هۆکار و لێکەوتەکەکانی پێکدادانی نێوان پارتی و پەکەکە

بەشی جیهان- ئیرڤین وان وین، توێژەری باڵای پرسە کوردییەکان لە ناوەندی کلینگێنداڵ (Clingendael)ی هۆڵەندا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا جەختی کردەوە کە زۆرینەی پێکدادانەکان لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا بەهۆی گوشارەکانی تورکیا لە سەر پەکەکە ڕوودەدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێرشەکانی یەک ساڵی ڕابردووی تورکیا بۆسەر بنکەکانی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بووە هۆی ئاڵۆزتر بوونی پەیوەندیی نێوان ژمارەیێک لە ڕەوتە کوردییەکانیش. لانی کەم لە سێ مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووبوونەوەی هەر چەند بچووک لەنێوان پەکەکە و پارتیدا لە باکووری کوردستانی عێراق ڕووی داوە. ئەم بابەتەیش نەک هەر نیگەرانیی کوردەکانی لێکەوتۆتەوە بەڵکوو ژمارەیێک لە شرۆڤەکارانی پرسی کورد هۆشداری لە ئەگەری ڕوودانی شەڕی ناوخۆی ڕەوتە کوردییەکان دەدەن هاوشێوەی ئەو شەڕەی لە 90ەکاندا لەنێوان پارتی و یەکێتی ڕووی دا.

ئاژانسی کوردپرێس، بۆ تاوتوێ کردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی گرژییەکان و چەند بابەتێکی دیکە گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئیرڤین وان وین، توێژەری باڵای پرسە کوردییەکان لە ناوەندی کلینگێنداڵ (Clingendael)ی هۆڵەندا ئەنجام داوە. وان وین دەڵێت زیاتر بوونی ململانێی نێوان پارتی و پەکەکە سێ هۆکاری سەرەکیی هەیە کە بریتین لە زیاتر بوونی گوشاری تورکیا بۆ سەر پەکەکە، داخڵ بوونی پەکەکە بۆ شەنگال، بەهێز بوونی هێزە کوردەکانی سووریا ناسراو بە یەپەگە.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ لەگەڵ ئیرڤین وان وین، توێژەری باڵای پرسە کوردییەکان لە ناوەندی کلینگێنداڵ (Clingendael)ی هۆڵەندا:

کوردپرێس: ساڵی 2020 لە باکووری کوردستانی عێراقدا شایەتحاڵی پێکدادانی ناوبەناوی پارتی و پەکەکە بووین. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند هێزە کوردیەکانی سووریا لە دەروازەی فیش خابوورەوە هەڵمەتێکیان بۆ سەر هەرێم ئەنجام داوە. ئایا دەتوانین بڵێین پێکدادانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە کوردیەکانی سووریا ڕەهەندێکی نوێیە لە گرژییەکانی نێوماڵی کورد؟ چۆن دەڕواننە ئەم ڕووداوانە؟

ئیرڤین وان وین: بەڕای من لانیکەم پێکدادانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە سێ هۆکاری سەرەکیی هەیە. هۆکاری یەکەم هێرشەکانی تورکیایە بۆ سەر باکووری عێراق دژ بە پەکەکە. تورکیا دەیان بنکەی سەربازیی لە باکووری عێراق بەرپا کردووە و ناوچەیێکی ئەمنی بۆ سنوورەکانی دامەزراندووە و بەردەوام هێرش دەکاتە سەر بارەگاکانی پەکەکە لەو ناوچەیەدا. واتا ئەنقەرە گوشارەکانی بۆ سەر پەکەکە زیاتر کردووە. واتا ئەگەر ئێمە لەشەنگال پێکدادانی نێوان پەکەکە و پارتی دەبینین هۆکارەکەی ئەوەیە کە پەکەکە دەیهەوێت لەشوێنێکی دوورەدەستتر لە هێرشەکانی تورکیا جێگیر ببێت.

هۆکاری دووهەمی ئەم گرژییانە ئامادەبوونی پەکەکە لە شەنگالە. پەکەکە لە ساڵەکانی 2015 و 2014 بۆ پڕکردنەوەی شوێنی بەتاڵی هێزەکانی پارتی و پاراستنی حەشیمەتی ئێزدییەکان هەمبەر هێرشەکانی داعش -کە هێزەکانی پارتی توانای ئەو کارەیان نەبوو- هاتە شەنگال. ئەو داخڵ بوونە بووە هۆی قورس بوونی شوێنپێی پەکەکە لە شەنگال و بۆ نموونە بە دامەزراندنی هێزەکانی بەرخۆدانی شەنگال کە بەشێکن لە هێزکانی حەشدی شەعبی گەیشتە ئامانجەکەی و چیدی ئەو ناوچەیەی چۆڵ نەکرد.

هۆکاری سێهەمی پێکدادانەکان پەرەسەندنی لەناکاوی هێزەکانی پاراستنی گەل یان یەپەگە بوو لە وڵاتی سووریا. ئەو پەرەسەندنە لەسەرەتادا بەهۆی پێوەندیی باش لەگەڵ حکوومەتی سووریا و پشتگیریی پەکەکە لەو هێزانە بوو چوونکە پەکەکە و یەپەگە پەیوەندیی نزیکیان هەیە. هەروەها بەشداریی هێزەکانی یەپەگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا دژی داعش ئەو گەشەسەندنەی خێراتر کردەوە. هەم فیش خابوور و هەم شەنگال لەبواری لۆجێستیکییەوە گرینگن چوونکە چیای قەندیل و سووریا پێکەوە گرێ دەدەن.

لەبارێکی دیکەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی بوونی هەرچی زیاتری پەکەکە لە قەڵەمڕەوی خۆیدا بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی هەوڵی تورکیا و یەپەگە بۆ زیاتر کردنی کونترۆڵەکانیان لە باکووری عێراق و سووریا. قبووڵ کردنی پەکەکە لەلایەن پارتییەوە تا ئەو کاتەی تەنها لە قەندیلدا بوون ئاسایی بوو، بەڵام بوونی پەکەکە لە دهۆک و شەنگال و شوێنەکانی تر کێشەی ناوەتەوە.

کوردپرێس: ژمارەیێک لە شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە تورکیا هۆکاری پێکدادانی نێوان هێزەکانی پارتی و هێزەکانی پەکەکە/یەپەگە-یە لە هەرێمی کوردستان. ئەوان بڕوایان وایە تەنها هێزەکانی پارتی بەشداری لەو پێکدادانەدا دەکەن نەک هێزی پێشمەرگەی هەرێم بە گشتی، ئێوە ئەم بابەتە چۆن دەبینن؟

ئیرڤین وان وین: هەروەها کە پێشتر ئاماژەم پێدا بەشێک لە هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر ئامادەبوونی پەکەکە لەناوچەکانی ژێر کورنترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و هێرش کردنی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچەیە. لە دوایەمین شیکاریماندا لەبارەی میلیتاریزە بوون و بەناوچەیی بوونی ستراتێژییەکانی تورکیا دژ بە کوردەکان لە سەرانسەری عێراق، سووریا و تورکیا ئێمە وای بۆ دەچین کە ئەو وڵاتە زیاتر لە 20 بنکەی سەربازی لە قووڵاییی 15 بۆ 20 کیلۆمەتریی خاکی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت و بەشێوەی بەردەوام هێرشە ئاسمانییەکان لە ناوچەکانی مەخموور و شەنگال ئەنجام داوە. بەواتایێکی دیکە گوشار بۆ سەر پەکەکە زۆرە.

دەبێت ئەوەشمان لە بیر بێت کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ڕووی ئابوورییەوە و بەتایبەت لە بواری فرۆشتنی نەوتی خاودا پێویستی بە تورکیایە و ناتوانێت ئەو وڵاتە لەخۆی دوور بخاتەوە. سەرکردەکانی ئەم حزبەیش لە تورکیا نزیکتر بوونەتەوە. من ناڵێم ئەم حزبە بۆ دوور خستنەوەی پەکەکە فەرمان لە تورکیاوە وەردەگرێت بەڵام بێ گومان گوشاری دەخرێتە سەر.

کوردپرێس: هۆکاری بێدەنگیی حکوومەتی ناوەندیی عێراق هەمبەر هێرشەکانی تورکیا دژ بە پەکەکە یان پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و پارتی؛ چییە؟

ئیرڤین وان وین: بەڕای من، عێراق جودا لە وتە ناڕوونەکانی لەبارەی دۆستایەتی هەمووان. سیاسەتێکی ڕاستەقینەی هەمبەر زۆرینەی دراوسێکانی خۆی نییە. ئەم پرسە ئێران، ئۆردۆن، کوەیت و هەروەها تورکیاش دەگرێتەوە. بەهۆی تەنگژەی ناوخۆیی فراوانەوە لە عێراق وەکوو کۆرۆنا، قەیرانی دارایی، خۆپیشاندانەکان، نرخی نەوت و هەروەها پەخش و پەڵاوی، بەرژەوەندییە جیاواز و ڕکابەری لە تایبەتمەندییەکانی ئەو وڵاتەیە. ئەم ڕێدۆزەیشیان هۆی سەرسوڕمان نییە.

جگە لەمانەش، بەغدا لەوەی کە مۆڵەت بدات هەرێمی کوردستان خۆی کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات خۆشحاڵە و تەنها ناوەناوە بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا دەکات. هەروەها وابەستەیی بازرگانی و ئابووری هەیە کە هیچ لایەنێک نایەوێت بیخاتە مەترسیەوە. هەروەها دەبێت لەیاد نەکرێت کە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە دوورە دەستەکان و کەم حەشیمەتەکان ڕوودەدات. بەڵام ئێستا کە ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر شەنگال کراوە مومکینە دۆخەکە لەو ناوچەیەدا جیاواز بێت و بۆیە دەبێت چاوەڕوان بین.

کوردپرێس: جۆ بایدەن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا ڕەخنەی لە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا گرتووە بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ کوردەکان. ژمارەیێک لە سەرکردەکانی کورد لە عێراق، سووریا و تورکیا پێشوازییان لەسەرکەوتنی بایدەن کردووە. جۆ بایدەن چ کارێک دەتوانێت بۆ کوردەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتانە بکات؟

ئیرڤین وان وین: بەڕای من بەشداری پێکردنی پەپەگە و پەیەدە لە پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیردا لە بارکووری هەنگاوێکی گرینگ دەبێت چوونکە ناوچەیێکی یەکگرتوو و پایەدار پێکدێنێت کە لەوێدا هەم کوردانی سووریا و هەم دیکەی پێکهاتە حەشیمەتییەکانی سووریا لە ئاشتیدا ژیان بەسەر بەرن و خاوەنی خۆبەڕێوەبەری بن. بەڵام پێکهێنانی پێکهاتەیێکی گشتگیرتر و بەشدار کردنی دیکەی گرووپەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێویستی بە کشانەوەی پەکەکە لە ناوچەکەدا هەیە ئەگینا، گرووپە کوردییەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، تائیفە عەرەبەکان و حزبی دیموکراتی کوردستان بەشداریی تێدا ناکەن و تورکیاش بەردەوام وەکوو هەڕەشەیێکی سەربازی بۆ سەر ئەم ناوچەیە دەمێنێتەوە. کێشەی پەکەکە ئەمەیە کە بە ئاوڕدانەوە لە گوشارەکانی تورکیا بۆسەر قەندیل و دژایەتیی پارتی هەمبەر ئامادەبوونی زیاتری پەکەکە لە قەڵەمڕەوەکەیدا، شوێنێکی دیکەی بۆ ڕۆیشتن نییە. بۆیەش پەکەکە هۆکارێک بۆ چۆڵ کردنی ئەو ناوچەیە نابینێت.

لێرەدایە کە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و پارتی دیمورکاتی کوردستانی عێراق ڕەنگە دەبێت پێکهاتەیێک لە گوشار و نەرمی نواندن نیشان بدەن. بۆ نموونە، بیرۆکەیێک ئەمەیە کە پەکەکە ئامادەبوونێکی سنووردارێکی ببێت ئەوەش لە قاڵبی حزبێکی نوێدا بەشێوەیێک کە حربی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا و هێزەکانی پاراستنی گەل بەروە سووریایی بوونی زیاتر بڕۆن. ڕەنگە بگەنە مۆدێلێک لە دەسەڵاتدارێتی ئەنجومەنی. و ئەگەر خۆبەڕێوەبەریەکەی باکووری سووریا ڕەنگاوڕەنگیێکی زیاتری ببێت و ڕۆڵێکی بەرچاوتر بدرێتە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و دیتران، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و پەکەکە-یش دەتوانن لەسەر دروست کردنی دۆخێکی نوێ لە بەشە ڕۆژئاواییەکانی هەرێمی کوردستان دانوستان بکەن. ئەمریکا و یەکێتیی ئەرووپایش دەتوانن بۆ بەرچاوتر کردنی ئەو پێشنیارە هانیان بدەن. بۆ نموونە ئەوان دەتوانن گەرەنتیی ئەمنییان بۆ دابین بکەن و یان سندووقی گەشەسەندنی متمانە لە باکووری سووریا یا ناوچە سنوورییەکان دابمەزرێنن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 618

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha