کوژانی دوو سەربازی تورکیا لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەوە ڕاگەیێندرا
بەشی تورکیا- وەزراەتی بەرگریی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە کە دوو سەربازی وڵاتەکەیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوژراون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، کوژرانی دوو سەربازی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ راگەیاند بە ناوەکانی عومەر یڵدرم و محەممەد عەلی چاپ  هەروەها ڕاشیگەیاند دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.

هەرلەمبارەوە ناوەندی راگەیاندنی هەپەگەش بڵاویکردەوە کە لە ناوچەی دۆڵا شیڤێ لە زاپ شەڕ لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزەکانی سوپای تورکیا روویدا، کە دەیانویست لەو ناوچەیەدا پێشڕەوی بکەن.

دەشڵێت: لە ئەنجامی شەڕەکەدا سێ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و سەربازێکیش بریندار بووە.

ناوەڕاستی مانگی نیسانى ئەمساڵ سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەژیری ناوی چنگ - قوفڵ لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمى کوردستان دەستپێکرد کە تائێستاش بەردەوامە.