێک هەیە لە عێراقدا هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە و وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەمانە ئەو مەترسیانە دەخاتەڕوو کە هەوڵێکی شۆڤێنی هەیە لەناو پەرلەمانی عێراقەوە بۆ لەناو بردنی هەرێم و نەوەی بەعسییەکان هاتونەتە ناو پەرلەمانی عێراق.

ناوبراو دەشڵێت: عێراق وڵاتێکە دەستێوەردانی دەرەکی تیایدا زۆرە و خۆی ناتوانێت چارەنوسی خۆی بنوسێتەوە، کوردیش دەبێت بێ لایەنی خۆی بپارێزێت و بەپێی دەستور و سیاسەتی تەوافقی مامەڵە بکات، کورد لەعێراقدا کەمینەیە لە حکومەتی زۆرینەدا، ئەگەر ئێستاش قازانج بکات، بەڵام لە دوورمەودادا زەرەمەند دەبێت.

ئەندامەکەى سەرکردایەتى یەکێتى باس لە یەکێک لەو مەترسیانەى سەر عێراق دەکات کە گەڕانەوەى بەعسییەکانن بۆ پڕۆسەى سیاسی و دەڵێت" ئێستا جارێکى دیکە نەوەى بەعسییەکان دووبارە هاتوونەتەوە ناو پەرلەمانى عێراق، پێویستمان بە یاسایەکە کە بەعسییەکان قەدەغە بکات، دەبێت پرۆژەیەکى کوردی و لایەنەکانى دیکەش بێت بۆ ئەوەى بەعسییەکان و سمبولەکانیان قەدەغە بکات".

سەبارەت بە دۆخى ناوخۆی حزبەکەشى بڵێسە جەبار فەرمان وتى: "یەکێتى حزبێکی زیندووە و نەشمان شاردۆتەوە کە هەمیشە کێشەو ئاڵۆزی زۆر بووە، یەکێتى چەترێک بووە هەمیشە بۆچوونى جیاوازی تێدا بووە کە هەر لە دایکبوون و دروست بوونییەوە لەچەندین بۆچوونى جیاواز تیایدا کۆبوونەتەوە، بۆیە ئێمە گەیشتنووینەتە ئەو بڕوایەى دەبێت یەکێتى خۆی نوێ بکاتەوە کە لەگەڵ ئەم سەردەمەى ئێستادا بگونجێت".