بۆ بەرگری کردن لە خاکەکەمان لە ئامادەباشیی تەواوداین
بەشی سووریا- ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان؛ دەڵێت: پێویستە ئێران بەهۆی نزیک بوونیەوە لە ناوچەی تەلڕەفعەت و ناوچە شیعەنشینەکانی «نبل» و «الزهرا» کاردانەوەی هەبێت لەبارەی هەرچەشنە داگیرکاری و دەستدرێژیی سەربازیی تورکیا.

فەتحۆڵڵا حسێنی، ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە ئایا هێرشی تورکیا نزیکە یان نا و ئیدارەی خۆسەر چ سیاسەتێکی لەمبارەوە دەبێت؛ وتی: هەڕەشەکانی تورکیا جیددین و هەموو ڕۆژێک ناوچە سنوورییەکان بۆردوومان دەکرێن. تورکیا پێبەندی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا نییە.

ناوبراو درێژیە دا هێرشە نوێکانی تورکیا لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە لە سووریا ڕۆڵ دەگێڕن قبووڵکراو نییە. ئەمجارەیان تورکیا بەنیازە هێرش بکاتە سەر تەلڕەفعەت و ئەم ناوچانە بەهۆی نزیک بوونیانەوە لە ناوچە شیعەنشینەکانی «نبل» و «الزهرا» و ئەو ناوچانەی ئێرانی لێیە؛ ئەم ئەگەرە لە ئارادایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ئەم هێرشەوە لەگەڵ ئەنقەرە نەبێت و ڕووسیاش تا ئەم کاتە دژایەتیی خۆی لەبارەی هێرشی تورکیاوە نیشان نەداوە.

فەتحۆڵڵا حسێنی وتیشی: تورکیا بەتەمای داگیر کردنی هەموو ناوچەکانی کوردستانی سووریایە. سیاسەتی تورکیا ئەمەیە کە ناوچە کوردنشینەکان و باکووری سووریا لەو وڵاتە داببڕێت و سیاسەتی پاوانخوازیی خۆی لەم ناوچانە بە ئەنجام بگەیەنێت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئەردۆغان نزیکی هەڵبژاردنەکان بوەتەوە و دەیهەوێت لە سەرقاڵبوونی جیهان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا کەڵک وەربگرێت و داگیرکاریی خۆی درێژە پێبدات بەڵام هێزەکانی ئێمە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ وەڵامدارنەوەی هەر هێرشێک و داوایش لە کۆمەڵگای جیهانی دەکەین کە تورکیا ڕابگرن.