بەرهەم ساڵح: دۆخی ئێستای عێراق مایەی نیگەرانیی زۆرینەمانە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆککۆماری عێراق لە رێوڕەسمی خولی 11ـی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی  رایگەیاند، ئەم دۆخەی ئێستای عێراق  کێشمەکێشمی زۆری تێدایە، مایەی نیگەرانیی زۆرینەمانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆبێرت پاڵادینۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و چەندین بەرپرسی دیکە و کەسوکاری خوێندکاران،  رێوڕەسمی خولی 11ـی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

بەرهەم ساڵح لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد، "لێرەدا دەبێت بە سوپاس و رێزی بێپایانەوە باسی رۆڵی مام جەلال بکەین.. پشتیوان هاوکار و هەمیشە بە دەنگمانەوە بوو. کاک نێچیرڤان کە خۆشی لێرە ئامادەیە بەڕاستی لە رۆژی یەکەمەوە هاوکار و پشتیوانم بوو، پشتیوانی بۆردی زانکۆکە بوو کە ئەو ناوەندە ببێتە راستییەکی گەورە."

ئەمڕۆ 260 خوێندکار لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنن کە 148 کوڕ و 112شیان کچن.

لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەدا، "دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەم دۆخەی ئێستا لای خۆمان لە هەرێمی کوردستان بگرە لە عێراقیش ئاستەنگ و کێشمەکێشمی زۆری تێدایە، مایەی نیگەرانیی زۆرینەمانە، بەڵام بە هیمەتی ئێوە، بە هیمەتی خەڵکی خێرخواز و دڵسۆز و پەرۆشی ئەم نیشتمان و کۆمەڵگەیە، دەتوانین بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا سەرکەوین".

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئێستا زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بووەتە ناوەندێکی دیار، بووەتە هێمایەکی گرنگی ژیانی رۆشنبیری و پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوو.

لەبارەی زانکۆکەوە بەرهەم ساڵح زیاتر قسەیکرد و روونیکردەوە: "دەمەوێت ئەوەش دووبارە بکەمەوە ئەو زانکۆیە، زانکۆیەکی گشتییە، زانکۆی کەرتی تایبەت نییە و موڵکی کەس نییە، پشکی کەسی تێدا نییە، داهاتی بۆ کەسیش نییە. تەنیا و تەنیا لە خزمەتی خوێندکارانە، بەپێی یاسای زانکۆکەش وەقفێکی گشتییە بۆ خزمەتی خوێندکاران و بە موڵکێکی گشتی ماوەتەوە بۆ ئەوەی هەمیشە بەو ئاراستەیە کار بکات."