گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ کوردستانی سووریا بیانووی تورکیا دەبڕێت

بەشی سووریا- بەرپرسی لقی دانمارکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) بە کوردپرێسی وتووە: من لەو قەناعەتەدام کە بەگشتی دۆخەکە جێی متمانە نیە و کوردەکان لاوازترین ئەڵقەی قەیرانی سووریان و هەموو کاتێک ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە وڵاتانی شوێندانەری قەیرانی سووریا، کورد پەراوێز بخەن.

کوردپرێس:

یۆسف سولەیمان بەرپرسی لقی دانمارکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دوورنواڕی ڕووداوەکانی عەین عیسا و ڕووداوی پشتی پەردەی ڕێککەوتنی تورکیا و ڕووسیا کردووە و دەڵێت: بە قەناعەتی من تورکەکان و ڕووسەکان دەتوانن بە ئاسانی و بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان بگەنە ڕێککەوتن. واتا ئەو دوو وڵاتە ڕێککەوتنیان لە سەر حیساباتی هاووڵاتییانی سووریا و دەوڵەتی سووریا و بەگشتی لە سەر حیسابی هاووڵاتییانی کورد جێبەجێ دەکەن و خۆیان لە هیچ نابوێرن.

یۆسف سولەیمان گوتیشی: بەوەشەوە من پێم وایە کە تورکەکان و ڕووسەکان ئەم جارە ناتوانن بە بێ پەسەندی ئەمریکا یان بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بێنە عەین عیسا.

ناوبراو زیادی کرد: لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکاشەوە پێویستە بڵێم پاش هاتنی بایدەن و ئیدارەی نوێی ئەمریکا، سیاسەتی ئەو وڵاتە بەرامبەر دۆسیەی سووریا بە گشتی و لەگەڵ مەسەلەی کورد بە تایبەتی، سیاسەتێکی جیاواز دەبێت و ئیدارەی بایدەن لە موقیفەکانی خۆیدا بەرامبەر بە تورکیا هەڵوێستی ڕژدانەتر و بەبڕشتتر دەگرێتە بەر.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئیدارەی نوێ هێشتاکەش کاری خۆی دەست پێنەکردووە و کاروبارەکە ئێستا بە ئیدارەی پێشووتر جێبەجێ دەکرێت هەر بۆیەش تورکەکان و ڕووسەکان ڕکابەریی کات دەکەن بۆ ئەوەی بە داگیرکردنی عەین عیسا پێگەی خۆیان بۆ دانووستانی نوێ لەگەڵ ئەمریکا بەهێزتر بکەن.

بەرپرسی لقی دانمارکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەمریکییەکان لە دۆخی ئێستای کوردستانی سووریا کرد و گوتی: سەرباری هەموو داتا ئیجابییەکان بۆ کوردستانی سووریا، بێهیوابوون لە ئەمریکاش هەیە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکییەکان لە شەڕی عەفرین و هەروەها سەرێکانی و گرێسپیدا هیچ یارمەتیی کوردیان نەدا و لە بەرامبەر هێرشی سوپای تورکیا و بەکرێگیراوانی ئەو وڵاتە پشتیان لە کورد کرد و ئەو تیرۆریستانە بە ناوی "سوپای نیشتمانییەوە" کار بەو ئاراستەیە دەکەن کە دیموگرافیای ناوچە کوردنیشنەکانی سووریا بگۆڕن.

ناوبراو گوتیشی: من لەو قەناعەتەدام کە بە گشتی دۆخێکی متمانەبەخش بوونی نیە و کوردەکان لاوازترین ئەڵقەی قەیرانی سووریان و هەموو کات مەترسیی ئەوە لە ئارادایە کە لایەنە شوێندانەرەکانی قەیرانی سووریا کوردەکان پەراوێز بخەن.

یۆسف سولەیمان ئاماژەی بە دانوستانی کوردی-کوردیی لایەنە کوردستانییەکانی سووریاش کرد و گوتی: لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە دەستەبەرکرنی ڕێککەوتنی نێوان لایەنە کوردییەکان لە دانوستانی کوردستانی سووریا زۆر گرینگە و پێویستە (ENKS و PYNK) بە زووترین کات ئیدارەیێکی نوێ پێکبهێنن و بە هاتنی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ کوردستانی سووریا ڕێگای بیانوو و پاساو بۆ تورکیا و شەڕی دژبە تیرۆر لە دەرەوەی سنوورەکان ببڕن. ئەوەش وێڕای ئەوەی هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی لایەنی کوردییەوە شەفاف دەکات دەبێتە زەمینەخۆشکەر بۆ پشتگیریی کاراتر و زیاتری ئەمریکا لە کورد.

News Code 619

Your Comment

You are replying to: .
captcha